زووتر لەخەو هەستە و بەئاگایت بەهێزترکە!

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

٢٠/١١/٢٠١٣

هەر لە سەردەمی کۆنەوە مرۆڤەکان بەیانیان زوو لەخەوهەستاون و درکیان بەوە کردووە کە زوو لەخەوهەستان تەندروستی و خەیر و هۆشیاریان پێدەبەخشێ. لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە زوو لەخەوهەستان ئەوە بگەیەنێت کە مرۆڤەکە بتوانێ کاتێکی زۆرتری هەبێ بۆ کارکردن و پلاندانی لە ڕۆژەکەیدا، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە مرۆڤ کاتێکی هەبێ لە گەڵ خودی خۆیدا بۆ ئەوەی کە هیچ شتێك نەکات. لەو کاتە زووەی بەیانیدا تەنها هەست ( بە ئارامی،سەربەستی، وەستانی هەموو شتەکان، تاریکی، بێدەنگی، تەنهایی و بەئاگابوونی خۆی) بکات، بۆیە لەو کاتەدا نوێژکردن و زکرکردن و مێدیتاشون زۆر گونجاوو لەبارە.

زوو لە خەوهەستانی بەیانیان زۆر مانابەخش ئەبێت تەنانەت ئەگەر تۆ بەتەنهاش سەرنج لە تاریکی بدەیت، لەبەر ئەوەی ئەوە وەك کاتژمێری بائاگابوونەوەیە کە بەئاگابوونت دەکاتەوە. بەڵام بەپێی زۆربەی زانایانی بواری بائاگایی ئەوان پێیان وایە بەیانیان زوو پێش خۆر هەڵاتن باشترین کاتە بۆ مێدیتاشون کردن. کردنی مێدیتاشون پێش خۆرهەڵاتن کاتێکە کە هێشتا مرۆڤەکان دونیای ئارامیان سترێس نەکردووە و دەنگەدەنگ و کارکردن دەستی پێنەکردووە و کەمترین کەس بەخەبەرە.

یەکێك لە سودە باشەکانی زوو لەخەو هەستان ئەوەیە کە دیسپلین و ڕێکخستن و بەرگریەکی باش بۆ هەستەکانت و بیرکردنەوە تێکەڵەکانت دادەنێیت. بەردەوامبوونت لەسەر ئەم ڕێچکەیە وات لێدەکات کە تۆ زیاتر پەیوەست ببیت بەو بڕیارەی کەداوتە کە دەبێ بەیانیان زووتر لەخەو هەستی بۆ ئەوەی پێش خۆر هەڵاتن تۆ خۆت بیت، تۆ بەئاگابوونت تەواو بەخەبەرکەیتەوە، هەتا تەواوی ڕۆژەکەت لە ژێر بەئاگابوونی خۆتا بێت.

لە ڕاستیدا ئەگەر بتوانین شەوانە کەمێ زووتر بخەوین بۆ ئەوەی بەیانیان نیوو کاتژمێر زووتر لە خەو هەستین دەتوانین لەگەڵ بەئاگایماندا کاربکەین. ئەگەر نا ئەوا دەتوانین ١٠ خولەك پێش خۆرهەڵهاتن لەخەوهەستین. بەتەنها ١٠ خولەك قوربانیدان لە خەوت، دەبێتە هۆی دۆزینەوەی زۆریك لە سەرچاوەکانت، دەبێتە هۆی باشتر خۆ ناسینت، خوا ناسین، ئارامگرتن، بیر ڕوونی، هەستەکانت هارمۆنیتر دەبن. ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە مێشك زۆر زیرەکە لە قایلکردن و هۆکار دۆزینەوە بۆ شتەکان، بۆیە لەوانەیە کە تۆ بتەوێ بەیانیەك زووتر لەخەو هەستی مێشکت پێت بڵێ کە هیچ هۆکارێکی گرنگ نیە کە تۆ لەو خەوە شیرینە هەڵسێنێ، بۆیە بخەوەو سبەینێ دەست پێبکە. لەبەر ئەوەیە کە باشترە تۆ شەو کە دەتەوێ بخەوێ خۆت بڕیاری خۆتت دابێ کە تۆ سبەینێ بەیانی زووتر هەڵدەستی، جا بتەوێ یان نا تۆ هەڵدەستی. ئەمەیە دیسپلین و بڕیار و بەهیزبوونی دەروونی.

تۆ هەمیشە دەتوانی کاتی لەخەو هەستانت بەکاتێکی گرنگ ببینی لە ژیانتا، بۆ ئەو ڕۆژەی تۆی تیایە و چۆن دەست پێدەکات ئییتر ڕۆژەکە هەرچۆنێك ببینی. پێش ئەوەی کە لەشت بکەوێتە جوڵە هەست بکە کە تۆ هەناسەت لە کاردایە. هەست بە جەستەت بکە لەناو جێگاکەدا. کەمێك خۆت ڕاکێشە و پرسیار بکە لەخۆت: ئایا من بەخەبەرم ئێستا؟ ئایا من ئەوە دەزانم کە ئەمڕۆش خودا بەخشیشێکی تری پێدام؟ ئەمڕۆ چی ڕوو دەدات؟ من ئێستا ئاگادار نیم لەوەی چی روودەدات بەڵام بیری لێدەکەمەوە کە ئەبێ چی بکەم، ئەی ئەتوانم کە کراوەبم بۆ ئەو شتانەی کە نایانزانم؟ ئەتوانم ئەم ڕۆژە وەك گەشتێکی پڕ لە بەسەرهاتی باش ببینم؟ ئەتوانم ئەم کاتەم پڕکەم لە هەموو ئەگەریکی باش؟

کە بەیانی دادێت و ئەوەندەی خۆمان بە تەواو بەخەبەر دەزانین، پێویستە ئەو ڕۆژە بەڕاستی وەربگرین بۆ خۆمان. لەو جاوتروکاندنەدا کە تۆ بەخەبەر دەبیتەوە، پێش ئەوەی لە جێگاکەت بێیتە دەرەوە دەتوانی هەست بە هاناسەدانت بکەیت، هەست بەو جوڵەو ترپە جیاوازانەی جەستەت بکە، هەست وبیرکردنەوە سەرەکیەکانت دیاری بکە، ماوە بدە بەخۆت کە بەئاگابوونت تەواو تۆ پڕبکاتەوە لە چاوتروکاندنەدا. هەست بە هەناسەدانت ئەکەیت؟ هەست دەکەیت بەو چاوەڕوانیەی کە لە نێوان هەناسە دانەدەرەوەو هەناسە هەلمژینتا هەیە؟ هەست بەو سوکیە دەکیت لە هەناسەتدا هەیە؟ پرسیار لەخۆت بکە: ئایا من بەخەبەرم ئیستا؟

سەرکەوتوبن

 www.warzshidaruni.com

گەڕانەوە