خۆت بناسە

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

١٩/١/٢٠١٣

ئێمە زۆرجار ئەبیستین یان ئەبینین کە کەسێك هەستێکی ناخۆش ژیانی لێ بێزار کردووە، کە ئەویش هەست کردنە بەوەی کە ئەو وەك کەسێك لەناو خەڵك و دەوروبەریدا نادیارەو کەس نایناسێ. بەهۆی ئەو هەستەیەوە خۆی دوورە پەرێز ئەگرێت لەهەموو تێکەڵاوبوونێك.

ئەم جۆرە کەسانە بەو کەموو کوڕیەی لە هەستەکانیاندا هەیە دەیانەوێ بەشێوەیەك دەرکەون هەتا ئەو هەستەیان وون ببێت. بۆیە زۆرجار هەوڵ ئەدەن کە کارێك بکەن وەك کەسانیتر دەرکەون و گرنگبن و سەرنجی خەڵك بۆ خۆیان ڕاکێشن. ئەبینی کە ڕۆژێك کتوپڕ یەکێك لەو کەسانە لەناو کۆمەڵێکدا قسە دەکات و هەمووی گوێی لێدەگرن بەسەرنجدانەوەو تەنانەت هەموو چاوەکان تەنها سەیری ئەو دەکەن و هەموو گوێچکەکان گوێی لێدەگرن. کەسەکە دڵی زۆر خۆش ئەبێت هەست دەکات کە ئەو بەم شێوەی دەوێت. ڕۆژێك دواتر دیسانەوە هەستێکی ناخۆش لەلای کەسە دروست ئەبێتەوە کە ئەو دڵخۆشی و سەرکەوتنە کەم خایەن بوو، هەروەك بڵێی ئازارێکی بەردەوامی لەگەڵدا بێت بەڵام دەرمانێکی ئازارشکێنی خواردبێ بۆکاتێکی کەم. کەسەکە دیسانەوە دەکەوێتە خۆی و بەدوای کارێك یان سەرکەوتنێکیتردا دەگەڕێ. ئیتر بەدەستکەوتنی مەدالیایەك بێت، دیپلۆمێك، یان هەرشتێك کە کت و پڕ ئەو دەرکەوێتەوەو ببێتەوە بەو کەسەی ئەو ئەیەوێت.

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ئەوەیە کە هەرچەندە ئەو کەسانە لەو هەوڵانەدابن و بەو شێوەیە خۆیان بناسن و هەستەکانیان بۆخۆیان خۆشتر بکەن بەڵام شتێك لە ناخیاندا هەر ماوە، ئەویش ئەوبیرکردنەوەیانە لەو هەستە ناخۆشانەی کە هەیان بووە کاتێك ئەوان هەستیان بە کەمی و نادیاری کردووە. بۆیە تەنها سەرکەوتنێك بەس نیە، ئەگەرچی لەهەولی ڕەنگکردنیا بێت بۆ خۆی، لەبەر ئەوەی لە ناخەوە هەست ئەکات کە ئەو هەر ئەو کەسەیە کە دیسانەوە وون ئەبێتەوەو کەس نایناسێ.

کەوابوو ئەوەی لەو کەسانەدا کەمە بریتیە لە (خۆ ناسین). بەڵێ خۆت بناسە. ئەمە ڕێنماییەکەی کورتە، بەڵام پێویستی بە کارکردنە. کاتێك کە زانیت تۆ کێیت ئەوکاتە ئەتوانی بەشێوەیەکی زۆر باشتر دەسەڵاتت هەبێ بەسەر دواڕۆژتا کە لەسەر بنەمایەکی واقیعی دروستت کردبێ، نەك تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی تینی بدەیتێ کە لەویدا تەنها مەبەستت پڕکردنەوەی بۆشاییەك بێت کە هەرگیز ناشتوانی پڕی بکەیتەوە.

زۆرجار دەبینین یان خۆمان هەستی پێدەکەین کە لەکاتێکدا دەچینە ناو هۆڵێك بۆ گوێگرتن لە سیمیناریك، کۆڕێك، یان کۆبوونەوەیەك، زۆر زەحمەتە کە سود وەربگریت لە دانیشتنی ڕیزی پێشەوە ئەگەر خۆت وەك کەسێکی شایەن بەڕیزی دواترەوە بزانیت. بەڵام ئەگەر تۆ بە ویستی خۆت لەدواوە دانیشی و خۆت بناسی و لە ناخەوە بزانی شایەنی پێشەوەیشی ئەوکاتە تۆ هەستی ناخۆشت نابێ و هیچ گرنگیەکیشی پێ نادەیت.

کاتێك کە سەیری وێنەیەکی کۆنی خۆت ئەکەیت کە ڕەش و سپیە و لەوێدا لەوانەیە شکڵی خۆتت زۆر بەلاتەوە جوان نەبێ، تۆ توڕە نابی لە ڕابردوت. بەڵام ئەگەر ئیستا وێنەیەکی ڕەنگاو ڕەنگت گرت و پێت جوان نەبوو، هەر تووڕە ئەبی؟ ئەمەیە خۆ ناسین.

هەموو ئەو کاتانەی تۆ تیایدا ژیاویت ئێستا بۆ هەستەکانت بەکار دێن، ئەگەر تۆ خۆت باشتر بناسی. ئەو کاتانەی کە تۆ هەستت بە نادیاری و بێ ڕۆڵ کردووە لە لایەن دەوروبەرتەوە، تەنها ناڕەحەتی بۆت نەهێناوە بەڵکو ئێستا دەتوانێ ببێتە هێزێکی باشیش بۆت. ئەو تۆ ئەکاتە ئەو کەسەی کە تۆ ئەتەوێ.

بۆ ئەوەی زیاتر بیر لە داهاتوو بکەینەوەو کەمتر وزە بدەین بە بیرکردنەوە لە ڕابردوو، هەندێ تەکنیکی ڕاهێنانە دەروونیەکان بەکار بهێنەو دەروونت بەهێزکە هاتا باشتر خۆت بناسی.

www.warzshidaruni.com

سەرکەوتوبن

گەڕانەوە