وتەی باش کەسایەتیت خۆشەویست ئەکات

٢٠١١/١٢/٢١

چۆپی مەجید

ئەگەر چی تاڕادەیەك چۆنیەتی کەسایەتی مرۆڤ ئەگەڕێتەوە بۆ سەر ویست و هەڵبژاردنی خودی کەسەکە خۆی، هەر بۆیە هەندێ خاسیەت هەیە لە مرۆڤدا خۆی دەسەڵاتی تەواوی هەیە بەسەریدا وەك ( دڵ ڕەقی یان میهرەبانی، کەمدوویی یان زۆر ووتن، وتە ڕەق یان وتە شیرین، لووت بەرز یان ئاسایی....) وە چەندەها خاسیەتی تری لەم جۆرانە کە ئەبێتە هۆی دیاری کردنی کەسایەتیمان کە ئایا ئێمە کەسێکی باش و میهرەبانین یان بە پێچەوانەوە کەسێکی خراپ و دڵ ڕەقین.

دڵنیام هەموو تاکێکی ڕۆشنبیرو لە خودا ترس ویستی لەسەر ئەوەیە کە ببێتە تاکێکی سود بەخش و دڵسۆز، وە هاوکاریکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا بە ئەرکێکی سەرشانی خۆی دەزانێت. ئەم ویست و ئارەزووە وا دەکات هەمیشە هەوڵی کاری چاکە بدات وخۆشی ببەخشێت بەو دەوروبەرەی کە تێیدا دەژی. بەمەش هەم خۆی هەست بەئاسودەیی دەروونی و خۆشحاڵی دەکات وە هەم لای کەسانی چواردەوری بە کەسێکی باش وخۆشەویست دەناسرێت. لە مانەش گرنگتر ئەوەیە کە خودای گەورە فەرمانمان پێدەکات بۆ کردنی کاری چاکە، وە هەر هەوڵدانێك بۆ کرنی کارێکی چاکەو چارەسەرکردنی کێشەی گەنجێك، خێزانێك، دوو هاوسەر، منداڵێك......تاد هەوڵدانە بۆ ڕازی کردنی خودای گەورە، هەروەها دڵسۆزیە بۆمرۆڤایەتی ویارمەتی کۆمەڵگا ئەدات بەرەو کۆمەڵگایەکی ئارام و دەروون دروست و پێشکەوتوو.

ئەگەر ڕۆژانە بڕوانینە کەسەکانی چواردەورمان ئەبینین کە زۆربەیان سەرقاڵی کێشەکانیانن ولەناو گێژاوی بیرکردنەوەکانیان نقوم بوون وە هەموو تواناکانیان لاواز کردووەو تەنها تەرکیزیان لەسەر کێشەکانە. بەڵام ئەگەر ئەو کەسانە بێ کێشەبن و تواناو بیرکردنەوەکانیان لە کارێکدا بەکاربهێنن کە کۆمەڵگا بەرەو پێشکەوتن بەرێت لەهەر بوارێکدا کە خزمەتی مرۆڤایەتی و ڕێگاگانی مرۆڤ ناسی و خودا ناسی بکات بێگومان کۆمەڵگایەکی لەش ساغ و دەروون دروست پێکدێت.

بۆئەوەی ئاسانکاری بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان بەشێوەیەکی دروستتر، زۆر گرنگە کە ڕۆژانە خۆمان خاوو بکەینەوە و بەکەسایەتی خۆماندا بچینەوە هەتا بزانین کەسایەتیمان بەهۆی ئەو فشارە دەروونیانەی کە ڕۆژانە رووبەڕوومان ئەبێتەوە چ جۆرە گۆڕانکاریەکی بەسەردا هاتووە. ئێمە بەهۆی چوونە ناو بیرکردنەوەکانمان لە بارێکدا کە تەواو خاوبووبینەوە و کردنی ڕاهێنانی دەروونی ڕێگا زیاتر خۆش ئەکەین بۆ ئەوەی ئاستی میهرەبانی، سۆزداری، هەست کردن بە بەرپرسیارێتی، مامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەرماندا باشتر بکەین. وە فێری ئەوە ئەبین کە پێش ووتنی هەر وتەیەکی زبر(ناخۆش) بۆ کەسی بەرامبەر ئەبێ بیر بکەینەوەو خۆمان بخەینە جێگەی ئەو کەسەی کە وتەکەی ئاڕاسەت دەکەین. ئەبێ ئەو هەست بەچی بکات؟ بێگومان هەست بەدڵ شکاوی و ئازارێکی دەروونی دەکات و توشی شڵەژانێکی دەروونی دەبێت، کە هیچ کەس ئارەزووی ئەو هەستە ناکات. بەم شێوەیە ئەگەر ئێمە توانیمان بەهۆی ڕاهێنانی دەروونیەوە ئەم کارە بکەین و بیر لە کردنی ڕەفتارو وتەکانمان بکەینەوە پێش دەربڕینیان و خۆمان خستە ناو هەستی بەرامبەرەکەمان وە هەستتمان بە هەستەکانی کرد لەکاتی کردنی ڕەفتارو بیستنی وتەکانمان، ئەوکاتە من دڵنیام هەموو کات لەسەر ڕەفتارو وتەی جوان و شیرین خۆمان ڕادەهێنین. بەم شێوەیە ئۆتۆماتیکی تۆ بە کەسێکی باش و میهرەبان ناو دەبرێیت کە بەرە بەرە کەسایەتیەکی بەرزت دەبێت و خۆشەویست دەبیت لە لای خەڵك و خودا.

دەروون بەهێزو ئاسودەبن 

گەڕانەوە