توانای پێشبینیکردن

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

١٨/٤/٢٠١٢

ئێمە ڕۆژانە وشەی پێشبینیکردن وەك شتێکی ڕۆحی یان شتێکی بازاڕی یان دەسەڵاتێکی کەسیەتی خۆمان بەکار ئەهێنین. وەك زۆربەی ئەونوسەرەکانەی کە کتێبیان لەسەر ئەم بابەتە نوسیوە ئەوان ئەڵێن: ئەو توانایە بریتیە لە تێگەیشتنێكی گشتی دەستەبەجێ لەو بوارەدا کە پێشبینی لەسەر ئەکرێت، کەوا بوو ئەو وشەیە چەمکێکی گەورەیە. ئێمە ئەتوانین پێشبینیکردن وا شیبکەینەوە کە ( لەسەر شتێك بزانی بەبێ ئەوەی کە بزانی بۆچی ئەزانی)، یان ئەوەی کە ئێمە خۆمانی تیا ئەبینینەوە کە لەوێدا هۆشمان تیژە، لەوانەیە کۆکراوەیەك بێت لە هەست و بەسەرهاتەکانمان کە زۆربەیان بێئاگایانەن و هەندیکیشیان نامۆن لامان. زۆر جار ئێمە ئەم توانایە بە هەستی شەشەم ناو ئەبەین، یان لە ڕۆحمانەوە پێمان ئەگات، یان لە دەسەڵاتێکی بەرزتر لەخۆمانەوە پێمان ئەڵێ، یان لە خواوەیە، یان لە دەنگێك کە لە ناوەوەی خۆمانەوە هەیە ئەم زانیاریانەمان ئەداتێ.

زانین لەبواری پێشبینیکردندا نە پەیوەندی بە هێنانی زانیاریەکی بە ئاگایانەوە هەیە و نە بە ئەزموون و شتی ڕاستیەوە هەیە. بەڵکو پەیوەندی بەو چرکە و کاتەوە هەیە کە دەست بەجێیەو هەستێکەو بۆت یەت و تیایدا ئەژیت و مانایەکت پێدەبەخشێت. وە لە هەمانکاتیشدا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە ناخمانەوە هەیە، کە خودی بەرزی خۆمانە. ئێمە لەوانەیە بەتایبەتی لەکاتی خەوبینیندا هەستی پێبکەین، یان لەکاتێکدا چارەسەرێکی دەروونیدا، یان لەکاتی تەلەپاتیدا. لەوانەیە لەو کاتانەدا لەشێوەی هەستکردندا، ووزە،یان وەك دەنگی ناوەوەت تیایدا ئەژیت، یان لەوانەیە وا هەست بکەیت کە توانایەکی گەورەیە پاڵت پێوە ئەنێت کە شتێکی زۆر تایبەتی بە ئەنجام بگەیەنیت.

پرسیارێك کە زۆرجار لێمکراوە ئەوەیە کە ئایا ئەتوانین ڕاهێنان لەسەر توانای پێشبینیکردن بکەین؟. بەڵێ، ئەتوانین. بەڵام لەکاتێکدا کە تۆ توانیت پەیوەندی ببەسیت بە توانای پێشبینیکردنتەوە ئەوە ناگەیەنێ کە تۆلەوێدا گوێ لە هەستەکانت بگریت، بەڵکو داواکاری ئەوەیە کە تۆ لەو بارەدا لە دۆخێکی خاوبوونەوەی دەروونیدا بیت. ئەوە لە کاتی خابوونەوەدایە کە ئێمە ئاسانتر دەستمان ئەگاتە پێشبینیەکان و پاشان لەوێوە ئەتوانین بریار بدەین، نەك لە بارێکی گرژدا. بۆیە فێربوونی خاوبوونەوەی دەروونی هەنگاوی سەرەکەییە بۆ گەیشتن بەم توانایە. ئێمە وا فێربووین کە بڕوا بە هەست و زانیاریەکانمان بکەین بەڵام زانیاری لەسەر پێشبینیکردن لەوێوە سەرچاوە ناگرێت.

ئەوەش ئەوەندە ئاسان نیە کە ئەو بارەی تۆ تیایدا ئەژیت پێشبینیکردن بێت یان بەهۆی ترس یان بیرکردنەوەیەك بێت خۆت داخوازیت لەسەربێت یان شتێك بێت کە لە بێئاگایەوە سەر هەڵبدات. زۆر جار باس لە یەکەم تێگەیشن ئەکرێت کە لە بارێکداین و سەرنجمان بۆ شتەکان ئەکرێتەوە وەك زانیاریەکی پێشبینیکردن بەڵام لەو بارانەدا پەیوەندی بە کەسەکە خۆیەوە هەیە کە لە چ بارودۆخێکدایە. ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە هۆکار زۆرن کە وادەکات مرۆڤ زیاتر بەدوای هەستەکانیەوە بڕوات لەباتی ئەوەی بڕوا بە زانیاری پێشبینیکردن بکات، لەو هۆکارانەش لەانەیە ترس بێت لەوەی کە نەزانێ بەرەو کوێی ئەبات، ترس لەوەی کە هەڵە دەرچێ یان ببێتە قوربانی و سەرنەکەوێت.

لێرەدا ئەوەی شایانی باسە ئەوەیە کە هەموو مرۆڤیك توانای پێشبینی هەیە ئیتر بە ئاگایانە بێت یان بێئاگا. زۆرجار ڕووئەدات کە لەگەڵ زەنگی تەلەفونەکە لێدەدات ئەزانی کێیە، یان کەسیك ئەبینێ کە هەر ئێستا بیری لێکردبوویەوە. لە ڕاستیدا ئەوە بەشی لای ڕاستی مێشکە کە هەڵئەستێ بە بیرکردنەوەی پێشبینیکردن و بەشەکەی تری لای چەپی مێشك هەڵدەستێ بە بیرکردنەوەی مەنتیقی. زۆرجار ئێمە ماوە ئەدەین بە لای چەپی مێشکمان و دەسەڵاتی ئەدەینێ و گوێ نادەینە لای ڕاستی میشکمان. (وەك لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە ئەمە هیچ پەیوەندی بەوە نیە کە یەکێ بە دەستی ڕاست بنوسێ یان بە چەپ، واتە چەپە بێت یان ڕاستە) هەموو ئەتوانین خۆمان فێر بکەین و زیاتر گوێ لە بەشی ڕاستی مێشکمان بگرین، لەبەر ئەوەی زۆرترین سەرکەوتنەکانی ژیانمان لەو بەشەدا خۆی حەشارداوەو وەك سەرجاوەیەكی زێڕینی داپۆشراو.

شتێك کە کێشەیە لێرەدا ئەوەیە کە ئێمە لەسەرەتاوە پێشبینیەکانمان لەگەڵ ترس و شتێکدا کە پێشرت بڕیارمان لەسەردابێت تێکەڵ ئەکەین. بەڵام بەهۆی فێربوونی ڕاهێنانی دەروونی و تەکنیکە ئاسانەکانیەوە هێدی هێدی لەوە تێدەگەین و ئەوەی کە پێشبینی نیە لە بێژەنگی ئەدەین و پاکی ئەکەینەوە.

سەرکەوتوبن

گەڕانەوە