تەنها پێنج خولە‌ك لە هەفتەیەکدا

  ٢٠١١-١٢-١٣   

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

کات زوو ئەڕوات. زۆربەمان بەو دەستەواژەیە خۆمان ئەپەڕێنینەوە و ئەڵێین کاتی بەتاڵیشمان نیە هەتا فریای شتەکانی ژیان بکەوین. ئایا هەرگیز دانیشتویت لەگەڵ خۆتدا هەتا بزانیت کاتەکانی ژیانت چۆن دابەشکردووە؟ ڕەنگە هەموومان بزانین کە زۆر شت هەیە کە پێویستە ئەنجامی بدەین، بەڵام نایکەین. وە زۆر كاریش ئەنجام ئەدەین کە هیچ پێویست نین. پرسیارەکەم لێرەدایە: ئایا تۆ ئاگاداریت لە گرنگی ئەو شتانەی کە ئەنجامی ئەدەیت؟ زۆر جار کەباس لە تەندروستی، بەهێزبوونی دەروون، بەهێزبوونی پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان، تواناداری، خۆ ناسی و خوا ناسی ئەکەم لەگەڵ زۆرێك خەڵکدا ئەوەی کە گوێم لێ ئەبێت زۆربەی جار هەمان شتە کە ئەوان ئەیڵینەوە. ئەوان ئەڵێن کێ کاتی ئەوەی هەیە بەشوین ئەوشتانەدا بگەڕێ. لەگەڵ ئەوەشدا کەسێكیان نیە کە بڵێ ڕۆشنبیری تەندروستی و دەروونی، یان پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان یان خۆ ناسی و خودا ناسی گرنگ نەبێت بۆ ئەوان. کەوا بوو قەیرانەکە لە کە کوێدایە، ئایا خودی کەسەکە خۆیەتی یان بەڕاستی ئەوان کاتەکان بەشیان ناکەن؟.

کۆمەڵگەی کوردی بەدەر لەوەی کە کۆمەڵگەیەکە کە شێوازی مۆدیلێکی کۆن پەیڕەو ئەکات، کەم لە تاکەکانیش تیایدا هەوڵ ئەدەن بیرێك لەوە بکەنەوە کە گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانیاندا بکەن بەشێوەیەکی دروست. ژیان ناتوانێت ئێمە پڕۆگرام بکات کە بەو شێوەیە بگوزەرێنین، بەڵکو هەریەکەمان ئەتوانین خۆمان پرۆگرام بکەین کە بەو شێوەیە ژیان بگوزەرێنین. کەم لە ئێمە هەیە دوای لە لەخەو هەستانی بەدوای کارو کاسپی ڕۆژانەی یان خوێندن و هەرسەرقاڵبوونیەکیتردا لەماڵ نەیەتە دەرەوە. کەمیش لە ئێمەهەیە نەیەوێت دوای هاتنەوەی بۆ ماڵەوە نان نەخوات و پشو نەدات، پاشان چەند کاتژمێرێك سەیری تەلەفزیۆن کردن و دواتر میوانداری و قسەکردنی بەسود و بێ سود لەگەڵ یەکدا و ئەوەندە ئەزانین کاتی خەوتن هاتەوە. بێجگە لەمانەش زۆرمان کاتێکی زۆرمان بۆ جگەرە کێشان و خواردنەوە و گازینۆ و هەندێ شتی پرو پوچەوە خەریك ئەکەین. ئەم جۆرە کردەوانەیە کە ئێمەی وا لیکردووە نەك تەنها خۆمان لەبیر چووەتەوە بەڵکو پەیوەندییە گرنگەکانی خێزانی و بیرکردنەوە لە تەندرستی و دەروونێکی دروست و تەنانەت خوداشمان لەبیر ئەباتەوە.

بۆ ئەوەی بەخۆماندا بچینەوە هەموومان ئەتوانین کەمێك لەو چالاکیانەی ڕۆژانەمان کەمبکەینەوە هەتا کار لەگەڵ ئەو شتانەدا بکەین کە گرنگترن بۆ ئێستاو داهاتوومان. ئەوەی زۆر جێی سەرنجە ئەوەیە کە کاتێك نەخۆش ئەبین زۆرترین بیر لەوە ئەکەینەوە کە چی بکەین بۆ ئەوەی بەخێرای باشببین و ڕێنمایەکان وەرئەگرین و هەمە جۆرە دەرمان بەکار ئەهێنین. کاتێك کە پەیوەندیمان لەگەڵ کەسانی دەورووبەرماندا تێك ئەچێت زۆرترین وزە بەکار ئەهێنین بۆ ئەوەی پیشانی خەڵکی بدەین کە ئێمە هۆکار نەبووین لە درزبردنی ئەو پەیوەندیەدا و خەومان ناخۆش و دڵتەنگ ئەبین. کاتیك کە کەسێکی نزیکمان لێ دەمرێت ئەوکاتە زۆر ترسی خودا دامان ئەگرێت و دەمانەویت خودا لێمان خۆشببێت و دیسانەوە دەست بکەینەوە بە یادی خودا.

تەنها هەفتەی پێنج خولەك لەوانەیە سەرەتایەك بێت بۆ تۆی بەڕێز کە بتەوێت بەخۆتا بچیتەوە و گۆڕانکاری دەست پێبکەیت. ئەتوانی هەر لەسەرەتای هەفتەوە تۆ پلانێك دابنێیت بۆ ئەوەی کە ئەو چەند ڕۆژەی هەفتە تۆ چیت ئەنجام دابێت بۆ خۆت. بۆ نمونە سەر لەبەیانی ڕۆژانی شەممان هەوڵبدە کە کەمێك زووتر لە ڕۆژانی تر لەخەو هەستە، هەر لەسەر جێگاکەت قەڵەم و کاغەزت بەدەستەوە بێت. لەماوەی پێنج خولەکدا ئەو شتانە بنوسە کە دەبێت ڕۆژانە ئەنجامی بدەیت کە بەدەر لەو کارە ڕۆتینانەبیت کە کردووتن، بەڵکو ئەوانەن کە بە پەرۆشەوەی کە تاقیان بکەیتەوە یان فریای نەکەوتوویت. ئەمانە لە دوایدا ئەبنە کۆمەڵە ئامانجێكی کورت خایەن بۆت کە بەگەیشتنی هەر یەکێکیان تۆ هەست بە بەهێزی و وزەی نوێ و دڵخۆشی بکەیت. لەبیرت نەچێ کە ئامانجێك بێت بۆ باشترکردنی پەیوەندی خۆت بە خودی خۆتەوە، باشترکردنی پەیوەندیت بە خودای تاك و تەنها، یارمەتی هەژان، باشترکردنی پەیوەندی خێزانی، پاکی لەکارکردنتا، لە ڕەوشتا، بەهێزبوونی دەروونی و زۆر شتیتر کە ڕەنگە بەخۆتانەوە تایبەتتر بێت. پاشان ئەوەمان لەبیر نەچێت ئەوەی کە زۆرترین بیری لێدەکەینەوە ئەوە ئەکەین، هەر بۆیە با زۆرترین بیرکردنەوەت لەسەر ئەوشتانەبیت کە بەرەو رەوشت بەرزی و کاری باش ئەتبات. بۆ کۆتای هەر هەفتەیەکیش واتە ئێوارانی ڕۆژی هەینی پێویستە بەسەر هەفتەکەدا بچیتەوە هەتا بزانیت هەتا چەند توانیوتە ئەو بەرپرسیاریەتیە جێبەجێ بکەیت. ئەگەر توانیت ئەوا تۆ هەتا بێت کارەکانت بەرەو باشتر ئەڕوات و توانای کۆنتڕۆڵت هەیە بەسەر ڕۆتیناتەکان و ژیانی خۆتدا. ئەگەر پێت نەکرا کە تەنها پێنج خولەك لە هەفتەیەکی ١٦٨ کاتژمێریدا تەرخان بکەیت بۆ ژیانێکی باشتر، ئەوا تۆ پێویستت بەوە هەیە کە زۆرتر خۆت ڕابهێنیت کە کۆنتڕۆڵی تەمەڵیت بکەیت. ژیان هەروا خۆڕایی نیە!

سەرکەوتوبن

گەڕانەوە