سەرکردەیەکی سەرکەوتو پێویستە ئازابێ، زیرەك بێ و بڕوای هەبێ /درامای شاژنی چانسی

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

٥/٦/٢٠١٣

کەسانێكی زۆر هەموو ئێوارەیەك بەدیار کەناڵی کوردسات بۆ تەماشاکردنی زنجیرە درامای شاژنی چانسی دادەنیشن و زۆر سەرنجڕاکێشانە دەچنە ناو بەسەرهاتەکانەوە. ئەگەر چی من بۆ خۆم لەسەرەتاوە زۆر لەو زنجیرانەم لەدەست چوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هەستمکرد کە تابێ ڕۆ ئەبمە ناو بەسەرهاتەکانەوە، ئێستا منیش یەکێکم لەوانەی ڕۆژانە دەیبینم. بەڵێ وانەی زۆر جوانی تیایە لەوانش: ئازایەتی، زیرەکی، دینداری. بۆ من ئەم تایبەتمەندیانە هاوکار و پاڵنەر بوون بۆ نوسینی ئەم بابەتە لەبەر ئەوەی وەك مێژویش بۆمان دەگێڕێتەوە ئەگەر یەکێك لەو تایبەتماندیانە لە سەرکردەیەکدا کەمی هەبوو ئەوا لەئایندەدا شکست ئەهێنێ.

بۆ ئەوەی سەرکردەیەکی سەرکەوتوبی پێویستە ئازاو بە غیرەتبی. کەسی سەرکردە پێویستە ئازابێت و پلانی جۆراوجۆری هەبێ. ئازایەتی بەو مانایەی کە خۆی بناسێ و ئەوەبێ کە هەیە. ئازابێ کە ئەو بڕیارەبدات کە ئەو لەناخەوە بیەوێ بیدات. ئازابێ کە ماوەبدات بە کارمەندەکانی یان خەڵکەکەی کە ئەوانیش بەرپرسیاریەتی خۆیان بگرنە دەست و هەموو تواناکانیان بخەنە کار. ئازابێ کە ئەو ڕێگریانە ببینێ کە دینە بەردەمی. ئازایەتی و بەغیرتی ئەوە ناگەیەنێت کە سەرکردەکە نەترسێ، ئێمە هەموو ترسمان تیایە و سەرکردەش مرۆڤێکە، بەڵام سەرکردەی ئازا دەبێ لەو ترسانە خۆی تێپەڕێنێ. سەرکردەیەکی ئازا ئەوەیە کە خۆی لە ناخەوە بیەوێ کە سەرکردایەتیەکە بکات. سەرکردەیەکی ئازا ئەوە ئەنجام دەدات کە ئەو بەدڵ دەیەوێ بکات، سەرەڕای هەموو ترسەکانی. لەبەر ئەوەی ئەو دەزانێ کە ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی هەموواندایە. کاتێك کە ترس بەسەریدا زاڵ نەبوو ئەو کاتە بڕیارەکانیش ژیرانە دەبن و زۆرجاریش چارەسەر دەبێ بۆ کێشەکان و سودەکەی بۆ جیلەکانی تری دوای ئەویش بەردەوام دەبێ. سەرکردەی ئازا هاوکاری خەڵکەکەی دەکات، ڕێکخراو دروست دەکات لەوێدا خەڵکەکە دڵنیاو ئارام دەکات. ماوە دەدات کە خەڵکەکە خۆیان بەرپرسیاریەتی بگرنە ئەستۆ. سەرکردەی ئازا ئاکامی باش دروست دەکات و بڕوای خەڵکەکەی بەدەست دەهێنێ.

سەرکردەیەکی سەرکەوتو پێویستە زیرەك و لیهاتووبێ. سەرکردەیەکی زیرەکیش چەند خاسیەتێکی تیایە وەك: زانیاری لە زۆربەی بوارەکانی ژیاندا هەبێ ئەگەر کەمیش بێ، بەڵام لەبوارەکەی خۆیدا پسپۆڕبێ. بیرو بۆچوونێکی گەشبینانەی هەبێ کە ئەگەر هەڵە یان دۆڕاندنێك ڕوویدا ڕێگای نوێ بدۆزێتەوە. متمانەی بەخۆی بەهێزبێ و ئەو سەرکەوتنانە ببینێ کە بەدەستی هێناوە و دڵنیایە لەخۆی کە ئەو دەزانێ چی دەوێ. پەیوەندی بەدەورووبەریەوە هەیە لێیان دەپرسێتەوە و بەدەمیانەوەیەوە دەزانێ هەستی خۆی و ئەوان چۆنە. سەرکردەیەی ژیر و دانا وێنەی داهاتوو و وەك ئامانجێکی گەورە خەلق دەکات بۆ خەڵکەکەی یان کارمەندەکانی و بۆیان باس ئەکات کە ئیستا ئەوان لەچ خاڵێکدان و بەرەو کوێ ئەرۆن. سەرکردەیەکی دانا پلانی درێژخایەنی هەیە بۆ خەڵکەکەی یان کارمەندەکانی، بڕیارەکانی ژیرانەو هەست دەکات کە خەڵکەکەی پشتیوانی دەکەن. هاندەرە بۆ ئەوەی پەیوەندیەکی ئەرێنی لەنێوان گروپەکاندا دروست ببێ، وادەکات کە خەڵکەکەی هەست بکەن کەئەوان وەك تیمێك پێکەوە کاردەکەن بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا یان شوێنی کارەکە،.هاندەر دروست دەکات و گەشە بە خەڵکەکەی ئەدات لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا. سەرکردەیەکی دانا خۆی دەبێ نمونەیەکی باش بێ بۆ خەڵکەکەی، ڕاست و دروستە لە قسەکردنیدا و یاسا بەرقەرار دەکات. هاندەرە بۆ دروستکردن و ماوەدان بە کەسانی دانا و ژیر هەتا ڕۆڵیان هەبێ و ئەوانیش پشتیوانیبن بۆ سەرکەوتنی پڕۆسە جیاجیاکانی ژیان.

سەرکردەیەکی سەرکەوتوو پێویستە کە بڕوایەکی تۆکمەی هەبێ بە شتێك لە سەرو خۆی، لەسەر و سروشتەوە کە نابینرێت ئەویش خوایە. لەدێر زەمانەوەو پیش ئاینەکانیش مرۆڤ هەمیشە بڕوای وابووە کە لەسەر ئەوەوە شتێك هەیە کە توانای لەمرۆڤ زۆر زیاترەو دەسەڵاتی هەیە بەسەر تەواوی سروشتدا. بۆ هەر کێشەو ناڕەحەتیەکیش تەنانەت مرۆڤە بێ بڕواکانیش جۆرە نزاو پارانەوەیەك دەکەن کە دیسانەوە دەگەڕێتەوە بۆ خالق. سەرکردەیەکی سەرکوتوش پێویستیەکی زۆری بەو بڕوایە هەیە، لەبەر ئەوەی بۆ هێنانەوە ئارامی و وزەو بڕیاردان لە زۆربەی بارەکاندا داوای یارمەتی دەکات. لەکاتێکدا کە کەس ڕاستیەکان نازانێ و کەس گوێی لێناگرێ ئەو پەنا دەبات بۆ خوا کە گوێی لێبگرێت، بێگومان گوێی لێدەگرێت و زۆرجار وەڵامیش وەردەگرێتەوە. پشتبەستن و بڕوا بە خوا و پەیڕەوکردنی ئاین سەرکردەکە هاندەدات کە ئارامگر بێ و بەخشینی هەبێ، دادپەروەر بێ، ڕێزی نەخۆش ومناڵ و پیرو پەککەوتەو تەواوی خەڵکەکەی بگرێ بێ جیاوازی، سامانی خەڵك بۆ خەڵك وهەوڵبدات دیاردەی گەندەڵی کۆتای پێبهێنێت. خەمی خەڵکەکەی بێ پێش خۆی.

سەرکەوتوبن

www.warzshidaruni.com

گەڕانەوە