ناوەڕۆکی کتێبەکەت لە ساڵی٢٠١٣ دا چۆن ئەبینی؟

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

٢٥/١٢/٢٠١٢

تۆ بەرەو ئەو ژوورە ئەڕۆیت کە کتێبخانەکەتی تیایە، لەسەری سەرەوەی کتێبخانەکەت کتێبێکی تەپوتۆزایی ئەبینیتەوە. تۆ کتێبەکە ئەگری بەدەستەوەو کەمێ فووی لێ ئەکەیت و بەدەست پاکی ئەکیتەوە، هەتا ناوی کتێبەکەت دەکەوێتە بەرچاو. لە کتێبەکە نوسراوە: (کتێبێك لە بارەی ژیانی منەوە). کە لەلایەن خۆتەوە نوسراوە سەبارەت بە ژیانی خۆت هەتا ئەمڕۆ/ ئێستا.

کاتێك کە کتێبەکە ئەکەیتەوەو نوسراوەکانی خۆت ئەخوێنیتەوە هەستت چۆنە؟. ئایا هەست ئەکەیت کە ناوەڕۆکی کتێبەکەت بەو شێوەیە نوسیوە کە ئێستا دڵخۆشی و ەرکەوتنی بەدواوەیە یان هەست بە نا ئومێدی ئەکەیت کە نەتتوانیوە بە شێوەیەك بێت کە سەرکەوتن و دڵنیا بوونی دەروونیت پێببەخشێ.

ئێستا وا خەریکە بەرەو کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ ئەڕۆین و پێدەخەینە ساڵی نوێ. کاتی ئەوە هەتووە کە هەڵسەنگاندنێك بکەین بۆ کارەکانمان بۆ بوچونەکانمان بۆ سەرکەوتن و سەرنەکەوتنەکانمان. ئێستا وەختی ئەوە هاتووە سەیرێکی ئەو ئاوێنەیە بکەین کە پشتەوەمان/ ڕابردومانی پێئەبینین و بزانین چیمان بەجێهێشتووە.

پێویستە ڕابردوومان وەك مامۆستایەكی زیرەك تەماشابکەین، نابێ ڕەخنە لەو بارە بگرین کە ئێستا ئێمەی تیا ئەژین. ڕەخنە گرتن لە ئێستامان مانای وایە ڕەخنە لە هەموو ئەو شتانە ئەگرین کە ئێستا هەمانە، لەبەر ئەوەی ئێمە خۆمانین ئەوەمان بەرهەم هێناوە کە هەمانە.

پێویست ناکا زۆر توندیش بین لەگەڵ خۆماندا، لەباتی ئەوە ئەتوانین کار بۆ ئەوە بکەین کە ساڵی نوێ ساڵێکی باشتر بێ بۆمان. ئەگەرچی ئەم ساڵمان ساڵێکی پڕ لە ڕەنج و نارەحەتی بوبێ ئەتوانین هەوڵ بدەین و تەرکیزمان بخەینە سەر ساتە خۆشەکانمان ئەگەر کەمیش بوبێ.

لە ئێستاوە ئەبێ دەست بکەیت بە نوسینەوەی کەپیتاڵێکی نوێ لە کتێبەکەتدا. ئەو کاغەزانەی کە بەتاڵن ئەبێ پڕبکرێنەوە. ئەتەوێ چیان تیا بنوسی؟ بێگومان زەحمەتە کە ئامانجێك بنوسی کە نەتبێ.

خۆت لە خۆت بپرسە: ئەو شتە چیە کە هەتا ئێستا نەمکردووە بەڵام کردنی ئاسانە و بەرەو سەرکەوتن و دڵخۆشیم ئەبات، ژیانم ئەگۆڕێ؟

لەوانەیە وەڵامی ئەم پرسیارەت لە ساڵی داهاتوودا وەربگریت. ئەگەر شتێك بێ کە نوسیبێت و خوازیاربیت کە بیکەیت و ئامانجەکەی باش بوو ئەوا ساڵی نوێت ساڵی ٢٠١٣ بەسەرکەوتوی و دڵخۆشیەوە بەڕێ ئەکەیت و کتێبەکەت ئەبێتە هۆی ئومێد بەخشین و بەهێزبوونی دەروونت.

www.warzshidaruni.com

سەرکەوتوبن

گەڕانەوە