ڕەوشتی کارکردن

٢٠١٢/٦/١٧

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

ڕەوشت/ ئاکار لەناو کاردا زۆر جیاوازترە لەو ڕەوشتەی کە ئێمە ڕۆژانە باسی ئەکەین وەك بەد ڕەوشتی. ئەکرێت کەسێ بەد ڕەوشت بێ لە هەڵسوکەوتیدا لە گەڵ ماڵەوەیاندا، لە گەڵ دەروروبەریدا یان لەگەڵ خودی خۆیدا، بەڵام لەسەر کارەکەی بەوپەڕی ئاکار جوانیەوە کارەکانی جێبەجێ بکات یان بە پێجەوانەوە.

چۆن کەسێك بەو پەڕی ویژدانەوە ئەیەوێت بەرپرسیاری ئەو ماڵەی کە تیایدا ئەژی لە ئەستۆ بگرێت و کارەکانی وەك مرۆڤێکی کامڵ ڕاپەڕێنێت و ئاکارێكی جوان پیشان بدات. بەهەمان شێوەیش گرنگە کە نزیکەی ئەو %٣٠ ژیانیش کە لە کارکردندایە، ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت و بە باشی و پاکی کۆتای بەکاری ڕۆژەکەی بهێنێت. ئێمە ئەبێ بەئاگابین لەوەی کە کارکردن یەکێكە لە ئامانجە گرنگەکانی ژیان و شانبەشانی تەندروستی وپەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ژیانی مرۆڤ کامڵ دەکات. سیگمۆن فرۆید لە وەڵامێکیدا بۆ دوو شتە گرنگەکەی ژیان ئەڵێ: خۆشەویستی و کارکردن دوو شتی هەرە گرنگی ژیانە.

هەموو یەکێ لە ئیمە لە کارکردندا هەریەکەو خێرای و تێمپۆ یەکی تایبەتی هەیە و بەجۆرێك وریا و ژیرە. ئەمە هیچ نکوڵی لێناکرێت، بەڵام ناشکرێت سودێکی نەرینی لەو گفتە وەربگرین و بڵێین ئێمە جیاوازین لەیەکتر تەنانەت لە کارکردنیشدا. ئەوەی مرۆڤەکان لەیەکتری جیا دەکاتەوە لە کارکردندا ڕادەی بەئاگابوون و لە ئیستا ژیاندایە. کاتێك کە دەڵێم لە ئێستا ژیاندا واتە تۆ هەست بکەیت کە تۆ لێرەدایت و ئامادەیت و چەقی قورسایت لەکاردا بەکار ئەهێنیت بۆ ئەوەی کارێکی بەبەرهەم و بەویژدان و تابتوانی بێ کەموو کوڕی ئەنجام بدەیت. زۆرن ئەوانەی کە تەنانەت کێشە تایبەتیەکانیشیان ئەگوازنەوە بۆ سەرکارەکانیان و لەوێ وەك بڵێی شوێنی خۆ خاڵی کردنەوە بێت لە کێشە، کە بۆ ماڵەوە دەڕۆنەوە هەست بە بەتاڵی بکەن. کە ئەمە جگە لە گواستنەوەی کێشە تایبەتیەکان بۆ ماڵی کەسێكی تر هیچ شتێكی ئەرێنی نابینرێت، بگرە کێشەکان درێژتر و قوڵتر ئەبنەوە. ئەم دیاردەیە لەوانەیە تەنها یەکێك بێت لەو خاڵانەی کە وادەکات خەڵکانێك نەتوانن هەست بکەن کە ئەوان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لەسەر کارەکەیان کە دەبێت لێی بەئاگابن و بەرپرسن لێی. ئەوانە تەنها بۆ موچە خواردن لە کاردان و شوێنی کەسانیتریان گرتووە.

کارکردن پێویستی بە تەرکیزو بەئاگابوون هەیە، زۆرجار پێویستە تۆ شتەکانت بەبیر بێتەوە، ئەو ڕێگایەی کە تۆ پیایدا دەڕۆیت پاکو خاوێن بێت، ئەو مێزو کورسیەی لەسەری دادەنیشیت خاوێن بێت،بیرت خاوێن بێت، تۆ دەبێت بەرپرسبیت لە کارەکانی خۆت، دەبێ دەست پاك و ڕاستگۆبیت، تۆ دەبێت کاتی پشوت لەسەرکار لەکاتی خۆی درێژتر نەکەیتەوە و فێڵ بەکار نەهێنێت بۆ خۆ دزینەوەت، سودی هەڵە لە کەسانیتر وەرنەگریت و مافیان پێشێل نەکەیت، لە پشتەوە باسی هاوڕێکانت بۆ کەسێکیتر نەکەیت، نهێنیەکانی ناو کار نەگوازیتە دەرەوەی کار،بۆ ئامانجەکانی کارەکەت وزە بەکاربهێنیت و تاد. ڕاستە شێوەی کار و شێوازی کارکردن لە شوێنیکەوە بۆ شوێنێکیتر و لە بەرپرسێکەوە بۆ بەرپرسی کارێکیتر جیاوازی هەیە، بەڵام بۆ هەر کارێکیش ڕۆتین و یاسای تایبەت هەیە کە دەکرێت مرۆڤ لەو چوارچێوەیە لانەدات. زۆربەی سەرۆك کارەکان سکاڵایان لە فەرمانبەرەکانیان بە شێوەی جیاجیا هەیە بەڵام لە ترسی بەریەککەوتنەکان و نەدۆزینەوەی شێوازێك بۆ کردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان بەرپرسەکان لەگەڵ کارمەندەکاندا یان کارمەندەکان لەگەڵ خۆیاندا کێشەیەکی هەمیشەی هەیە. باشترین چارەسەریش بۆ ئەم کردنەوەیە ئەوەیە کە دیموکراتی هەبێت لەناو کاردا، ڕاستگۆی لە نێوان کارمەندەکاندا و خۆ ناسینە کە تۆ وەك کارمەندێك یان فەرمانبەرێك چۆنت پێخۆشە کە مامەڵەت لەگەڵدا بکرێت، هەتا هەموو بگەنە تێگەیشتنێك لەیەکتر. کۆبوونەوەی مانگانە یان بەپێی پێویسیت بۆ کارمەند و فەرمانبەرەکان دابنرێت. لەو کۆبوونەوانەدا کارمەندان مافیان هەبێت بە سەربەستی وتووێژ و ڕەخنە و سەرنجەکانیان پێشکەش بکەن و بەرپرسیش وەڵامی دروست بداتەوە. (هیچ پرسیارێك نیە خراپ بێت، بەڵکو وەڵامی خراپ هەیە).

شێوازێکیتر ئەوەیە کە بەرپرسەکان (کەوچ) واتە ڕاهێنەرێك لەسەر کارەکانیان دامەزرێنن کە شارەزای بواری دەروونی و کارەکە بێت، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی مانگانەیاندا باس و هەڵسەنگاندنی ئەو ماوەی کارە بکات و وتووێژ لەگەڵ کارمەندەکاندا دروست بکات. ئەمە شێوەیەك ئەبێت لە کردنەوەی کارمەندەکان و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و ڕۆڵی خۆیان، لەهەمان کاتیشدا هەست بە گرنگی خۆیان دەکەن و دەزانن کە دەنگیان دەگاتە بەرپرس و چارەسەری کیشەکانیان دەکرێت. بەم جۆرە کارمەند و بەرپرس زیاتر شانبەشانی یەکتری کار ئەکەن و خۆشیەکانی سەر کاریش زیاتر دەبێت، لە هەمانکاتیشدا کارمەندەکان تەندروستی دەروونیان باشتر ئەبێت. ئەگەر کارمەند ڕۆحی بەرپرسیاری تیابوو ڕێگە نادات کارمەندێکیتر بەئارەزووی خۆی و لەبەر کەمی ئاکاری کارکردنی ناوی کارەکەی پیس و خراپ بکات. بەڵکو ڕێگەی لێدەگرێت، کە ئەمەش بوێری پێویستە و هەمئاهەنگی دەوێت.

کاتێکی کەم تەرخان بکە و بیرێك لەو کارمەندانە بکەرەوە کە تۆ لەگەڵیاندا ڕۆژانە بۆ ئامانجێك لە سەرکارەکەتان کۆ ئەبنەوەو کار دەکەن. پاشان بزانە تۆ تەندروستیت چۆنە کە دەچیتە ناو کارەکەت. ئەگەر خراپە هۆکارەکەی چییە؟ کێیە؟ ئایا لە نێوان هاوڕێکانتا هەیە کە بەدڵ نەیەتە سەر کار و هەمیشە دودڵ و زویر بێت؟ ئەزانی کەسێ یان چەند کەسێك ڕەوشتی کارکردنیان خراپەو تێك دەرن؟ ئەی بە پێچەوانەی ئەو گروپە تۆ ئاگاداریت لەوانەی کە بەدڵ کار ئەکەن و هەمیشە ورە و وزە بەخشن و ڕەوشتی کارکردنیان بەرزە؟ تۆ هاوڕێی کام لەم دوو جۆرە مرۆڤانەیت؟ ئەی کاتێك کە دەزانیت کارمەندیك هێدی هێدی بە نهێنی خەریکە کارەکەت ئەشێوێنێ و لە گەڵ یاساو ڕۆتینی کارەکەتدا یەکناگرێتەوە ، تۆ چی ئەکەیت؟

سەرکەوتوبن

www.warzshidaruni.com

گەڕانەوە