ڕاسترین ڕاستی

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

١٩/١/٢٠١٢

مردن، ئەو وشەیەی کەزۆر ئەیبیستین و نامانەوێ خۆمانی تێبگەیەنین لەبەر ئەوەی لە لای زۆربەمان بە واتای کۆتایی دێت و ڕکمان لێی دەبێتەوە. چ شتێك هەیە ئەوەندەی مردن مرۆڤەکان بترسێنێت؟ زۆربەمان ئەڵێین: ئەگەر مردن نەبوایە لەهیچ شتێك سڵمان نەئەکردەوە و چیمان ئارەزوو بکردایە ئەنجاممان ئەدا.                                                   ئەگەر پرسیارێكت ئاراستە بکرێت کە ئەتەوێ مردنەکەت چۆن بێت بەبێ هیچ گومانێك وەڵامەکەت ئەوەیە کە دەڵێیت ئەمەوێ دەست بەجێ بێت. بەڵام ئەگەر پێیان ووتی ئەی مردنی کەسە نزیکەکانت چۆن بێت، ئەوکات ئەڵێیت لەسەر خۆبێت. ئەمەش خۆپەرستی ئیمە دەردەخات کە نامانەوێت بە ئازارەوە بمرین، بەڵام با خۆشەویستەکانمان هەر لەلامان بمێننەوە ئەگەر چی بە ئازارێکی درێژخایەنیشەوە ڕۆحیان لێبسەنرێتەوە.

کاتێك کەسێك دەمرێت تەنها خۆی نامرێت بەڵکو ئەو لە چوار جیهاندا دەمرێت کە بریتین لە لایەنی( جیهانی فیزیکی، کۆمەڵایەتی، کەسایەتی، ڕۆحانی). هەندێ جار مرۆڤ یەکێك یان چەندێك لەم جیهانانەی ئەمرێت ئەگەر کەسەکە هاتوو دووچاری تەنهایی یان جۆرە نەخۆشیەك بوو کە بووە هۆی دابڕانی لەو جیهانانە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە مردن ١٠٠% ڕاستیە و هەمیشە نزیکمانەو زۆر بەکەمی پەیوەندی بە نەخۆشی و لەش ساغیەوە هەیە، کەچی کەمترین بابەتە لە کاتی کۆبوونەوەی هاوڕێیاندا، لە ماڵەوە لەگەڵ دایك و باوکدا، تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیشدا باسی مردن نابێت بکرێت نەکا نەخۆشەکان گوییان لێبێت و بترسن. ئەبێت ئەوە ڕوونبێت لەلامان کە ئەگەرچی لەش ساغیش بین هەر ئەمرین.

وەك زۆرێك لە لێکۆڵینەوەکان باسی لێدەکەن ئەڵێن کە زۆر پیر هەیە ئەیەوێت باسی مردن بکات بەڵام ژنەکەی یان مناڵەکانی باز ئەدەن بەسەر ئەو باسەداو ئەیپەڕێنن. ئەوان بیر ناکەنەوە لە هەست و بۆچوونەکانی ئەو پیرە کە ڕەنگە بۆ ئەو زۆر گرنگ بێت. کەم قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە گرنگەی ژیانە ترسەکە لەمردن زیاتر ئەکات، ئەگینا ئەوانەی کە ڕۆژانە کە لەخەو هەڵدەستن و سوپاسی خودا دەکەن کە ئەوان لەو مردنە کاتیە بەخەبەر بوونەتەوە بۆ ئەوان ترس لە مردن شێوەیەکی ترە.

ئایا بیرت لەوە کردوەتەوە کە خەولێکەوتن وەك دەرچوونی ڕۆحە لە لەش، بەڵام هەر کە بەخەبەر بوویتەوە ئەو ڕۆحە دێتەوە ناو لەشت. ئەتوانی ئەمە تاقی بکەیتەوە: ئەمجارەیان کە خۆتت بۆ خەوتن ئامادەکرد تەرکیزت بخەرە سەر ئەوەی کە کەی تۆ وا خەریکە ئیتر دوونیای بە ئاگای جێدەهێڵیت و بەرەو دوونیای کپ و تاریکی و ئارامی دەڕۆیت. پێویست ناکات لەخۆتی تێكبدەیت، تۆ تەنها ئاگاداربە هەتا بۆ ماوەیەك ژیان بەجێدێڵیت، وە کە جاویشت کردەوە بەهەمان شێوە ئاگابوونت ئاگاداربکەرەوە کە تۆ ئێستا ئەژیت و وجودت هەیە. پاشان بیر بکەرەوە لەو ماوەیەی کە خەوتبوویت، ئەو جیهانە بۆ تۆ چی بوو جگە لە مردنێکی کاتی. ئایا ئەمە بەلگەیەکی روون نیە بۆ ئەوەی کە ئیمە زیاتر خۆمان ڕابهێنین کە هەمیشە دەمرین و زیندوو دەبینەوە. ئینجا بزانە کە ئێمە ئەگەر ٨ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا بخەوین تەنها ١٦ کاتژمێری ئێمە لە ژیانداین ئەگەر چی ئێمە لەو بارەیەوە زیاتر قوڵ ببینەوە ئەزانین کە خەونی ڕۆژانەمان ( بیرکردنەوەکانمان) ڕۆژانە ١٢ کاتژمێری تر ئەبات کا ئەویش دیسانەوە لە نائاگایدایە، کەواتە ئیمە تەنها ٤ تا ٦ کاتژمێرمان لە ناو ئاگایدا بەسەر ئەبەین لە ڕۆژیکی تەواودا.

ئەوەی ماوە بیڵێم ئەوەیە کە ئەم مردن و ژیانەوەیە لە خۆیەوە نیە، ئەبێت هێزێك لەپشت ئەم گەردونەوە، ئەو هەموو شتانەوە هەبێت کە شایانی پەرستن و خۆشویستنە. چیان بەسەرهات ئەوانەی کە بەدەورمانەوە بوون، باو باپیرانمان، ئەوانەی پێشتر و پێشتر. ئێمە باسی هەزاران ساڵ لەمەو بەر ئەکەین، کوان ئەوان ئەگەر تەنها میژوویەك نەبن. ئەی ئێمەش وەك ئەوان ناژین کە ئەوان ژیان، ئەی وەك ئەوان تەواو نابین. باسکردنی مردن بەشێوە دروستیەکەی هێمنیەك بەدڵ ئەدات، پاکیەك دروست ئەکات، بڕوا بەهێز ئەکات، تێدەگەیت کە ژیان هەرچەندە درێژبێت هەر کورتە و تەنها مرۆڤە ڕۆح پاکەکان براوەی هەر دوو دونیان، دەتگەیەنێتە ئەو بروایەی کە مردن نیە بەلکو ژیانەوەیەکی ترە لە دونیایەکیتر وە بۆ ئەم مەبەستەس تۆ هەول ئەدەیت کە یارمەتی مرۆڤەکان بدەیت، تۆوی خۆشەویستی و بەیەکەوە ژیان بچینیت، تۆ دڵی خودا لەخۆت ناڕەنجێنیت و رەفتارەکانت جوان ئەکەیت، هەمیشە ستایش و سوپاسی خودا ئەکەیت، ناترسیت کە بمریت و زیندوببیتەوە لەلای دروست کەرەکەت. ئەوەی ماوە کە بیڵێم ئەوەیە کە زۆر کەس سەبارەت بەمردن بیرو بۆچونی خۆیان هەیە و ئەیانەوێت ئەرێنی بۆ مردن بچن، بەڵام وەك دەرکەوتووە بڕوایەکی جێگیر لەو بۆچوونەیاندا نیە، هەر بۆیە دودڵ ئەژین و هەست ئەکەن خۆیان ئەخەڵەتێنن. ئەوانەش کە ڕاستیەکانیان بۆ دەرکەوتووە سەبارەت بە مردن هەوڵ ئەدەن ئەو کارانە بکەن کە خودا پێی خۆشە. ئاکامی ئاکار و رەفتار باشیش هێمنیەکی دەروونیە و تەنانەت وشەی مردن بۆ ئەوان هێمنیە، لەبەر ئەوەی ئەوان دڵنیان لەوەی بەرەو کوێ و بۆ لای کێ ئەڕۆن، جا زووبیت یان درەنگ، وە زۆربەی ئیمانداران تامەزرۆی دیداری یەزدانیان. خودا لەهەموو لایەکمان ببورێت.

سەرکەوتوبن

گەڕانەوە