چۆن ڕاهێنانی دەروونی ئەنجام بدەین؟

چۆپی مەجید/ خویندکاری خوێندنی باڵای سکاندینافیای نێودەوڵەتی

ڕاهێنانی دەروونی چۆن ئەکرێت؟ ئەمە پرسیاری زۆرێك لەو بەرێزانەیە کە بە نامە بۆ ئێمەی ئەنێرن.

ڕەنگە بۆ مرۆڤ زۆر ئاسایتربێت کە باس لە وەرزشە فیزیکیەکان بکرێت و هەموو ئەزانین و لێی تێئەگەین کە ئەبێت جمو جوڵێك لە لەشدا ڕووبدات بۆ ئەوەی بە وەرزشکردن ناو ببرێت جا هەر لە مەلەکردن و کاراتێ و تۆپ تۆپێنەوە بگرە هەتا پیاسەکردن. باشە ئەی کەوابوو وەرزشی دەروونی یان ڕاهینانی دەروونی چییە؟ بەڵی، لەناوەکەیدا هەست ئەکرێت کە ئەبێت وەرزشێك بێت بەبەشی ناوەوەی خۆمانی بکەین، ئەو دیووەی کە نابینرێت (بیرکرنەوە، وێنە، هەست) کە تەواوی ڕەفتارەکانمانیان بەدەستە. کە تۆ ئەگەر بیرکردنەوەیەکی پۆزەتیفت نەبێت و وێنە ئامانجێکت نەبێت کە لە دوایدا هەستێکی خۆش و باشت بداتێ، تۆ ناتوانی و ناتەوێت هیچ جۆرە وەرزشێکی فیزیکیتر ئەنجام بدەیت. کەوا بوو لەپشت هەر جوڵەیەکی ئێمەوە بیرکردنەوەیەکی بەئاگایانە یان نائاگایانە هەیە جا بەباش بێت یان بەخراپ.

وەرزشی دەروونی بۆ بەهێزکردنی دەروونە هەروەك چۆن وەرزشە فیزیکیەکان بۆ بەهێزکردنی لەشە لە دڵ و مێشك و ماسولکە و ئێسقان و تاد. هەروەك دەزانین زۆربەی ئەوانەی کە وەرزشی فیزیکی ئەنجام ئەدەن مەرج نیە خاوەن دەروونێکی بەهێزبن ، بگرە زۆرێکیان بۆ خۆ دەرخستنەو بیرکردنەوەیەکی خراپیشیان هەیە بۆ ژیان و دەوروبەریان. کە باس لە ڕاهێنانی دەروونی ئەکەین ئەمانەوێت باس لە ئاشتبوونەوەی خۆت لە گەڵ دەروونتا بکەین، کات دان بەخۆت بۆ گوێگرتن لە ناوەوەی خۆت، هێمن کردنەوەی دەروونی، خاوبوونەوەی ماسولکە، داهێنان، کارکردن بۆ خۆ بەهێزکردن، بڕوا بەخۆبوون، گەشبینی، بیرکردنەوەی پۆزەتیف، زۆرکردنی خۆشیەکانی ژیانت، تەرکیزکردن، زیاترکردنی کۆنترۆڵی خۆی، دڵ و مێشك بەهێزکردن، باشترکردنی سوڕی خوێن، جیاکردنەوەی شتە باشەکان لە خراپەکان و گەشەکردنت وەك مرۆڤێك کە سودت هەبێت بۆ کۆمەڵگا و تەندروستیەکی باشتر و خەوێکی باشتر و تاد. ئەمانە هەندێکن لە سودەکانی وەرزشی دەروونی کە ئەگەر خۆمان ڕابهێنین لەسەر ئەنجامدانی ئەم وەرزشە بێ گومان بێبەش نابین لەو سودانە. ڕاهێنانی دەروونی زۆر ئاسانەو بۆ هەموو مرۆڤێکە ، وە زۆر شێوازی هەیە. بۆنمونە

( بۆئارامی و خاوبونەوەی ماسولکەکانت) ئەتوانیت بەم شیوەیە بکەیت:

لەشوێنێکی بێ دەنگ وئارام دانیشە یان پاڵکەوە ، چاوت داخە. چەند هەناسەیەکی قوڵ هەڵکێشە و بۆ ماوەی ٥ چرکە هەناسەکەت بهێڵەرەوە هەست بەو توندیە بکە لەسنگ و سکتدا ،پاشان هەناسەکەت بەرە دەرەوە، هەست بەو ئارامی و خاووبونەوەیە بکە کە لە ئەنجامی هەناسەدانەوەدا بۆت دێت. لە ماسولکەکانی پێتەوە هەتا ماسولکەکانی دەم و چاوت، ماسولکە بە ماسولکە لە خوارەوە بۆ سەرەوە گرژ بکە لە کاتی هەناسە هەڵکێشاندا وە خاویان بکەرەوە لەکاتی هەناسە دانە دەرەوەتدا. کاتێ کە هەموو ماسولکەکانی لەشت خاو کردەوە هەست بە خاووبونەوەو ئارامی بکە لە لەش و دەروونتا. ئەم ڕاهێنانە دەکرێت لە ٥ - ٢٠ خولەك بخایەنێت.

تێبینی/ لە بەشێکیتردا ڕاهێنانێکی تر بڵاو دەکەینەوە- چاوەڕوانبە!

دەروون بەهێز و ئاسودەبن

www.warzshidaruni.com

گەڕانەوە