ڕاهێنانێكی دەروونی بۆ کەمکردنەوەی فشاری ڕۆژانەی ژنان

 Avkoppling: vackert vattenfall på nationalparken i Thailand

چۆپی مەجید/ ڕاهێنەری دەروونی لە سوید

٢٠١٢/٠٨/٢٣

لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانکاری و پێشکەوتنانەی کە لە جیهاندا ڕوویداوە ڕۆڵی مرۆڤ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووەو داواکاریەکان لەسەر مرۆڤایەتی گەورەترو گرانتر بوون، بەتایبەتی ڕۆڵی ژنان کە لەم سەردەمەی ئێستادا ئەرکێکی زیاتر کەوتۆتە سەرشانیان. هەرچەندە ژن هەمیشە ئەرکێکی گرنگ و ڕۆڵێکی تایبەتی هەیە لە کۆمەڵگادا بەگشتی و لەناو خێزانەکەیدا بەتایبەتی. بە پەروەردە کردنی ڕۆڵەکانی لەسەر بناغەیەکی ڕاست ودروست بۆ دروست بوونی کۆمەڵگایەکی تەندروست و پێشکەوتوو، هەروەها خزمەت کردن و خۆشی خستنە ناو خێزانەکەی بۆ پێکهێنانی خێزانێکی ئاسودەو بەختەوەرو دەروون دروست، کە ئەمەش بەرپرسیارێتیەکی گەورەو گرنگە. لەگەڵ ئەوەشدا لە ژیانی ئەمڕۆماندا وا پێویست ئەکات کە ژنایش شان بە شانی هاوسەرەکەیان دەست بەکار بێن لەدەرەوەی ژیانی خێزانیشدا بۆ باشترکردنی باری ئابووریان. کە ئەمە ئەبێتە دروستکردنی فشارێکی زۆر بۆ باری دەروونی ژنان لەبەر ئەوەی هەمیشە هەوڵ ئەدات کە بتوانێت ڕۆڵی خۆی وەك (هاوسەرێکی باش، دایکێکی باش، کارمەندێکی باش) ببینێت. بەتایبەت زۆربەی ئەو ژنانەی کە لەئەوروپا ئەژین بەهۆی جیاوازی شێوازو ماوەی کارکردن لەووڵاتانەدا. زۆربەی ئەو ژنانەی کارمەندن لە ئەوروپا ڕۆژانە ٦ تا ٨ کاتژمێر کاردەکەن. دوای تەواو بوونی ماوەی کار کردنیان لەدەرەوەدا ڕاستەوخۆ دەست دەکەن بە ئەنجام گەیاندنی کاری ماڵ، کە ئەمەش ووزەیەکی زۆری دەوێت و پێویستە بەرنامە ڕێژی بۆ بکرێت و بۆیە پێویستیان بە هاوکاری هاوسەرەکانیان هەیە بۆ هاوسەنگ ڕاگرتنی کارەکانی لەناو خێزان و لەسەر کارەکەی.

بێگومان ئێمەی مرۆڤ لەیەك ناچین و جیاوازین لە (شێوازی بەسەربردنی ژیان، ئارەزووەکان، بەکارهێنانی تواناکانمان، بۆچوونمان بۆ ژیان، هەروەها پێویستیە بەدەنیەکان و هەریەکەشمان جۆرە ڕۆتینێکی هەیە لەناو ماڵەکەیدا......تاد. هەربۆیە زۆر گرنگە کە خانمان بتوانن بە ئاگایانە مامەڵە لەگەڵ جەستەو دەروونیان بکەن و ئارامییەك بۆ دەروونیان دەستەبەر بکەن،بۆ ئەوەی ئەو ئارامیە ببێتە مایەی گەڕانەوەی ئەو وزەیەی کە ڕۆژانە بەکاری ئەهێنن و هۆکارێك بێت بۆ  باشتر بەئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانی ڕۆژانەیان.

لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە کە ئێمەی ژنان چۆن بتوانین ئەو ئارامییە دەروونیە دروست بکەین؟ بەڵێ، پرسیارکردن ئاسانە، بەڵام وەرگرتنی وەڵامیش لەبەرئەوەی ئەبێ کاری پێبکرێت لەلای زۆربەمان تاقەت و کاتی ئەوێت. هەرکات تۆ ئامادەی ئەوەت تیا بوو کە تۆ بەڕاستی گرنگی بەخۆت بدەیت و ڕۆڵی خۆت لە کۆمەڵگا و خێزانەکەتدا بەگرنگ بزانی، ئەوکاتە تۆ باشتر و ئاسانتر ڕێنمایەکان وەرئەگریت و خێراتر هەنگاو ئەنێیت کە ڕۆڵی خۆت جوانتر و بەرزتر بنرخێنیت. تۆ بەم شێوە بکە:

- هەوڵبدە ڕۆژانە ماوەیەك بەخۆت بدە کە تەنها بیت، واتە تەنها خۆت و خۆت. ئەگەر لە سەرەتاوە بە ١٠ خولەك دەست پێبکەیت باشترە. دانیشە بەشێوەیەکی ئارام و پشتت ڕاست بێت و با چەمانەوەی تیا نەبێت، ئەگەر ناتوانیت زۆر ڕاستی بکەیتەوە زۆر لەخۆت مەکە ئاگینا ئەبێتە هۆی دروستکردنی ئازار بۆت. ئەگەر ئەوەت بۆ ئاسان نەبوو ئەتوانی بە پشتا پاڵبکەویت. تەرکیزت با لەسەر هەناسەت بێت. هەناسەکەت لە ڕێگەی لوتەوە هەڵمژەو کەمیك بیهێڵەرەوە لە بەشی خوارەوەی سیەکانتا واتە هەست بکە کە سکت بەرز ئەبێتەوە نەك سنگت و شانەکانت، هەناسەکەت بۆ ٥ تا ١٠ چرکە بهێڵەرەوە و پاشان هەناسە بدەرە دەرەوە لەڕێگەی دەمتەوە. ئەمە زۆر دوبارە بکەرەوە هەتا هەست ئەکەیت وا خەریکە لەشت خاو ئەبێتەوە. تۆ بەدووبارەکردنەوەی ئەم جۆر هەناسەدانە لە دونیای هەراو دەنگەدەنگ و بیرکردنەوە لە کارەکانی ڕۆژانەت و بیرکردنەوە ناخۆشەکانت دوور ئەکەویتەوە و دەچیتە ناو خۆتەوە. تۆ لە ڕێگای ئەم جۆر هەناسەدانەتەوە حەوانەوەیەكت بۆ دێت کە پێشتر هەستت پێنەکردووە، تۆ دڵ و کۆئەندامی دەمارەکانت لە ژەهراوی بوون پاك ئەکەیتەوە، تۆ سیەکانت فێری باشترین شێوەی هەناسەدان ئەکەیت کە لە دوایدا هەرکات بتەوەێ بەهۆی کردنی ئەم ڕاهێنانە وە ئەتوانیت خۆت ئارام ڕابگریت. بەمە تۆ فێر ئەبیت کە باشتر مامەڵە لەگەڵ خۆتدابکەیت و سەرچاوەی هاتنی وزەی نوێی خۆت ئاشکرا ئەکەیت. ئەمە ڕاهێنانە تەنها بۆ یەكجار یان دوو جار نییە، بەڵکو تۆ دەبێت خۆتی لەسەر ڕابهێنی و بروا بکەیت کە ئەم تەکنیکە هاوکارت ئەبێت، بۆیە دەبێت ڕۆژانە بیکەیت بە ڕۆتینێك بۆ دانیشتن لەگەڵ خودی خۆتدا.

بەم شێوەیە تۆ گرنگی زیاتر بەخۆت ئەدەیت و ئەو فشارانەی ڕۆژانە دووچارت ئەبێتەوە کاریان لەگەڵدا ئەکەیت بە بێ ئەوەی بهێڵیت هیچ ئاسەوارێکی خراپ لە سەر دەروونت و ئەندامەکانی لەشت بەجێبهێڵێ.

دەرون بەهێزو ئاسودەبن

گەڕانەوە

www.warzshidaruni.com