ڕاهێنانێكی دەروونی بۆ هۆشیارکردنەوەی بەئاگایت

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

٩/١١/٢٠١٣

زۆربەمان لەبەر زۆری بیرکردنەوەکانمان کاتی ئەوەمان نیە و لەبیرمان دەچێ کە لەو کاتەدا بژین کە ئێمە تیایدا دەژین. لە ئێستادا ژیان ئەگەر چی پڕۆسەیەکی سروشتیەو سەرچاوەیەکی نادیارە لە دەروونماندا و لە بێئاگایماندا خۆی مەڵاس داوە، بەڵام ئێمە زۆرکەم بیر لەوەدەکەینەوە کە ئەو سەرچاوە گرنگە بە ئاگایانەو لە ژێر دەستەڵاتی خۆماندا بەکاربهێنین و هۆشیارانەتر مامەڵە بکەین.

لە ئێستادا ژیان گرنگیەکی بەرچاوی هەیە و مرۆڤەکان لە قۆناغێکی لاوازەوە بەرەو بەهێز دەبات، ئەمەش لە هەر دوو لایەنە جەستەی و دەروونیەکەوە. لەوانەیە زۆربەمان بڵێین ئێمە هەمیشە لە ئێستادا دەژین، ئیتر مەبەست لەو ووتەیە ئەبێ چی بێت؟

ئایا بیرت لەوە کردووەتەوە کە لەوکاتەوەی کە تۆ لەخەو هەڵدەستی و نانی بەیانی دەخۆیت و دەڕۆی بۆ سەرکارەکەت، پاشان ئەوەندەی کە کاردەکەیت و هەتا دیسانەوە دەگەڕێیتەوە مالەوەو هەتا کاتی نوستنیش، تۆ چەند لە بیرکردنەوەدا دەژیت؟ ئایا بیرت کردووەتەوە کە بیرکردنەوەکانت زۆربەیان ڕووداوەکانی ڕابردوون یان بیرکردنەوەیە لە داهاتوو، یانیش ئایا بیرکردنەوەکانت بۆ ئەو ساتەی ئێستایە کەتیایدا دەژیت؟بیرکردنەوە چرەکانمان وایان لێکردووین کە تەنانەت ئەو کاتژمێرەی کە لە دەستماندایە و ڕۆژانە دەیان جار سەیری دەکەین بۆ ئەوەی بزانین کاتژمێر چەندە، ئەگەر پرسیارمان لێبکرێت کە  ژمارەی ناو کاتژمیرەکە چۆن نوسراون، لەوانەیە زۆربەمان نەزانین وەڵام بدەینەوە لەبەر ئەوەی تەنها زانینی کاتژمێرەکەیە بۆمان مەبەستەو لێی بەئاگاین. بەشێوەیەکی گشتی بیرکردنەوە لە ڕابردوو یان لە داهاتوو ناو دەبرێت بە خەونی ڕۆژانە. ئەگەر تۆ بیرکردنەوەت بۆ ئەوکاتە بوو کەتۆی تیایەو بەئاگا بوویت لە دەوروبەرت ئەوا تۆ کەسێکی بەئاگایت لە ئێستا و تۆ بەڕاستی دەژیت و بە لەش و دەروون تۆ ئامادەیت لە ئێستادا

ئەم ڕاهێنانە دەروونیە بکە بۆئەوەی لە ئێستا ژیانت زیاتر بکەیت و بزانە شتی نوێ دەدۆزیتەوە کە پێشتر درکت پێنەکردووە، تۆ بەم شێوەیە مێشکت چالاكتر دەکەیت و دەروونیشت بەهێز:

ئەگەر لە ماڵەکەی خۆتەوە دەست پێبکەیت، ئەوا هەر لە ئەمڕۆوە بڕیاربدە کە بۆ نیو کاتژمێر یان زیاتر تواناو هێزی دەروونی خۆت تاقی بکەرەوە. بڵێ کە لەو کاتەدا من تەنها بیرکردنەوەکانم لە ماڵەکادا دەبێت و تەواوی چەقی قورسایم/ تەرکیزم لەسەر ئەو شتانە دەبێت کە من لەماڵەوە هەمەو ڕوو دەدەن. بۆ نمونە بزانە ماڵەکەت بەتەواوی چۆنە، چ گۆرانکاریەك دەبینی، مناڵەکانت ڕەفتاریان چۆنە، قسەکردنیان چۆنە، دایكت و باوکت و خوشك و براکانت و خێزانت چۆن ئەبینی و سەرنجیان بدە و هەست بەهەموو گۆرانکاریەك بکە. خۆت تەواو بە ئاگا بزانەو بزانە دەنگەکان چۆنن، ڕەنگەکان، هەستت چۆنە، خۆشت ببینە و بزانە تۆش ڕەفتارت لەوێدا چۆنە و هەست بە گۆڕانکاریەکانی خۆشت بکە. ئەو کاتە تەرخان بکە بۆ خۆت و ئەوان. کەس پێویست ناکات کە بەم کارەی تۆ بزانێت. هەر رووداوێك یان گۆڕانکاریەکت هەست پێکرد قبوڵی بکە. تۆ بەمشێوەیە مێشکت چالاكتر دەکەیت و دەروونیشت بەهێز.

یان/ ئەگەر ئەمجارە لەبازاردا یان کە گەڕایتەوە ماڵەوە سەرنجی خۆت بۆ ماوەیەك بکەرەوە بۆ دەوروبەرت بزانە هەست بەچی دەکەیت. گرنگە کە تەواوی هەستەکانت بخەیتە کار بۆ ئەوەی زۆرترین شت ببینی، ببیستی، هەست پێبکەیت، تام بکەیت، بەری بکەویت. ئەم ڕاهێنانە بەئاگایە وات لێدەکات کە تۆ لەدەوروبەرت هۆشیارترو بەئاگاتر ئەبیت و بەدڵنیایشەوە هەمیشە هەست بەشتێكی نوێ دەکەیت و شتی نوێ دەدۆزیتەوە. لەوانەیە بکەویتە باریکی سەرسوڕمانەوە کە تۆ چۆن هەتا ئێستا هەستت بەم گۆرانکاری و شتانە نەکردووە کە تۆ ڕۆژانە دەشیان بینی و بەلایاندا تێدەپەڕی. هەروەها لەو ڕۆتینەش دەچیتە دەرەوە کە وا بزانیت هیچ شتێکی نوێ ڕوونادا. لە ڕاستیدا مرۆڤ هەمیشە لە گۆرانکاریدایە جا گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤەکان خۆیان بتوانن ئەو گۆڕانکاریانە و نوێ بوونەوانە هەست پێبکەن. ئەوەی شایانی باسە دەتوانن ئەم جۆرە ڕاهێنانە لە زۆربەی شوێنەکاندا بگونجێنن.

www.warzshidaruni.com

سەرکەوتوبن

گەڕانەوە