پشودانی پاش کارکردن هونەرە و گرنگی پێبدە

ڕاهێنەری دەروونی عەبدوڵا تۆفیق


2/9/2015

ئایا بیرت لەوە کردووەتەوە کە بۆچی هیچ مرۆڤێك ناتوانێ بە بەردەوامی و بێ پشو کاربکات و لە فەرمانگاکەیدا یان لە شوێنی کارکردنیدا بمێنێتەوە؟
بە شێوەیەکی گشتی و ستانداردی جیهانی ٨ کاتژمێر دانراوە بۆ کارکردن. بەداخەوە لە هەندێ وڵات و شوێنی کاردا سود وەرگیراوە لە مرۆڤەکان و زۆر نامرۆڤانە کاریان پێدەکرێت و بە خەرجیەکی زۆر کەمیش. لە هەمانکاتیشدا زۆر شوێنی کار هەیە تەنها چەند کاتژمیرێکی زۆر کەم کار دەدەن بە کارمەندەکان، ئەمانە بە هۆکار و پاساوی جیاجیا.
بەڵام قسەکەی من ڕووی لەوانەیە کە دوای چەند کاتژمێر کارکردن، چەندین کاتژمێری هەیە بۆ حەوانەوەو پشو. هەروەها ١-٢ ڕۆژیان هەیە لە هەفتەیەکدا و لە ساڵێکیشدا چەند هەفتەیەکیان لەسەر یەك هەیە بۆ ئەوەی تەواو لە کارەکانیان دوور بکەونەوە، وزەی نوێ وەربگرن و بە پشویەك و ئارامگیریەوە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
ئەگەر تۆ چەندین کاتژمێرت هەبوو بۆ پشوو وزەی نوێ وەرگرتن، بەڵام کە چوویتەوە سەرکارەکەت و هێشتا هەستت بە ماندوبون کرد و بێزاربیت لە کارکردن، ئەوا تۆ لەو مۆبایلە دەچی کە خراوەتە شەحنەوە بەڵام بەباشی شحنەکەی وەرنەگرتووە. تۆ کە مۆبایلەکەت شەحن دەکەیت دەتەوێ ١٠٠% شەحن ببێ، بۆ ئەوەی بۆ بەیانی زۆر بەشت بکات و ئارامبیت لەو بارەیەوە و گرنگیشی پێدەدەیت. بەڵام تۆ ئەگەر نەتتوانی بەو شێوەی مۆبایلە خۆت شەحن بکەی بۆئەوەی سبەینێ کارەکانت بە تاقەت و دڵخۆشی بەڕێبکەیت، ئەوا تۆش بەهەڵە پشودەدەیت، یان باشتر بڵێین کە تەکنیك و هونەری پشودان نازانی. نەزانین و گرنگی پێنەدان بە پشویەکی باش و خۆهێنانەوە بۆ دۆخێکی ئاسایی کە لەش و دەروونت پێویستیەتی و پێی ئارام دەبێتەوە، لەوانەیە بەرە بەرە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی خەوتن، سەر ئێشە، ئازارەکانی جومگە و ئێسقان، سترێس، کێشەی کۆمەڵایەتی و خراپبوونی تەرکیز و زۆر نەخۆشی جەستەیی و دەروونیتر.
بەوردی لەم خاڵانەی خوارەوە بکۆڵەرەوە بۆ خۆت:
_ ئایا تۆ کە دەچیتەوە سەرکارەکەت هەست دەکەیت کە تەواو ئامادەیت بۆ وەرگرتنی ئەرکی نوێ؟
_ ئایا کەسێکی بۆڵە بۆڵکەری و کاریگەری نێگەتیڤ دەکەیتە سەر کارمەندەکانیتر؟
_ هەندێ جار هەست بە ئازار دەکەیت لە ( پشت، قاچ، سەر، سك)دا.
ئەگەر بڕوات وابوو کە تۆ دەتوانی پشویەکی باش بدەیت پاش کارکردنت، ئەوا تۆ لە زۆربەی لایەنەکانی کۆمەڵایەتی و دەروونی و جەستەییەوە بێ کێشە دەبیت. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر تۆ هەست دەکەیت کە پاش کارکردن هێشتا هەست دەکەیت تۆ لە کارکردنی بەردەوامدایت و هەمیشە سەرقاڵیت و ناتوانی یان کاتێك نادۆزیتەوە هەتا پشویەکی باش بدەیت، ئەوا تۆ لە بازنەی مەترسیدایت. تۆ لەو بارەدا پێویستت بە دۆزینەوەی ڕێگایەکی باش هەیە بۆ ئەوەی دووچاری ناڕەحەتی نەبیتەوە.
تۆ دەتوانی لە ڕێگەی تەکنیکەکانی ڕاهێنانە دەروونیەکانەوە زۆر ڕێگای ئاسان بدۆزیتەوە کە بەتایبەت بۆ تۆ گونجاوە، هەتا بە خێراترین شێوە فێرببی کە وزەی نوێ وەربگریت و سود لە سەرچاوەکانی جەستەی خۆت وەربگریت بۆ پشویەکی تەندروستتر. ئەوەت لە بیرنەچێ کە تۆ کەسێکی دەگمەنی، هەربۆیە تۆ دەتوانی بۆ ئەو شێوازە بگەڕێی کە لە گەڵ سروشتی تۆدا ڕێكدەکەوێ.
سەردانی ماڵپەڕی وەرزشی دەروونی بکەو ڕینمایی وەربگرە.

سەرکەوتوبن

www.warzshidaruni.com

پەیجی عەبدوڵا تۆفیق

گەڕانەوە