مێدیتەیشنێك لەگەڵ وشەی (هیچ) دا

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

٢٥/٤/٢٠١٢

ڕۆژیك زۆر سەرقاڵی دۆزینەوەی هۆکاری ئەو هەموو توڕەبوون و بار پەشێویەی یەكێك لە نەخۆشەکانم بووم و بەدوای چارەسەرێكدا دەگەڕام. نەخۆشەکەم نەخۆشی ئەڵشایمەر (دێمێنس)ی هەیە. بێگومان پێش ئەوەی کە پەنا ببرێتە بەر دەرمانی ئارامکردنەوە دەبێت ڕێگاکانیتر تاقیبکرێتەوە هەتا کەسێك هێور بکرێتەوە. ئەوەی لێرەدا مەبەستمە پرسیارێکی من و وەڵامێکی ئەو نەخۆشە بوو کە هیچ ئارامی نەمابوو هەر ئەهات و ئەڕۆی بە دەمووچاو گرژیەکەوە. کاتێك کە لێم پرسی بیر لەچی ئەکەیتەوە؟ ئەویش لەوەڵامدا وتی: من بیر لە (هیچ) ئەکەمەوە؟.

وەڵامی ئەم پیاوە دەست بەجێ ئەو کاتەی بیر هێنامەوە کە لەگەڵ مناڵەکەمدا باسی دروستبوونی دونیامان ئەکرد کە چۆن خودای باڵا دەست ئەم هەموو شتەی دونیای لە هیچەوە هێنایە بوون. مناڵەکەم وتی بابە: ئەزانی بیر لەچی ئەکەمەوە، تۆ بیر بکەرەوە کە هیچ شتێك نەبێت و ئێمەش نەبین، هەستمان چۆن ئەبێت؟

ڕەنگە ئێوەش وەك من وەڵام بدەنەوە، کە ئەگەر ئێمە نەبین هیچ هەستێکمان نیە و نازانین. بەڵام پرسیارەکە خۆی لە خۆیدا زۆر فەلسەفیانەیە، لەبەر ئەوەی زۆربەی پرسیارەکانی مناڵ فەلسەفەیە و زۆرجار زاناکانیش ناتوانن وەڵام بدەنەوە.

ئێمە زۆرجار وشەی (هیچ) بەکار ئەهێنین بەبێ ئەوەی بەتەواوی لەماناکەی بگەین، بۆ نمونە بەکەسێك ئەلێین بۆچی وا بێدەنگی شتێك بووە؟، یان لەدەرەوە چ باسە؟ و هتد. بەڵام زۆر بەی وەڵامەکان بە (هیچ) نیە و هیچ نەبووەیە. بەڵام ئایا ئەو وەڵامانە دروستن؟. بەڵێ لەبەر ئەوەی کە ئەو وەڵامە بووتە ڕۆتینێك لە قسەکردنماندا و بۆ خۆ دەربازکردن لە باسکردنی شتێك بەشێوەیەك ڕازیکەرە.

ماوەیەکە پرسیار لە مناڵ و گەورەو نەخۆش و ساغ ئەکەم کە لای ئەوان (هیچ) مانای چییە؟ هەموویان هەر ئەلێن مانای (هیچ) هەر هیچە. بەڵام کەوابوو (هیچ) چییە؟

هەر سەبارەت بەم باسە پێم باشبوو ڕاهێنانیك بۆ وشەی (هیچ) ئامادەبکەم. ئێمە هەموومان پێویستیەکی زۆرمان بە (هیچ) هەیە کە هەندێجار تیایدا بژین، کە لەوێدا هەموو شت بەخواستی خۆمان بوەستێنین. چوونە ناو باری هیچەوە ماوەدانێکە پڕیەتی لە وەستان و دوورکەوتنەوە لە دوودڵی، لەو بیرکردنەوانەی کە بەوێنەی جۆراو جۆری ترسناکەوە خۆی دەکات بەمێشکمانداو هۆقرەی لێهەڵبڕیوین و بۆ ماوەیەکی کەمیش ناهێڵێت خۆمان بین.

مێدیتەیشنێکی زۆر ئاسانم بۆ ئامادەکردوون بۆ ئەوەی بزانن کە وشەی (هیچ) چەند مانادار ئەبێت لەلاتان و هەست بەو پێویستیە گرنگە ئەکەن ئەگەر ئاشنای ئەو وشەیە ببن. ئەم مێدیتەیشنەم بۆ مناڵ و گەورە ساڵم تاقی کردووەتەوە هەموویان هەستیان بە جۆرێك بەسەرهات و کۆنتڕۆڵی خۆیی کردووە لەگەڵ دلخۆشیدا.

بەم شێوەیە بکە:

لە شوێنێکی بێدەنگدا کە هەر خۆتبی، شێوەیەکی خۆش بدۆزەرەوە بۆ دانیشتنت، یان ئەتوانی پاڵ بکەوی لەسەر پشت. کە هەستت کرد ئەتوانی بۆ ماوەی ١ یان ٢ خولەك بەو شێوەیە بیت ئیتر تۆ چاوت دابخە. هەناسە لەسەر خۆ بدەو دونیای دەرەوە بەجێبهێڵە. ئەوەی لەسەر تۆ داواکاریە ئەوەیە کە تەنها ئارام بگرە. سەرەتا وا دەست پێبکە کە تۆ بیر لەهیچ نەکەیتەوە. بەڵام ئۆتۆماتیکی پاش چەند چرکەیەك وخەیاڵیك بە وێنەوە سەر هەڵ ئەدات. تۆ هەر کە زانیت خەیاڵەکەت بۆهات دەست بەجێ وشەی (هیچ) ببینە کە لە بەردەمتا نوسراوە. تەنها ئەو وشەیە ببینەو بۆخۆتی بخوێنەرەوە. بەڵام دیسانەوە خەیاڵێکیتر سەر هەڵئەدات، تۆش دیسانەوە ئەو ووشەیە ببینەو بیخوێنەرەوە. تۆ بەم شێوەیە بەردەوامبە هەتا ڕێگا لە هەموو ئەو بیرکردنەوانەت ئەگری کە ئەیەوێ تۆ لە ئارامیەوە بەرەو گرژی و سەرقاڵی ژیان بباتەوە.

تۆ ئەتوانی لەسەرەتاوە بۆ فێربوونی خۆت لە ١ خولەکەوە دەست پێبکەیت، پاشان بەپێی پێویستی خۆت زیاتری بکەیت و لەزۆر باری جیاجیادا بەکاری بهێنیت. ئەم ڕاهێنانە زۆر گونجاوە بۆ دەرکردنی خەیاڵی ناخۆش و گەڕانەوە بۆ دۆخێکی خۆش کە تۆ خۆت خوازیاریتی. کە فێر بوویت بەکاری بهێنیت ئیتر تۆ لەوانەیە لەکاتی پیاسەکردندا، لەناو پاس و ئۆتۆمبیلیشدا بە ئاسانی کار بکەیت بۆ وەستانی بیرکردنەوەی ناخۆش، بەڵام خۆت بەم ڕاهێنانەوە خەریك مەکە لەکاتێکدا کە خۆت شۆفێری ئەکەیت.

سەرکەوتوبن

گەڕانەوە