بیرکردنەوەیەك لەمانای ژیان

چۆپی مەجید

٢٥/٢/٢٠١٢

ئایا ڕۆژێك لە ڕۆژان دانیشتویت وکاتێکی کەمت تەرخان کردووە بۆ ئەوەی بیرێك لە مانای ژیان بکەیتەوە کە ئێمە بۆ ئەژین؟ ئایا پێویست ئەکات ئەوەندە دڵ تەنگ بین کاتێك شتێك بەدڵی خۆمان نابێت؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری ترهەن کە ئەگەر وەڵامە دروستەکەیمان دەستکەوت زیاتر خۆڕاگر دەبین بەرامبەر ئەو کێشەو گرفتانەی کە دووچارمان دەبیتەوە لە ژیاندا. ئێمە فێری ئەوە دەبین کە کێشەکان وەك خاڵێکی بچووك ببینین وزیاتر سەرنج بخەینە سەر ڕەفتارەکانمان کە باشتریان بکەین، وە تەنها بۆ ئەو کارانە دڵ تەنگ ببین کە زیان بە ئاکارو دین و بیروباوەڕمان ئەگەیەنێت.

هەر لەدێر زەمانەوە مرۆڤ عەوداڵی ئەم پرسیارانە بووەو بۆ وەڵامەکانی گەڕاوە. هەر بۆیە مرۆڤەکان هەریەك بەشێوەیەك مانایەکی بۆ ژیانی خۆی دۆزیوەتەوە. بەڵام لە سەرئەنجامدا باشترین مانا بۆ ژیان لەئاینەکانی خودادا بۆ مرۆڤ شیکراوەتەوە کە ژیان تاقیکردنەوەیەکە بۆ مرۆڤەکان و ئەبێتە بڕیاردەری بۆ دیاریکردنی ژیانی داهاتووی. مەبەست لە بوونی مرۆڤیش ئەوەیە کە بەو تاقیکردنەوانەدا بڕوات وتواناکانی بەکاربهێنێت بۆ بەجێهێنانی ئەو فەرمانانەی کە پێی دراوەو زاڵ بێت بەسەر ئارەزووەکانی وخۆڕاگر بێت بەرامبەر کێشەو ناڕەحەتیەکان و سوپاس گوزاری خۆشی و بەخششەکانی پەروەردگار بێت.

ژیان بریتیە لە خۆشی و ناخۆشی. هەریەك لە ئێمە (گەورەساڵ ومنداڵ، پیرو گەنج) بەم دوو بوارەدا تێ ئەپەڕێت و هەستەکانی بەکارئەهێنیت، بەڵام هەریەکەمان بەشێوەیەکی جیاواز. هەندێك کەس لە ناخۆشی و کێشەکاندا زۆر دڵ شکاو دەبن و زۆربەی دەرگاکان لەسەر خۆیان دادەخەن و رەش بین دەبن بەرامبەر ژیان. بەم شێوەیە ڕێگە لە بیرکردنەوە ئەرێنی وتواناکانیان ئەگرن بۆ بینینی ئەو هەل و ڕێگە چارانەی کە هەن بۆ ڕزگاربوونی لەو نارەحەتیەی کە تیایدان. هەندێکی تر بە پێچەوانەوە کێشەکان وەك هاندانێك ئەبینن بۆ گەشەکردنی تواناکانیان و زۆر ئەرێنین بەرامبەر ژیان. هەمیشە ئەوەیان لەیادە کە دوای هەموو ناخۆشیەك خۆشی دێت و کەس نیە تا سەر لە خۆشیدا بژی یان لە ناخۆشیدا. وە ئەگەر ناڕەحەتی و ناخۆشی و سەرنەکەوتن لەم ژیانەدا نەبوایە ئەوا هەستمان بەخۆشییەکان نەدەکرت وچێژمان لە سەرکەوتنەکان وەرنەدەگرت.

ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین لەش ساغ و خۆشحاڵ و ئارام بین ئەبێت خۆمان ڕابهێنین کە ڕێ لە بیرکردنەوە ناخۆشەکانمان بگرین کە ئەبێتە هۆی ڕەش بینیمان. هەوڵبدەین کە زۆرترین سەرنجمان بخەینە سەر ئەو یارمەتی و کردەوە باشانەی کە ڕۆژانە ئەیگەیەنین بە خێزان و هاوڕێ و چواردەورمان. کە ئەمەش ئەگەر بە ئاگایانە بکرێت شێوازێکە لە شیوازەکانی ڕاهێنانی دەروونی.

ئەو ڕاهێنانە زۆر ئاسانەو شەوانە پێش نوستن ئەنجام ئەدرێت بەم شیوەیە:

چەند خولەكێك دانیشە و چاوت داخەو هەناسەیەکی قوڵ هەڵکێشە، بیر لە چۆنیەتی تێپەڕاندنی ڕۆژەکەت بکەرەوەو زۆری سەرنجت بخەرە سەر ئەو بیرکردنەوە ئەرێنی و کارە باشانەی کە بە ئەنجامت گەیاندووە لەو ڕۆژەدا. بۆ نمونە ( لەکارێکدا سەرکەوتوو بویت، دڵی کەسێکت خۆش کردووە، یارمەتی کەسێکت داوە کە پێویستی بەیارمەتی بووە، ڕێنمایی کەسێکت کردووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەکی ڕاستر، ئەگەر کەسێك هەڵەیەکی کردبێت بەرامبەرت تۆ بەتواناترو هێمنتر بوویت وهەمان هەڵەت بەرامبەر نەکردۆتەوە..........تاد.) ئەم جۆرە بیرکردنەوانە یارمەتیت ئەدات کە زیاتر بڕوات بەخۆت بێت و ئاسانتر ئەتوانیت ڕەفتارەکانی خۆت ببینی و گەشبین و دەروون بەهێز ئەبیت. ئەگەر هەر شتێکتی وا گرنگ کە شایانی گرنگی پێدان بێت لەلات نەکرابوو لەو ڕۆژەدا کە بیری لێ بکەیتەوە، ئەوە بەسە بۆ دڵ خۆشیت کە تۆ توشی کارێکی هەڵە نەبویت یان ئازاری دڵی کەسێکت نەداوە.

دەروون بەهێزو ئاسودە بن

گەڕانەوە