کێشه نیه چاره‌سه‌ری مه‌حاڵ بێت!
له ڕێنمایه‌کانی عه‌بدوڵا تۆفیق/ پسپۆڕی ڕاهێنانه ده‌روونیه‌کان
گرفتێکی ماتماتیکی هه‌بوو که پێیان وابوو چاره‌سه‌ری مه‌حاڵ بێت. سه‌دان دانا‌و پڕۆفیسۆری ماتماتیك هه‌وڵیان دابوو به‌ڵام به‌بێ هیچ سه‌رکه‌وتنێك. له‌کۆتایدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسیاره بڕیارێکیان ده‌رکرد، که یه‌ك ملیۆن دۆلار و مه‌دالیای (فایلدی نۆبڵ) ی ماتماتیک بده‌ن به‌و که‌سه‌ی که کێشه‌که چاره‌سه‌ر ده‌کات.
کێشه ماتماتیکیه‌که به ناوی (پۆینیکارێس) بوو که له‌به‌ر ئاسته‌می چاره‌سه‌ری دایان نابوو به یه‌کێك له کێشه گه‌وره‌کانی ئه‌و ساڵه که زۆری سه‌رقاڵ کردبوو.
ڕۆژێکیان له ساڵی 2002 دا له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه چه‌ندین سه‌ردێڕی گه‌وره نوسرابوو که کابرایه‌کی نادیار کێشه ماتماتیکیه‌که‌ی دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌و پیاوه‌ی باسی لێده‌کرا ناوی (گرایگۆری پێرێلمان) بوو که ڕوس بوو خاوه‌ن ڕیشێکی زۆربوو که‌ڕوخساری له مرۆڤی ئێستا نه‌ده‌چوو.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو ئه‌وه‌بوو که بۆ چی ئه‌م کابرایه چاره‌سه‌ره‌که‌ی له ئینته‌رنێتدا بڵاوکرده‌وه له‌باتی ئه‌وه‌ی که به‌شێوه‌یه‌کی زانستیانه پیشانی بدات. ئه‌و پیاوه خۆی ده‌رنه‌خست، که ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی که زانایانی ماتماتیك بگه‌ڕێن به‌دوایداو په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵدا ببه‌ستن.

ئێستا که ساڵی 2009 یه، هه‌تا ئێستا گرایگۆری پێرێلمان نه‌ڕۆشتووه ملیۆن دۆلاره‌که و نۆبڵه‌که‌ی وه‌ربگرێت. له هه‌مان کاتیش‌دا بانگهێشکراوه که تیتلی پڕۆفیسۆری بدرێتێ له یه‌کێك له زانکۆ نایابه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا.
له ساڵی 2003 دا ته‌نانه‌ت پۆسته ئه‌له‌کترۆنیه‌که‌ی گرایگۆری داخرا. وه دواهه‌مین هه‌واڵ له‌باره‌ی ئه‌و پیاوه‌وه ئه‌وه‌یه که دیویانه له ناو یه‌کێك له دارستانه‌کانی ڕوسیادا خه‌ریکی قارچك هه‌ڵکه‌ندن بووه و له‌هه‌مان کاتیش‌دا خه‌ریکی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی نوێیه له ماتماتیکدا.
باشه ئێمه‌ی خوێنه‌ر له‌م به‌سه‌رهات و باسه چی فێرئه‌بین؟
دیاره تۆی خوێنه‌ریش هه‌ر وه‌ك من بۆچونی خۆتت هه‌یه، من ئه‌ڵێم ئه‌م باسه سێ شت فێری ئێمه ده‌کات:
1. ئه‌گه‌ر ئه‌و شته بکه‌ین که حه‌زی لێده‌که‌ین پێویستمان به خه‌ڵات و به‌خشین نابێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامبین له‌سه‌ر کارکردن له‌و بواره‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌ستێکی خۆشمان بۆیه‌ت که ناتوانرێت ده‌رببڕێت.
2. وه‌ك ده‌ڵێن بڕیار مه‌ده به‌سه‌ر سه‌گێکدا به‌هۆی توکه‌که‌یه‌وه. گرایگۆری به ڕواڵه‌ت پاک‌و خاوێن نه‌بوو، له کابرایه‌کی ئه‌وه‌نده زیره‌ك نه‌ده‌چوو که کێشه‌یه‌کی وا چاره‌سه‌ر بکات. که‌واته نابێت خێرا بڕیار بده‌ین به‌سه‌ر که‌سێکدا ته‌نها له به‌ر ڕوخسار‌و شێوه‌ی.
3. هیچ شتێك مه‌حاڵ نیه! ئێمه ئه‌توانین ئه‌م باسه تێکه‌ڵ بکه‌ین له‌گه‌ڵ هه‌ر بوارێکی تردابێت و بیگونجێنین و به‌ر ڕێگایه چاره‌سه‌ری مه‌نتقی بدۆزینه‌وه.
که‌وابوو ئه‌وه‌بکه که حه‌زی لێده‌که‌یت. ئارامیت ڕاگره له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی ده‌وروبه‌رتدا. هه‌میشه چاره‌سه‌ر هه‌یه بۆ هه‌مو کێشه‌کان ئه‌گه‌ر بڕوامان به چاره‌سه‌ر هه‌بێت و هانگاوی ڕاسته‌قینه‌ی بۆ بده‌یت و له تاقی کردنه‌وه‌ی ڕێگاکان نه‌ترسین.
سه‌رکه‌وتوبن............
عه‌بدوڵا تۆفیق
/ سوید
www.warzshidaruni.com
abdullahtawfik@hotmail.com