مەبەست لە خۆ خاوکردنەوە چیە لە ڕاهینانە دەروونیەکاندا؟

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

١٥/٧/٢٠١١

کاتێك کە باس لە کردنی ڕاهێنانێکی دەروونی ئەکەین زۆر جار وەك کارێکی سەرەکی و گرنگ ناوی خاوبوونەوە ئەبەین. لەبەر ئەوەی لە کاتی خاوبوونەوەماندایە کە ئێمە ئەتوانین هێدی هێدی بخزێینە ناو هەست و بیر و وێنە خەیاڵیەکانمانەوە.

خاوبوونەوە مۆڵەتێکە کە ئێمەی مرۆڤ بیرمان چووەتەوە کە یەکجار گرنگە بۆ ئەوەی بەهۆیەوە تەندروستیمان باشتر بێت، کە ئەبوایە زۆرجار بچووینایەتە ناو ئەو دۆخەوە. ئێمە ئەتوانین بەهۆی هەندێ ڕاهێنانی ئاسانەوە بچینەوە ناو ئەو دۆخە، لەبەر ئەوەی هەموو مرۆڤێک لەگەڵ هاتنە دونیایەوە بەشێوەیەکی سروشتی لەم دۆخەدا ئەژی بەڵام لەگەڵ گەورەبوونمان لەلای زۆربەمان ئەم توانا خۆڕسکەی کە لەناوماندا هەیە وون ئەبێت. بۆیە یەکیك لە خاڵە گرنگەکان بۆ تەندروستیەکی باشتری دەروونی و بەدەنی ئەوەیە کە سەر لەنوێ خۆت فێر بکەیتەوە کە بە شێوەیەکی تەندروست خۆت خاووبکەیتەوە.

لەسەرەتاوە ئەبێت بزانی کە خاوبوونەوە مەبەست لەوەیە کە تۆ بتوانی جیاوازی بکەیت لە نێوان ماسولکەیەکی گرژ و ماسولکەیەکی شلدا. بۆیە من لێرەدا بۆ ئاسانکاری و فێربوون لە گوێگرتن لە ماسولکەکانی لەشت پێشنیار ئەکەم کە بتوانی گوێ لە بەرنامەی خاووبونەوەی ماسولکە بگریت کە لە سی دی (خاوبوونەوەی لەش و دەروون/عەبدوڵا تۆفیق) لە تراکی یەکەمدا هەیە.

جیاوازیش بکە لە نێوان خۆ خاوکردنەوەو خۆ شلکردندا. لەبەر ئەوەی ئێمە کەمیك لە گرژبوونمان پیویستە بۆ ئەوەی ماسولکەیەکمان کارپێبکەین یاخود ئەگەر بڵێم هێزێکمان پێویست ئەبێت. بەڵام ئەبێت بەتەواوی خۆت خاووبکەیتەوە بۆ ئەوەی ماسولکە گرژەکانت بدۆزیتەوە.

خاوبوونەوەی لەشمان وەك پاکردنەوەیەکە لە کۆ ئەندامی دەمارماندا. وە ئەوەی جێی خۆشحاڵیە لەم پاککردنەوەیەدا ئەوەیە کە تۆ خۆت کۆنتڕۆڵت بەدەستە. ئەگەر هەستت بە ناخۆشیەك کرد لەکاتی کردنی خاوبوونەوەکەدا ئەتوانی تەنها هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژیت و چاوبکەیتەوە. کاتێك کە لەشت وا خەریکە واز لە هەندێ گرژی ناپێویست ئەهێنێت لە لەشتا ئەوکات زۆر لەش هەست بە ماندووبوون، بێتاقەتی، بێزاری، دوودڵی و تووڕەبوون ئەکات. کە ئەمەش یەکێكە لە کاردانەوە سروشتیەکانی کۆئەندامی دەمار کە ڕوودەدات لە مرۆڤدا، دوای ئەوەی کە ماوەیەکی دوورو درێژە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی باش خۆی خاوبکاتەوە. بەلام ئەم کاردانەوەیە لە کەسێکەوە بۆ یەکیکیتر جیاوازی هەیە و هەمووکەس ئەم کاردانەوەیەی نابێت.

چەند خولەکێك لە خاوبوونەوە پشوویەکی قوڵ و هەستکردن بە چالاکی لەشتا درووست ئەکات. ئەکرێت ئەم خاوبوونەوەیە ئەنجام بدرێت بۆ کۆکردنەوەی هێز و توانا پێش کردنی ئەرکێك. تەرکیز/ چەقی قورسای و بیرت باشتر ئەبێت. تۆ ووزەیەك وەر ئەگریت و هەست بە ئارامی و دڵخۆشی ئەکەیت. تۆ ئاسانتر ئەتوانی کاربکەیتە سەر خۆت لە بارە گرژ و سترێسیەکاندا. تۆ بەئاگابوونت و خود و هەستکردن بەخۆت زیاتر ئەکات و زۆرتر هەست بە سیگناڵەکانی لەشت ئەکەیت. سوودە پۆزیتیفەکانی خاوبوونەوە زۆرن کە لەوانەیە یەك لیستەی درێژی بوێت بەلام باشترە خۆت کاتیك ئەم ڕاهێنانە ئەنجام ئەدەیت هەست بەسودەکانیتری بکەیت.

ئێمە نابیت هەرگیزخۆمان ناچاربکەین بۆ ئەوەی کە خاوببینەوە، بەڵکو ئەبێت ماوە بدەین کە ئەو بارە ڕووبدات لە ناوماندا بەهۆی پێدانی زانیاری بەئاگایانە بە مێشکمان. هەندێ کەس زۆر بۆی ئاستەمە کە بتوانێ بە یەكجار یان بە چەند جارێك خاوبوونەوە هەست پێبکات، بۆیە نابێت هەرگیز بڵێین کە (من ناتوانم خاووببمەوە) دەستی لێهەڵبگریت. بۆ زۆرکەسیش تەنها بە هەناسەیەکی ڕێك و درووست خاوبوونەوەکەی بۆیەت. مرۆڤ جیاوازی لە خۆ خاووکردنەوەدا هەیە، هەندێ بە یەکەمجار و هەندێکیتریش بە هەفتەیەك فێر ئەبێت، ئەوەی گرنگە کە بزانی ئەوەیە کە تۆش ئەتوانی/ فێر ئەبیتەوە کە خۆت خاوبکەیتەوە. ئەوەی ڕێگرە لە خۆخاوکردنەوە تەنها ئەوەیە کە تۆ خۆت نەتەوێت.

www.warzshidaruni.com

سەرکەوتوبن

گەڕانەوە