مەبە بەو ماسیە بچوکانەی کە لە ژێر گەورەکاندا مەلەدەکەن


ڕاهێنەری دەروونی/ عەبدوڵا تۆفیق

16/09/2015


مناڵ گەشە دەکات و گەورە دەبێ و پاشان لەسەر پێی خۆی دەوەستێ، بەهەمان شێوەش زیندەوەرەکان و تەنانەت سەوزایی و دارو درەختیش.
ئایا تۆ کارمەندێکی یان کار بۆ کەسێكی تر دەکەیت یان بە شێوەیەك ژیان دەگوزەرێنیت کە گەورەت هەیەو دەبێ بەردەوام لەژێر فەرمانی ئەواندا بیت؟ ئایا هەست دەکەیت کە پێشکەوتن و گەشەکردن بەخۆتەوە دەبینی لەو شوێنەدا کە تۆ کاری تیا دەکەیت؟ یان بە پێچەوانەوە وا هەست دەکەیت کە هەموو شتەکان وەستاون، خۆت وەك ماسیە بچوکەکان دەبینی کە هەمیشە لە ژێر ماسیە گەورەکاندا مەلەدەکەن.
پەندێکی ڤەنزویلی هەیە کە دەڵێ: لە ژێر گەڵای مانگۆدا هیچ شتێك گەشە ناکات. لە ڕاستیدا زۆربەی بەڕێوبەرو بەرپرس و سەرۆكەکان هەمیشە لەو گەڵای مانگۆیە دەچن، ئەوان دەیانەوێ زۆرترین وزە بۆ خۆیان بڕوات هەتا خۆیان باشتر گەشە بکەن و گەورەتر ببن. ئەو بەرپرسانەی کە لەو گەڵایە دەچن کارمەندەکانیان، خەڵکەکانیان بە ژیرانە دەچەوسێننەوە و ماوەیان پێنادەن کە سەر دەربێنن و بڵێن کە ئەوانیش هەن و منیش هەم و دەمەوێ گەشە بکەم و هەڵکەوم.
گەڵای مانگۆ لەبەرئەوەی کە زۆر پانە وایکردووە کە سێبەرێکی زۆر بۆ ژێر خۆی دروست بکات و زۆرترین وزەو تیشکی خۆر بۆ خۆی بەدەست بێنێ، بەم شێوەیە ئەوەی لەژێرئەو میوەیەدایە هەمیشە سست و لاواز دەمێنێتەوە.
بوون بە بەڕێوبەر یان بەرپرس و سەرۆك واتای وایە کە ئەوکەسە زۆر زیاترئەرکی دەکەوێتە ئەستۆ. ئایا هەموو کەسێ ئەو توانایەی هەیە کە بەرپرسیاریەتی لە خۆ بگرێ؟ لەوانەیە زۆرمان بتوانین، بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێ کە زۆربەی جارەکان لەسەر حسابی کۆمەڵێ کەسیتر دەشکێتەوە. بۆیە گرنگە کە هەندێجار لە گەڵای مانگۆکەوە شتێك فیرببن. گەورەبوون و تواناو هێزی کەسێك دەتوانێ ببێتە هۆی بچوککردنەوەی کەسێکیتر. زۆربەی پەرپرسەکان لەوە تێناگەن کە کاری ئەوان ئەوەیە کە گەشە بدەن بە تواناکانی کەسانیتر، کە بتوانن تواناکانیان بدۆزنەوەو زیاتر لەسەر پێی خۆیان بوەستنەوە. بەداخەوە زۆربەی بەرپرسەکان بۆ چەوساندنەوەی خەڵکی تر بونەتە بەرپرس و بوونەتە چاودێر بەسەر ئەوانەی کەوا بەڕێوەن بەرەو سەرکەوتن، هەتا بتوانن بیخەن.
ئەگەر تۆ وا خۆت دەبینی کە لەژێر ئەو گەڵایەدایت، یان وەك ماسیەکی بچوکی و لەژێر ماسیەکی گەورەدا مەلەدەکەیت، ئەوا هەوڵبدە و بویرانە ڕێگەی نوێ بدۆزەرەوە. هەوڵبدە سەر هەڵبڕە، ئەگەر لەشوێنێکی بچوکیشەوە بێ وزە پەیدابکەو لەو شوێنەدا مەمێنەرەوە کە بۆهەتا هەتایە لە سستی و بێ متمانەی بە خۆت بی. تۆ شایەنی ئەوەی کە گەشە بکەیت، زانیاری نوێ وەربگری و ئەوەی دەتوانی پێشکەشی بکەیت و بەرپرسێکی داد پەروەرت هەبێ.


سەرکەوتوبن

www.warzshidaruni.com

پەیجی عەبدوڵا تۆفیق

گەڕانەوە