لێکۆڵەرەوان سەبارەت بە مێدیتاشون چی دەڵێن؟

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

٢/ ٢/ ٢٠١٤

ئێمە زۆر جار لەناو بابەتەکانی ڕاهێنانە دەروونیەکاندا باس لە ڕاهێنانی مێدیتاشون دەکەین، لەبەر ئەوەی مێدیتاشون بەشێکی گرنگی لایەنی رۆحی مرۆڤەکانە.

مێدیتاشون تەنها کردەوەیەك یان ڕاهێنانێك نیە بۆ کات بەسەربرن و خۆشی بێت. لێکۆڵینەوەکانی مێشك ئەوەیان بۆ ڕوونکردوینەتەوە کە کردنی مێدیتاشون بە شێوەیەکی ڕێکوپێك و ڕۆژانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی سترێس، تەندروستیەکی باشتر و زیاترکردنی تەرکیز.

هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا مرۆڤ ڕاهینانی مێدیتاشونی کردووە کە بەهۆیەوە ڕۆبووەتە ناو ناخیەوە و سودەکانی هەست پێکردووە، بەڵام وا لەم چەند ساڵانەی پێشودا دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوەی کە لەکاتی مێدیتاشوندا لەمێشکدا چی ڕوودەدات. لێکۆڵەرەوان هەستان بە وێنەگرتنی چالاکیەکانی مێشك، کە دەرکەوت زۆر کاریگەری ئەرێنی لە میشکی ئەو کەسانەدا دروست دەبێ کە ڕۆژانە مێدیتاشون دەکەن. لەو کاریگەریە ئەرێنیانەش: توانای تەرکیزیان بەهێزتر بووە، هەستی ئەرێنی لەلایان زۆرتر بووە، داهێنان و چارەسەری کێشەیان باشتر دەکردوە، هەستکردن بە دەوروبەریان زۆرتربووەو هەروەها دوودڵی و نائارامی لەلایان کەمی کردووە.

لەڕێگەی مێدیتاشونەوە تۆ دەتوانی بەئاگابیت لە بیرکردنەوەکانت و بیانناسیتەوە، کە دەبێتە هۆی باشتر کۆنتڕۆڵکردنی بیرکردنەوەکانت کە باشترینیان هەڵبژێریت یان ئەگەر ویستت وازیان لێبهێنیت.

مێدیتاشون یارمەتیت دەدات کە ئارامگر بیت و باشتر و ئاسانتر مامەڵە بکەیت لەگەڵ سترێس و ئازارەکاندا. لێکۆڵەرەوانی میشك دەڵێن ئەو مرۆڤانەی کە بەردەوام مێدیتاشون دەکەن نەك تەنها دەتوانن ئارامی خۆیان ڕادەگرن ڕۆژانە بەڵکو تەنانەت لە دۆخێکی سترێسیشدا ئەوان کەمتر سترێس دەبن، بۆ نمونە لە کاتی جێبەجێکردنی کارێکی خێراو زەحمەت یان ڕووداوێکدا.

سەرەکیترین کاری هەموو جۆرەکانی مێدیتاشون پێکهاتووە لە بەهێزکردنی توانای کەسێك کە بەئاگایانە تەرکیز بخاتە سەر ئەو شتەی کە ئەیەوێت بۆئەوەی لە کاریگەریە دەرەکیەکان خۆی ڕزگاربکات.

لە ڕاستیدا دەکرێت هەموو جۆرەکانی وەرزشکردن و چالاکیەکانیتر بەشێكبن لە مێدیتاشون، بەڵام مرۆڤەکان لەسەرەتاوە بۆ فێربوونی مێدیتاشون دەیانەوێت دانیشن یان پاڵکەون و چاویان دادەخەن، بۆ ئەوەی کە دەرەوە سەرنجیان نەبات.

ئاسانترین شێوەی مێدیتاشون ئەوەیە کە دابنیشیت و تەواوی سەرنجت بخەیتە سەر هەناسەدانت و بۆ ماوەی چەند خولەکێك. ئەگەر ئەمەت بەلاوە زەحمەتە دەتوانی دانیشیت لە ماڵەوە یان لە دەرەوە لەناو سروشتێکی پاکدا و سەرنجت بخەیتە سەر هەر شتێك، بەمەرجێ تەنها هەموو خەیاڵێکت لەسەر ئەو شتە بێت بۆ ئەو ماوەیە.

زۆر لە لێکۆڵەرەوان باس لەوە دەکەن کە مێدیتاشون وەك وەرزشی بەهێزکردنی ماسولکە و جەستەیە بۆ مێشك و بەئاگایی مرۆڤ. لەبەر ئەوەی کاریگەریە ئەرێنیەکانی مێدیتاشون زۆرن وا پێویستە کە ڕۆژانە چەند خولەکێك تەرخانبکەین بۆ ئەو ڕاهێنانە ئەگەرچی هەندێجار تاقەتیشمان نەبێ.

ئەوەی جێی گرنگی پێدانە ئەوەیە کە تۆ پێویستە بزانی بۆچی و بۆ چ مەبەستێك تۆ ئەو ڕاهێنانە دەکەیت، هەروەك کە چۆن دەتەوێ وەرزشێکی فیزیکی ئەنجام بدەیت بۆ ئەوەی لەش و دەروونت کاریگەریە ئەرێنیەکانی وەربگرێت. ڕاهێنانی دەرونی و مێدیتاشون زۆر ئارامکەرەوەن و هەستێکی خۆش دەبەخشێت هەر وەك وەرزشە فیزیکیەکان.

ئەگەر ئەتەوێ تاقی بکەیتەوە ئەوا پێش خەوتن مێدیتاشونێك بکە بەهۆی تەرکیزکردنت بۆ سەر هەناسەدانت، تەنها بزانە چۆن هەناسە دەدەیت و خۆت ئارام بگرە هەتا بەئارامی چاوەکانت دەتباتە ناو خەوێکی قوڵ.

www.warzshidaruni.com

سەرکەوتوبن

گەڕانەوە