نەبەو شێوە و نەبەم شێوەش، لە پۆزەوە بۆ بێپارەیی

Description: C:\Users\Harakat\Desktop\kurdistan flaga.jpe

ڕاهێنەری دەروونی عەبدوڵا تۆفیق

11/02/2016

لەگەڵ ئەوەی کە هیچ کەسێکی مرۆڤ دۆست و بەویژدان نیە کە ئەم بارەی کوردستانی تێکەوتوە بەڕاست بزانێ و هیوای چاکسازی بۆ نەخوازێ، پێمباشبوو کە  هەندێ ڕەخنە بخەمە ڕوو ئەویش لەترسی ئەوەی کە خەریکە دەبێتە دیاردە.

سویدیەکان وتەیەکیان هەیە کە ڕۆژانە بەرگوێ دەکەوێت کە دەڵێن: مامناوەندی باشترینە. ئەم وتەیە بۆ زۆربەی بوارەکان بەکاردەهێنن، وەك: پەیەوەندی مامناوەندی ، خەرجکردنی پارە مامناوەندی، قسەکردن مامناوەندی، خۆهیلاککردن و کارکردن مامناوەندی، خوێندنەوەی مامناوەندی، جل و بەرگ مامناوەندی، خۆدەرخستن و  بڕوا بەخۆبوون مامناوەندی، خواردن مامناوەندی و تاد.

لەوانەیە جیلی من و بەرەو سەر، بەداخەوە کۆمەڵێ قەیران و جەنگ و ماڵوێرانی و هەژاریمان بەسەر هاتبێ و کاتی واش هەبووبێ کە نە ماڵمان مابێ ونە هیچ پارەو پوڵێکمان لە گیرفاندا نەمابێ، بەڵام هەرگیز بەکەسمان نەدەوت کە ئەوە گیرفانمانەو تەنها یەك دینارمان پێنیە. سەردەمێك تێپەڕیکرد وخوای گەورە  دەروازەیەکی لە میللەتی کورد کردەوەو چەند ساڵێك زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە تێریدا بوون، بەڵام ئەوەی نەیاندەزانی و بیریان لێنەدەکردەوە دەست بە پارەوە گرتنبوو، هەر لە تاکەکانەوە بگرە هەتا حکومەتەکەشمان بیریان نەدەکردەوە لە ئەگەری ڕۆژێگارێك کە دیسانەوە  هەژاری و قەیرانی دارایی بەسەریاندا بێت، هەر ئەوەبوو وایکردبوو نەك مۆدیلات و چاولێکەری سەریهەڵدا بگرە کە ئەوروپایی و بیانیەکان کە سەردانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد ئیرەییان دەبرد بەوەی کە ئەو ئۆتۆمبیل و کۆشکانە بەچی دەکڕدرێت. ئەو هەموو باخە سیاجکراوانە، ئەو هەموو کافتریا گرانبەهایانە، ئەو هەموو مۆڵ  وڕێستوڕانگە گرانانە چۆن بەو شێوە  خیرایە دروست بووە و ئەو هەموو فرۆشیاریانەی هەبوو. ئێمە بە سەربەرزیەوە بیانیەکانمان دەهێنایەوە هەرێمی کوردستان و چوانی و ئارامیەکەیمان پیشانی  جیهان دەدا.

لەپاڵ ئەم پێشکەوتنەی هەرێمەکەماندا کە زیاتریش هەر ڕوواڵەتەکەی بوو، ئەوەی جێی باسکردنی منە لەم بابەتەدا لوتبەرزی و پۆزلێدانی زۆرێك لە تاکەکانی کوردبوو، جا هەرلە خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکانەوە بگرە هەتا دوکاندارێك کە بە لالوتەوە وەڵامی دەدایتەوە لە کاتێكدا کە دەبوایە خۆی بەخێرهاتنی بکردیتایە بۆ دوکانەکەی، پزیشکەکان زۆربەیان بێ ویژدانانە سودیان لە نەخۆشی خەڵك وەردەگرت خۆیان تەواو تێر دەکرت. ئەندازیاران و مامۆستایانی زانکۆ و زۆرێك لە دەرووناس کارمەندانی پەروەردەو تەندرستی و هەموو بوارەکانیتریش بەهەمان شێوە زۆربەیان لە خۆبایبوون.  بەهۆی پۆشینی پۆشاکی گرانبەها و ئۆتۆمبیلی بەرز و پارەی زۆردان بە ژمارەی تەلەفۆن و ئۆتۆمبیل و مۆبایلی نوێ، زۆریان نە خۆیان و نە خوایان بیرمابوو.  وامان نەووت!

ئێستاش بە داخەوە وا بۆدوو سال دەچێ دیسانەوە قەیران ڕوو لە هەرێمەکەمان کردووەتەوە. تاکی کورد شایانی  ئەوپەڕی ڕێز لێنانەو جێی شانازیە بۆ ئێمە کە لەدەروەی وڵات دەژین کاتێك باس لە کورد دەکرێت. ئەوەی بۆ ئێمە جیی باسە ئەوەیە کە لەو نەهامەتی و قەیرانە داراییەی کوردستاندا کە هەموو دەیزانین، بۆ دەبێ تاکی کورد بە ڕۆشنبیرەکانیشەوە وا دەیکەنە خوویەك کە لە بەردەم مێدیاکاندا دەست دەکەن بەگیرفانیانداو تەنانەت فرمێسك دەڕژن کە پارەیان پێنیە. ئەم مۆدیلە تەنانەت لە هەندێ پڕۆگرامی تیڤیەکانی کوردستان لە کاتی چاوپێکەوتنیاندا بە کەسەکان دەڵێن کە ئەوان چەند لە گیرفانیاندا هەیە. ئەم جۆرە پڕۆگرامە لە هیچ کەناڵێکی دونیادا نابینرێن، خۆزگا ئەم دیاردەیە کۆتایی دەهات، لەبەر ئەوەی مەرجیشنیە ئەوەیکە تەنها ١٠ هەزار دینا لە گیرفانیدا هەبێ ئیتر ئەو تەنها خاوەنی ١٠ هەزاردیناربێ. ئەوەشمان لەبیربێ مێدیاکانی دەرەوەی کوردستان سود لەو وێنانە وەردەگرن و بۆ بەرزی ناوی کورد و پشتیوانی لە پێشمەرکە  ئازاکانمان باش ناشکێتەوە.  ئێ واشمان نەوت!

هیوادارم میللەتی کورد هەمیشە سەر بەرزبێت و دڵنیابن ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێ، بەڵام هیوادارین کە سود لە هەڵەکانمان وەربگرین. سەربەرزی بۆ تاکی کورد و  خوای گەورە ئارامی بۆ ماڵی کورد بگەڕێنێتەوە. سودێك لەو وتە سویدیەش وەربگرن : مامناوەندی باشترینە.

سەرکەوتوبن

 www.warzshidaruni.com

پەیجی عەبدوڵا تۆفیق

گەڕانەوە