لە بیرکردنەوە ئەرێنیەکانتا بژی

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

1/4/2014

بەپێی زۆرینەی لێکۆڵینەوەکان وا دەردەکەوێ کە مرۆڤ بەزۆری لە بیرکردنەوە نەرێنیەکان دەژی. هێزی بیرکردنەوە نەرێنیەکان زۆر لە بیرکردنەوە ئەرێنیەکان بەهێزترن و مێشك ڕایدەکێشێ بۆ خۆی. لە هەمانکاتیشدا بیرکردنەوە نەرێنیەکانمان وزەیەکی زۆرمان لیدەبەن و تووشی سەرئێشە و کیشەی دەروونیمان دەکەن.

هەوڵدان بۆ ئەوەی کە لە بیرکردنەوەی ئەرێنیدا بژین ئەوەندە زەحمەت نیە وەك ئەوەی کە بیری لێدەکەینەوە. هەموو شت لە سەرەتاوە خۆ ئامادەکردنی دەوێت و بروا بەخۆبوونیش بەوەی کە تۆ دەتوانی گۆڕانکاریەك بکەیت و بیرکردنەوەکانت بەرەو تەندروستی باشت بەرێ. بێگومان کاتێکی دەوێ بەڵام دەبێ بەئاگابوونت بخەیتە کار.

تۆ لەمەودوا وا خۆت ئامادەبکە بۆ پلان و ئامانجەکانت، کە وا هەست بکەیت تۆ پێیان گەشتوویت و سەرکەوتنت بەدەست هێناوە. خۆ ئەگەر تۆ نەگەیشتیتە ئامانجەکانت و بەدڵی تۆ نەبوو، ئەوکاتەش تۆ هیچ زیانیکت پێنەگەشتووە و هیچت لەدەست نەداوە، نە بێزاربوویت، نە خەوت خراپ بووە، نە سترێس بوویت. بگرە لە کاتەدا کە تۆ وا بیردەکەیتەوە کە تۆ گەشتبیتە ئامانجەکەت و سەرکەوتوویت، تۆ خۆشیەکی باشت وەرگرتووە، هۆرۆمۆنی ئیندۆرفین و دۆپامینت بە لەشی خۆتا بڵاوکردووەتەوە، کە هەست بە دڵنیایی و ئارامی و خۆشی و تەندروستی باش دەکەیت. پاشان زۆرجاریش ئەو بیرکردنەوە ئەرێنیانەت وەك خۆت نەخشەت بۆ کێشابوو وا دەردەچی، کەدیسانەوە تۆ متمانەت بەخۆت زیاتر دەبێ هەروەك زۆربەی یاری چیە سەرکەوتووەکان کە بەم شێوەیە بیردەکەنەوە. یاریچیەکان ئەگەر بیرکردنەوەیەکی نەرێنی مێشکیان سەرقاڵ بکات ئەوا دەبیتە ڕێگرێکی گەورە لە بەردەم پاڵەوانیەتیەکەیانداو زۆربەی جار ئەوە هۆکارێکە بۆ دۆڕاندنیان، بۆیە ئەوان زۆر لەگەڵ بیرکردنەوەی ئەرینیدا کاردەکەن، کەدەبوو ئەو تەکنیکە دەروونیانەی وەرزشەوانەکانمان بهێنایەتە ناو ژیانی کاروبار و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانمان.

هەندێجار ڕووبەڕووی پرسیارێك بوومەتەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا دەکرێ بلیتێکی لۆتۆ بکڕیت پاشان ببێتە ڕاستی و بیبەیتەوە بەهۆی بیرکردنەوەی ئەرێنیەوە؟ منیش لەوەڵامدا دەڵێم: تۆ وابزانە کە لۆتۆکەت بۆ دەرچووە. لەبەر ئەوەی ئەگەر وا بیربکەیتەوە باشترە لەوەی کە هەست بکەیت کە تۆ نایبەیتەوە، لەبەر ئەوەی مەرنج نیە کە لە یاری بەخت و شانسدا پارە بەریتەوە. پێی دەڵێم کە با لەو بیرکردنەوەدا بژی کە ئەو بووەتە خاوەن ئەو پارە و ئۆتۆمبیل و خانووەی کە لە خەیاڵیدایە، لەبەر ئەوەی ئەمانە ئەگەر چی بەخەیاڵیشن بەلام خۆشیەکی یەکجار بە دەروون دەبەخشێ و وات لێدەکات کە دەروونت دەوڵەمەند بێ و تەندروستیشت باشتربێ.

 

  سەرکەوتوبن

   www.warzshidaruni.com

گەڕانەوە