کوالیتێی ژیانمان ڕەنگدانەوەی کوالیتێی بیرکردنەوەکانمانە

ڕاهێنەری دەروونی عەبدوڵا تۆفیق

16/10/2015

جۆرو کوالیتێی بیرکردنەوەکانمان پێمان دەڵێ کە ئیمە چۆن دەژین. زانایەك دەڵێ: هەستەکانتم بۆ باس بکە، هەتا پێت بڵێم تەندروستی و ژیانت چۆنە.
بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکان لە بەشە تاریکەکەی ژیاندان و بیرکردنەوەکانیان لە نەرینیدا بەسەر دەبەن. کە لە ڕووداو نەهامەتیەکاندا بیرکردنەوەکانیان جێگیر کردووە، ئەو خۆشیانەی کە دێنە بەردەمیان بەلای دەنێنن و وەریناگرن. ئەم جۆرە مرۆڤانە بەشێوەیەکی گشتی لە بەشە خراپەکەی گۆڕەپانەدا یاریدەکەن.
بەشێکیتری مرۆڤەکان لەوانەن کە هەمیشە دوودڵ و نائارامن و بیر لە شتێك دەکەنەوە کە لەوانەیە هەرگیز ڕوونەدات،هەمیشە خۆیان هەڵگرتووە بۆ خراپترین کارەسات کە ڕووبدات. ئەم جۆرە مرۆڤانە دەڵێن وا باشترە کە هەمیشە ئامادەبیت بۆ خراپترین ڕووداو بۆئەوەی کە کەوتیتە ناوی زۆر شپرزەو نائارام نەبیت. ئایا ئەوە چ ژیانێکە کە بەردەوام بەو شێوەیە بیربکەیتەوە؟
ئەم جۆرە مرۆڤانە جگە لەوەی کە کارێکی خراپ دەکەنە سەر خۆیان، لەهەمانکاتیشدا کارێکی زۆر نەرێنی دەکەنە سەر کەسەکانی دەوروبەریان. هەربۆیە بەشێوەیەکی گشتی کێشەی کۆمەڵایەتیان بۆ دروست دەبێ. بۆیە ئەو جۆرە کەسانە پێویستە بەخۆیاندا بچنەوەو بزانن لە کوێدان و ژیانیان چۆن دەگوزەرێت. دەبێ ئەوان بزانن کە ئایا لەو کاتەدا لەو جۆرە بیرکردنەوانەیان هەیە بۆ داهاتوو، زۆرجار لە ڕۆژێکدا هەناسەی درێژ/ هەناسەی خەماوی هەڵدەکێشینن. ئەو کاتە دەبێ باشتر درك بکەن بەوەی کە کوالیتێی بیرکردنەوەکانیانە ئەو هەستانەیان دەداتێ و ڕەنگدانەوەی دەبێ بۆ شێوازی ژیان و چەند خۆشی ژیان هەست پێدەکەن.
وا بیربکەرەوە کە ئەوەی ڕوویدا ڕوویداوە و تۆ ناتوانی هیچ بکەیت، تەنها سود لە هەڵەکانی خۆت وەربگرە کە ئەگەر تۆ هەلەت کردبێ لەو دۆخەدا کە تێپەڕیووە. ئەوەت لە بیربێ کە تۆ لە ئێستادا ژیان دەکەیت و تەواوی هەستەکانت لە ئیستادا بەکاربێنە. ئەوە بزانە کە ئەگەر شتێکیش ڕوویدا تۆ ناتوانی بیوەستێنی، بەڵکو ئێستا لە هەوڵدابە تواناکانی خۆت بەهێزکە بۆ ئەوەی بە باشترین و ئارامترین شێوە کارەسات و ناخۆشیەکانت تیپەڕێنی.
هەموومان پێویستمان بە بەرگریەکی بەشتر هەیە لە جەستەو دەروونماندا، بۆیە بەگرنگیەوە بڕوانە سەرچاوە تایبەتیەکانی خۆت و بەباشی بەکاریان بهێنە. ڕاهینانی جەستەیی کۆمەڵی بەرگری جەستەیو دەروونیت پێدەبەخشێ، وە لەهەمانکاتیشا ڕاهێنانی دەروونی ئەو هیزە دەروونیەت دەداتی کە بۆ تەواوی تەمەنت سودی دەبێ. ڕاهێنانی دەروونی بیرکردنەوە خراپەکانت دەگۆڕی بە باش و باشەکان دەکاتە بەشێك لە ژیانت کە لە داهاتوودا چاوەڕوانیانبیت کە ڕووبدەن. ئەم جۆرە بیرکردنەوە باشانەش کوالیتێی ژیانت باشتر دەکات.
 

سەرکەوتوبن


www.warzshidaruni.com

پەیجی عەبدوڵا تۆفیق

گەڕانەوە