کاتێک که‌ ده‌رگایه‌کمان به‌ڕوودا داده‌خرێت

2010/11/12


ڕاهێنەری دەروونی عەبدوڵا تۆفیق سوید

چی ڕوو ئەدات ئەگەر شتێك بە خواستی ئێمە نەڕوات یان بە پێی پلانەکەی ئێمە ڕوونەدات؟
زۆربەمان کە ئامانجێکی ئەبێت خۆی بۆ تەرخان ئەکات و پلانی بۆ دادەنێت، بەڵام زۆرجار ترس لەوەی کە ئەگەر ئەو شتە وا نەڕۆی کە ئێمە دامان نابوو، ڕێگرمان هەبوو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە وادەکات ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەباتی ئەوەی خۆشی وەربگرین لەو کاتانەی کە لەبەردەمماندایە کە هەتا دەگەینە ئەوێ ، ئێمە پێچەوانەکەی ئەبینین. ئێمە کۆمەڵێك بیری ناخۆش بە مێشکماندا دێت و ئەڕوات،
ئەیانگرین و خواردنیان ئەده‌ینێ هەتا بەهێزتریان بکەین. بیرکردنەوەکانیشمان تێکەڵەیەك ئەبێت لە هەستەکانی وەك ترس لە شکست هێنان، گەر هاوکاری نەکرێم، گەر سودی نەبوو و تاد، ئەمانە بە کۆمەڵێك وێنەوە دێنە بەرچاومان کە هەستە خراپەکانمان زیاتر دەناسێنین لەو بارەدا. پلان و ئامانج دەبێت ئەرێنی بێت و وزە بەخش بێت بۆ ئەوەی کە کەسەکە (هەست بەخۆکردنی) بەهێزتربێت وە گرنگیشە کە هەر لە سەرەتاوە هەستە ناخۆشەکان ببڕیت. دەبێت ئەوەش بۆ خۆت یەکلای بکەیتەوە کە زۆرجار ڕوو ئەدات کە ئیتر ئامانجەکە بەرەو هیچ شوێن و ئاڕاستەیەکی باشت نابات، یان لەوانەیە سەرنەکەوتن بەدەست بەدەست نەهێنیت بەڵام پێویست ناکات کە ببێتە شکست هێنان.
دەڵێن کە مرۆڤ نابێت خۆی بدات بەدەستەوە و دەست هەڵگرێ لە ئامانجەکانی، بەڵام هەندێ جار ئەو ئامانجانەی کە درێژخایەنن لەوانەیە لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی ژیان و بەپێی کات سودێکی کەمتری بمێنێت یان هە نیمێنێت. هەر بۆیە بە گرنگی دەزانم کە بڵێم لێرەدا بوێری و ژیری مرۆڤ دەردەکەوێت کە بتوانێت بەئاگابێت لەوەی کە ئامانجەکەی بۆ شوێنی مەبەستی نابات ، بۆیە بە بڕیارێکی ئازادانە کە لە خودی خۆتەوە سەرچاوە بکات ئامانجەکەت بووەستێنیت یان ئاڕاستەکەی بگۆڕیت بەرەو شوێنێکیتر.
زۆر جار کە مرۆڤ دووچاری کێشەیەك ئەبێتەوە خێرا هەستی شکست هێنان لەلای دروست ئەبێت و وادەزانێت ئیتر هەموو دەرگاکانی بەڕوودا داخراوە. ئەوان بێئاگان لەوەی کە کاتێك دەرگایەكیان بەڕوودا دادەخرێت لە شوێنێکی ترەوە دەرگایەکیتریان بەڕوودا دەکرێتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی مرۆڤ زۆرترین سەرنجی لەسەر دەرگا داخراوەکانە دەرگا کراوەکان نابینێت. هەر بۆیە هونەر لێرەدا ئەبێت ئەوەبێت کە بگەڕێیت دەرگا کراوەکان بدۆزیتەوە، ئەوەش لە ڕێگای خۆتەوەیە. ئەگەر بیرێك لە بەسەرهاتەکانی ژیانی خۆمان بکەینەوە بۆ نمونە لە کاتی کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ دا و چەندین نمونەی تر، کەم کەس هیوای هەبوو کە بتوانێت جارێکیتر بگەڕێتەوە بۆ کوردستان و ژیانی ئاسای ببێتەوە، ژیان بەردەوامی خۆی هەر هەبووە. لە دەروونی هەر یەکێکماندا توانی گەشبینی هەیە، کە یەکێکە لە باشترین بیرکردنەوەکانی مرۆڤ. گەشبین بەواتای بیرکردنەوەیەکی تەواو دروست و پر لە (وێنە و هەستی) خولقێنراو لە مێشکدا کە وزەیەکی باش ئەدات بە کەسەکە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ئەو هەست و خۆشیانە کەسەکە بەرێت بەرەو ئامانج بە بێ گوێدانە ڕێگر، بێ کۆڵنەدان.


سەرکەوتوبن


www.warzshidaruni.com

گه‌ڕانه‌وه‌