گۆڕانکاری ئەرێنی لە خۆتدابکە

                                                       
ڕاهێنەری دەروونی عەبدوڵا تۆفیق

2015/04/22   

ئایا بیرت لەوە کردووەتەوە کە تۆ تەنها شتێکی کەمت پێویستە هەتا هەست بە خۆشی بکەیت و پڕ لە وزەی ئەرێنی بیت؟
لەوانەیە تەنها خۆشتنێك، پیاسەیەك، ڕاکردنێکی وەرزشی، خواردنەوەی چایەك، ڕاپەڕاندنی کارێکی نوێ، قسەکردن لەگەڵ کەسێکی وزەبەخشدا، گەشتێك، بڕیارێکی بوێرانە، میوانداریەك ببێتە هۆی گۆڕانکاری ئەرێنی لە تۆدا. لەبەر ئەوەی تۆ لەو کاتەدا هەست دەکەیت کە بەشتێکی ترەوە سەرقاڵ دەبیت لەوەی کە بەخۆت و بیرکردنەوەکانتەوە سەرقاڵبیت، چونکە جوڵەمان دەبێت و جوڵەش هەست دروست دەکات. تەنها شتێك کە ناتوانێ یارمەتی تۆ بدات ئەوەیە کە تۆ ناچالاکانە دابنیشیت و بۆڵەت لێبێ وهەردەم چاوەڕوانبیت هەتا ئەو هەورە ڕەشە خۆی بڕوات. ڕاستە کە هەموو شتێك پێویستە کاتی خۆی پێبدرێت، بەڵام خۆخستنە ناو بارێکی لاواز هیچ سودێکت پێناگەیەنێت بێجگە لە کات بەفیڕۆدان. لەوانەیە تۆ لەو کاتەدا وا بیربکەیتەوە کە ئەگەر تۆ ئەو شتانە بکەیت هیچ یارمەتیت نەدات، وە ئەگەر بچیتە دەرەوە و پیاسەیەك بکەیت ناڕەحەتیت بۆ دروست بکات و هیچ لە بارەکەت نەگۆڕێ. هەروەها وا بیر دەکەیتەوە کە ئەو پیاسەیە ناتوانی ببێتە هۆی ئەوەی کە ڕێگری بکات کە شتەکان ڕوونەدەن، یان دواڕۆژت رووناکتر ناکەن، تۆ هەمیشە وا بیردەکەیتەوە کە هەورەکانی تۆ زۆر لەوە ڕەشترن. تۆ دەبێ ئەوە بزانی کە ئەو بیرکردنەوانەت بەتەواوی دوورن لە ڕاستیەوە. تۆ ئەوە دەزانی کە ناتوانی لە کێشەکانت هەڵبێیت لە ڕێگەی ئەوەی کە خۆت بێ هۆش بکەیت و بەتانیەکەت بە دەم وچاوتا بدەیت و ئاوات بخوازی کە هەموو شتەکان بۆ خۆیان ونببن.
ئەوە هیچ سودت پێناگەیەنێت کە ڕەخنەو تانە لە خۆت بگریت، لەبەر ئەوەی زۆر فاکتەری تر هەن کە لەدەرەوەی خۆتەوەن. ئەگەر تۆ هەر لەو شوێنەدا دابنیشیت کە تۆ لەسەری دانیشتویت ناتوانی شتەکانی دەرەوە ببینی. لە ڕاستیدا ئەوە هیچ گرنگ نیە کە تۆ هەست بکەیت کە چەند بەهەڵە مامەڵەت لەگەڵدا کراوە، کە تۆ چ زیانێکت لێکەوتووە، یان شتەکان چەند بە نا دادپەروەرانە دەڕوات. لە کۆتایدا تۆ هەر پێویستت بەوە دەبێ کە شتێك بکەیت بەنرخبێت بۆ ژیانی خۆت، لەبەر ئەوەی دیسانەوە بەهارێکی تر دێتەوە و تۆ نازانی ئەمجارەیان چی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ. لەوانەیە زۆر شت ڕووبدات لە تەنها چەند مانگیکی زۆر کەمدا و دیسانەوە گۆرانکاری ڕوودەدات. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە تۆ هەرگیز واز نەهێنی و خۆت بەدەستەوە نەدەیت، چونکە ئەوە پەسەند نیە. هیچ گۆڕانکاریەك هەست پێناکرێ ئەگەر تۆ بیرو بۆچونت نەگۆڕی و لەوێوە دەست پێنەکەیت.
گۆڕانکاریەکان لەوێوە دەست پێدەکەن بەوەی کە تۆ دەبێ لە تۆپەکە هەڵبدەیت و خۆت بیخولێنیتەوە. بۆیە هەر دامەنیشە و هەستە سەرپێ. شتێك بکە کە بتگۆڕێ. لە گۆڕانکاری مەترسە ئەگەرچی کەمێك سترێسیشت بکات، لەبەر ئەوەی لە کۆتایدا ئەوە تۆیت کە سەرکەوتو دڵخۆش دەبیت.


سەرکەوتوبن


 www.warzshidaruni.com

پەیجی عەبدوڵا تۆفیق

گەڕانەوە