گەشە بکە بە کەسایەتیت!

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

٢٠١٢ /٣ /٨

مەبەست لە گەشەکردن بە کەسایەتی ئەوەیە کە ئێمە لەناو خودی خۆماندا بگەڕێین بۆ گۆڕانکاری، وەك شێوەیەك لە خۆ باشترکردن. کە کار بکەین لەگەڵ خودی خۆماندا بۆ لەناوبردنی شێوازە کۆنەکانمان و ئەو شتانەی کە سنوردارمان ئەکات. ئەو مرۆڤانەی کە بە شێوەیەك لە شێوەکان لە نائارامی و ئازاردا ئەژین لەوانەیە لەسەرەتاوە بگەڕین بە دوای گۆڕانکاریە دەرەکیەکاندا، ئەیانەوێ دەوروبەریان بگۆڕن بە زۆر شێوەی جیا جیا و زۆرجار وا ئەزانن کە هەڵەکە لەو شوێنانەدایە بۆ نمونە شوێنی کار، ڕووخسار، هاوڕێ، خێزان تاد. لەڕاستیدا ئەوە هەڵە نیە کە بەشی دەرەوە بگۆڕی، بەڵام بۆ ئەوەی بگەیتە ڕاستیەکان و خۆشیت بۆ بگەڕیتەوە پێویستە تۆ لە ناو خۆتەوە دەست پێ بکەیت. کاتێك کە دەستمان کرد بە گەشتکردن بەناو خودی خۆماندا هیچ گەرانەوەیەك و سنوریك نیە، لەبەر ئەوەی ئێمە بەدوای خۆماندا دەگەڕێین، بەدوای ڕاستەقینەیەکەی خۆمان. ئەوەش بزانە کە ئەو گەشتەت پڕ ئەبێ لە فرمێسك و پێکەنین.

ئەوەی لێرەدا گرنگە بۆ ئەو گەشتەت ئەوەیە کە تۆ ئەبێ واز لەوە بهێنی کە پێناسەی خۆت بکەیت بە بچوکی کە ئەبێتە هۆی نائارامی و شلەژانت. لەوانەیە لە هەندێ شتەوە دەست پێبکات کە تۆ بۆت ئاسان نەبێت کە ڕازی بیت بیانبینی، وەك ئەو هەستانەی کە پڕیەتی لە ناڕەحەتی، شکست، توڕەیی، دڵپیسی، ترس، تاد.

ئێمە هەموومان بەشێك لە تاریکیمان تیایە، هەربۆیە ئەو بەشانەن کە ئەبێت دیسانەوە لە باوەشیان بگرین هەتا بەشێوازێکیتر مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین بۆئەوەی ئازاد بین لێیان. ئێمە ئەتوانین هەموو شت بەتەواوی ئاڵوگۆڕ پێبکەین بە هۆی ئەو توانایەی کە لە بەئاگابوونماندا هەیە و خۆڕسکە لە لایەن خوداوە. تەنانەت تاریکترین تاریکی ئەتوانین بگۆرین بە ڕوناکی. کاتێك کە ئێمە ئەمانەوێ لە تاریکی بکۆڵینەوە هەست بەوە ئەکەین کە تاریکی وانەبوو کە بەو ئەندازەیە لێی ترسابووین لە سەرەتاوە. هەر بەم شێوەیەش ئێمە داوای لێبوردن لە خۆمان ئەکەین و خۆمان خۆش ئەوێت کە چیتر خۆمان ئازار نەدەین. بۆشمان ئاشکرا ئەبێت لەم گەشتەدا کە ئەوەی ئێمە زۆر لێی ئەترساین تەنها شتێکی خەیاڵی بوون.

ئەوەی لە ژیاندا ڕوو ئەدات ئەتوانین بە باشترین شێوە وانەی لێ فێرببین و بمان گەیەنێتە لوتکەی گەشەکردنمان لە کەسایەتیدا، ئەگەر وامان بوێت. ئەوەش زۆر گرنگە کە ئێمە ئەبیت کراوە بین بۆ هەموو هەلوومەرجەکانی ژیان بۆ ئەوەی سود لە هەموو قۆناغەکانی ژیان وەربگرین. زۆر جار کە لەگەڵ ناڕەحەتیەك سەر هەڵئەدات زۆر بۆمان ئاسان ئەبێت کە کەسێکیتر یان هەر شتێکیتر لە دەرەوەی خودی خۆمان بێت پێی تاوانبار بکەین، لەباتی ئەوەی کە بیگەڕێنینەوە بۆ خۆمان و پرسیار لە خۆمان بکەین: لەم هەلومەرجەدا ئەتوانم فێری چی ببم؟ لەگەڵ تۆ ئەم پرسیارەت بەراستی لەخۆت کرد ئەو کاتە تۆ گەشتەکەت دەست پێئەکات. ئەو کاتە ئێمە ئەمانەوێ خۆمان بدۆزینەوە، ڕاستیەکانی خۆمان، ئەوەی کە تەواوە و درۆی تیانیە، ئەوەی کە ئازاد و سەربەستمان ئەکات.

ڕاهێنانی دەروونی زۆر ڕێگایتری تیایە بۆ خۆناسین و گەشەکردن بە کەسایەتیت، هەتا بتوانی خۆت ببینی کە تۆ ئێستا لە کوێی ژیانتدایت. بە پشتیوانی خودا کە هەموو ئەو خانەو دەمارو مێشك و دڵەی کە بە مرۆڤی بەخشیوە ڕیگایش هەیە بۆ باشترکردنی ژیانی خۆمان. ڕیگاکان ئاسانن و زیاتر بابەتەکانی ڕاهێنانە دەروونیەکان بخوێنەرەوە.

سەرکەوتوبن

گەڕانەوە