دڵگران مەبە کاتێك هەست بەتەنهایی دەکەیت

ڕاهێنەری دەروونی عەبدوڵا تۆفیق

20/11/2014

لەوانەیە ئەم بارە بناسیتەوە. بەم بابەتەم وەڵامی هەندێ بەڕێز دەدەمەوە کە بەهۆی تەنهاییەوە دڵگرانن.

 زۆربەمان دەکەوینە ئەو بارەوە کە ئێمە لەوێدا پێمان وایە دەبوایە دەوروبەرمان زیاتر گرنگی پێبداینایە و هەواڵیان بپرسینایە و دەستی هاوکاریان بۆ درێژبکردینایە. یان بەهۆی ئەو بارەوە تەلەفونمان زیاتر بۆ بکرایەو لە تەندروستی و ئەحواڵمان پیانپرسیایە. باشە بۆ چی تەلەفونەکەمان وا بێدەنگە و کەس زەنگێك لێنادات؟ بەڵێ بەمشێوەیە، دەبێ هەندێجار هەست  بەتەنهایی بکەین.

ئێمە زۆر ئاسان لە دەوروبەرمان بێ هیوا دەبین، بەڵام وا خێرا بەرەو ئەو ئاڕاستەیە مەڕۆ. لەبەر ئەوەی هیچ شتێك نیە کە لەو ئاڕاستەیەدا بەدەستی بهێنیت بێجگە لە توڕەبوون و   خۆخوارنەوە و دوودڵیبوون لە کەسەکان. دڵنیابە هیچ پێویست ناکات بە پەست بوون.

ئەوەش ڕاستە کە لەوانەیە تۆ ئەو کەسانەت باشتر بۆ دەربکەوێ، کە ئەوان لەو هاوڕێیانە نەبوون کە تۆ پشتیان پێببەستیت. بەڵام پێویست ناکات لەو بارەیەوە زوو بڕیار بدەیت، خەڵك  هەوڵدەدات ئەوەندەی لە توانایاندایە بیکەن. داواکاریەکانت با ئەوەندە زۆر نەبێ لەسەر خەڵك. لەبەر ئەوەی  زۆربەمان نازانین چی بکەین لەو کاتانەدا.

هەندێجار کەسانی دەروروبەرت لەوانەیە ئەوە نەبینن و هەستی پێنەکەن کە تۆ ئێستا پێویستت بە هاوکاری هەیە. لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە، کە ئایا تۆ ئەوەت بەڕوونی پیشانداوە کە تۆ پێویستت بە ئەوانە یان بە شاراوەیی هێشتوتەوە یان تەنها کەمێکت پیشانداوە. لەوانەیە وا پێویست بکات کە تۆ ئەو هاوڕێیانەت زیاتر و باشتر ئاگادار بکەیتەوە. بەو شێوەش بیر  بکەرەوە کە لەوانەیە ئەوان وابزانن کە تۆ پێویستت بەوان نیە، یان تۆ وا بخوازیت کە ئەوان تۆ بێزار نەکەن. لەو کاتەدا تۆش بەرپرس دەبی لەو بارەی تۆی تیایە.

لەم باس و ئەگەرانەدا ئەوەی دەردەکەوێت و بە سودە بۆت، ئەوەیە کە تۆ هەوڵبدەیت هۆگری پەیوەندیەکانت نەبی بە دەوروبەرتەوە و بروا بەخۆبوونی خۆت بەهێزتر بکەیت. خۆت بەهێزتر پیشانبدە، کە تۆ خۆت دەتوانی ئەو کێشەو ناڕەحەتیەت بەسەرکەوتوی تێپەڕێنیت. هەستە سەرپێ و بەس بەزەیت بەخۆتا بێتەوە، ئەوە پیشانبدە کە تۆ لەوە زیاتریت کە بۆڵەت  لێوەبێت.

لەوانەیە تۆ هەست بکەیت کە تەنهایت. ئێمە لەوە تێدەگەین کە تەنهای ئاسان نیە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا زۆر خراپ نیە، تۆ هەندێجار پێویستت بەوەش هەیە کە تەنها بیت. خۆت تاقی بکەرەوە، ئەگەر توانیت بەبێ بیرکردنەوەی ناخۆش و بێ بۆڵە بۆڵکردن و کارکردنە سەر کەس، خۆت ئەو بارەت تێپەڕاند ئەوا تۆ گەشەت کردووە و توانایەکی باشت هەیە لەو بوارەی ژیاندا. هەموومان ڕۆژێك دێت کە لەوێدا تەواو تەنها دەبین، جا بۆیە ڕاهاتن لەو بوارەشدا بەئاگابوونت بەهێزدەکات و خۆت ئامادەدەکەیت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی تەنهایی بە شیوەیەکی  ئارام.

 

سەرکەوتوبن    

www.warzshidaruni.com      

گەڕانەوە