دەرمان خواردن هیچ خۆش نیە، بەڵام خۆشیت هەبێ دەرمانە

 

عەبدوڵا تۆفیق/ پسپۆڕی ڕاهێنانە دەروونیەکان- سوید

٢٢/٨/٢٠١٣

زانایەك دەڵێ: دەرمان خواردن هیچ خۆش نیە، بەڵام ئەگەر خۆشیت هەبێ دەرمانە.

ئەگەرچی خۆشی و ناخۆشی هەستێکە و سەرچاوەکەی لە بیرکردنەوەکانمانەوە دێت، زۆربەمان گیرۆدەبووین و نازانین چ ڕێگایەك بگرینەبەر بۆ دەربازبونمان لە هەستە ناخۆشەکان. هەوڵ ئەدەین و زۆرێکمان دەمانەوێت خۆمان ڕێگەی تایبەتی تاقی بکەینەوە، وە بەشێکی زۆرێکیشمان پەنا دەبەینە بەر پزیشك و دەرمان خواردن بۆ ئەوەی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێ مێشکمان ئارامی بۆ بگەڕێتەوە. هەموو مرۆڤێك ڕۆژانە کۆمەڵێ هەستی خۆش و ناخۆشی ڕووی تێدەکات، ئەمەش بە دوو شێوە: یەکێکیان لە ژێر خواستی خۆاماندایە و زۆر جار کاریگەریە دەرەکیەکانە کارمان تێدەکات و بەشەکەی تریشیان بێئاگایەنەیەو ئێمە تەنها خۆمان داوەتە دەست ئەو بیرکردنەوانەی کە ڕامان دەکێشێ و بەهەموو لایەکماندا دەبات.

پرسیارەکە ئەوەیە کە ئێمە چی بکەین بۆ ئەوەی کە خۆشیەکان زیاتر کارمان تێبکات لە ناخۆشیەکان؟ بریاردان بەوەی کە ئیتر لەمەودوا نابێ هیچ هەست و بیرکردنەوەیەکی ناخۆش کارمتێبکات و تەندروستیم خراپ بکات، خۆی لەخۆیدا کارێکی ئەرێنیە. بەڵام ئەگەر هۆشیاریەکی دەروونی لەگەڵدا نەبێ لەوانەیە لەماوەیەکی زۆرکەمدا تۆ هەست بەدۆڕاندنی بروابەخۆبوونی خۆت بکەیت و خۆت لاواز ببینی لەئاست بریارەکەتدا.

کەس نیە نه‌یه‌وێت دڵخۆشترو ئاسوده‌تر بژی، ئەمەش وادەکات کە به‌رده‌وام بگه‌ڕێین به‌دوای چاره‌سه‌رو ڕێنمایدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی خۆشیه‌کانی ژیان، ئه‌و خۆشیانه‌ی که‌ له‌ ناو خۆماندا هه‌یه‌ که‌ ڕاستن و بوونیان هه‌یه. ئەوانەی کە ڕاهێنانی دەروونی ئەکەن و لەو ڕێگەیەوە توانیویانە فێرببن کە کۆنتڕۆڵی بیرکردنەوەکانیان بکەن و بەدوای هەستە ناخۆشەکانیاندا نەڕۆن، ژیان باشتر ئەبینن و ئارامتر ئەژین.

سەبارەت بە خۆشی دۆزینەوە پێم باش بوو ئەم تەکنیکەی دکتۆر مارتینتان بۆ باس بکەم: دکتۆر مارتین سێلیگمان ئه‌رکێکی دا به‌سه‌ر کۆمه‌ڵێك که‌سدا که‌ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ که‌سه‌ بەخەستی دووچاری خەمۆکی هاتبوون. ئه‌وان بۆ نمونه‌ خه‌مۆکیه‌که‌یان وایلێکردبوون که‌ ته‌نانه‌ت نه‌یان ئه‌توانی به‌یانیان له‌سه‌ر جێگای نوستنیان بێنه‌ ده‌ره‌وه. ئه‌و ئه‌رکه‌ی که‌ بەوان سپێردرا لە لایەن ئەو دکتۆرەوە زۆر ئاسان بوو. ئه‌وان ئه‌بوایه‌ هه‌موو ڕۆژێك سێ به‌سه‌رهاتی باش بنووسن که‌ خۆیان تیایدا ژیاون له‌و ڕۆژه‌دا. هەر لەوەی کە (ئه‌مڕۆ ئاوهه‌واکه‌ی خۆش بوو، هاوڕێیه‌کی خۆشه‌ویستی خۆمم بینی، هه‌تا ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر پیاسه‌یه‌کی باشیان کردبێ یان نانێکی خۆشیان خواردبێ)

ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌م هه‌وڵ و تاقیکردنه‌وه‌ی دکتۆر مارتین دا به‌ژداربوون هه‌ر له‌ ١٥ ڕۆژی یه‌که‌مدا باری خه‌مۆکیه‌که‌یان گۆڕانێکی باشی به خۆوە بینی. زۆربه‌یان خه‌مۆکیه‌که‌یان که‌میکرد و ئاسانتر بوو که‌ به‌ره‌نگاری ببنه‌وه. وه‌ هه‌ر له‌و تاقیکردنه‌وه‌دا ده‌رکه‌وت که‌ له‌ %٩٤ ی به‌ژداربوان گه‌شبینتر بوون بۆ دواڕۆژیان.

ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ چه‌ند به‌ ئاسانی و به‌و ته‌کنیکانه‌ی که‌ له‌ ناو خودی خۆماندا هه‌یه‌ ئه‌توانین ڕاهێنان به‌ تواناکانمان بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژێکی خۆش و سه‌رکه‌وتومان هه‌بێت.

تۆی به‌ڕێزیش ئه‌توانیت بۆ به‌‌هێزبوونی ده‌روونت و دۆزینه‌وه‌ی توانا شاراوه‌کانت بۆ چه‌ند ڕۆژێك ئه‌م ته‌کنیکه‌ تاقی بکه‌یته‌وه. ڕۆژی سێ به‌سه‌رهاتی باش یان زیاتر بنوسە که‌ له‌ تۆدا ڕووده‌دات، ئه‌گه‌ر ئه‌ڵێیت ئه‌ی ئه‌گه‌ر‌ ڕووی نه‌دا؟ ئه‌وا خۆت ئه‌و ڕووداوه‌ دروست بکه! مه‌ڵێ چۆن؟ لەبەر ئەوەی هەر خۆمانین بەهۆی بیر و هەست و ڕەفتارەکانمانەوە ئەتوانین باشترین ڕۆژ و داهاتوو بۆ خۆمان دروست بکەین کە باشترین تەندروستی دەروونی و فیزیکی بەدواوە دەبێت.

سەرکەوتوبن

 www.warzshidaruni.com

گەڕانەوە