چاوت وەك گڵۆپی ئۆتۆمبێل بەکاربێنە

 ڕاهێنەری دەروونی عەبدوڵا تۆفیق

05/11/2014

کاتێك کە بیر لە ئۆتۆمبیل دەکەمەوە زۆر لەیەکچوون دەبینمەوە لەگەڵ مرۆڤدا. بۆ نمونە مرۆڤ بێ رۆح و دڵ و جەستە  نابێ و ئۆتۆمبیلیش پێویستی بە مرۆڤێکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی و بەبێ ماتۆڕ و جەستەکەی ناڕوات. مرۆڤ خوێن و چەوری و دەماری هەیە و ئۆتۆمبیلیش ڕۆن و بانزین و وایەر و بۆری و تاد.

ئەوەی سەرنج ڕاکێشە لێرەدا ئەوەیە کە دەتوانین ئێمە سودێکی تریش لە ئۆتۆمبیل وەربگرین، کە ئەویش گڵۆپ (چرا) کانی پێشەوەیەتی کە بە شەو یان بە تاریکی هەڵیدەکەین. ئۆتۆمبیل چرا بەهێزەکانی هەڵدەکات و سەرنجی بۆ یەك ناوچەی تایبەت و سنوردار دەستنیشان دەکات. لەو کاتەدا شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە گرنگی بەو ناوچانە دەدات کە  ڕووناکبوونەتەوە، بەڵام کە بەو ناوچانەدا تێپەڕی کرد چراکانیش ئاڕاستەیان بۆ ئەو شوێنە دەگۆڕن کە شۆفێرەکە مەبەستیەتی و ئەو ناوچانەش جێی هێشتون تاریك دەبن.

تۆ دانیشتویت لە شوێنێکدا چاوت لەسەر کەسێکە کە دەڕوات، لەو کاتەدا چاوت وەك ئەو چرای ئۆتۆمبیلە تەواوی ڕۆشنای و سەرنجی لەسەر کەسەکەیە. پاش کەمێك شوێنێکت دەخورێ تۆ ڕۆشنای چراکەت دەگوازیتەوە بۆ دەستی ڕاستت کە دەخورێ و ڕووناکی دەکەیتەوە. ئەوەندەی پێناچێ بیر لە ئاو خواردنەوە دەکەیتەوە و چراکانت ڕوودەکەیتە ئەو شوێنەی کە ئاوەکەی لێیە. لێرەدا تۆ ئەوەت بۆ دەردەکەوێ چاوی تۆ لەسەر هەر شتێك بێ ئیتر ئەو شوێنەیە بۆ تۆ ڕووناکی تیایە. ئەو شوێنەی تۆ سەرنجەکانتی بۆ دەگوازیتەوە ئیتر شوێنەکەی پێشوتر بۆ تۆ تەنها تاریکیەو لە وجود دەچێتەدەرەوە. کاتێك کە ئێمە فێری ئەوە بووین ئەو سەرنجە بەکاربهێنین بە مەبەستی داپۆشینی یان دوورخستنەوەی  بیرکردنەوەیەکمان یان جموجوڵێك بەهۆی گواستنەوەی سەرنجی چاومان، ئەو کاتە دەتوانین ئەو تواناو سەرچاوە سروشتیەمان بەکاربهێنین بۆ کارێکیش کە بەئاگایانەش بیکەین.

ئێمە زۆر جار کە ناڕەتیەکی جەستەی دووچارمان دەبێتەوە، سەرنجی چاومان و بیرکردنەوەکانمان پێکەوە دەخەینە سەر شوێنی ئازارەکە. ئەگەر بێتو بەردەوام بووین و ماینەوە لەو شوێنەداو بۆ مێشکمان سەرنجڕاکێش بوو ئەوا ئازارەکە درێژتر دەکەینەوە. خۆ ئەگەر توانیمان بەئاگاییمان بەکاربهێنین و بەهۆی بیرکردنەوەیەکەوە ئەو چرایەی کە ئەو شوێنەی  پێڕۆشنکراوەتەوە بیخەینەسەر شوێنێکی سەرنجڕاکێشتر، ئەوکاتە تۆ ئاسانتر دەتوانیت لەو ئازارەت دووربکەویتەوەو تاریکی بکەیت.

بۆ ئەوەی سودی زیاتر لە چرا بەهێزەکانت وەربگریت لەم بارەیەوە، تۆ بۆ تاریکبوون و دوورخستنەوەی بیرکردنەوەی خراپ (نەرێنی) دەتوانی سەرنجی بەهێزی چاوەکانت بەکاربهێنی و بەئاگابیت لەوەی کە بیر لەو شتەیش بکەیتەوە کە چراکانت ڕووناکیان کردوەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەوەی تۆ چاوت لەسەریەتی ئەوەیە کە تۆی تیا دەژیت، ئەوەی نایبنی  تەنها تاریکیە و ڕابورد.

www.warzshidaruni.com

سەرکەوتوبن 

گەڕانەوە