عه‌بدوڵڵا تۆفیق: ئافرەتان زیاتر لە پیاوان هیلاکتر ئەبن و فشاری دەروونیان لەسەرە

ماڵپه‌ری یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان دیدارێكی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا تۆفیق راهێنه‌ری ده‌روونی سازكردووه‌ و تیایدا باس له‌ چه‌ند ته‌وه‌رێكی هه‌ستیار تایبه‌ت به‌ ده‌روون دروستی و وه‌رزش و هۆكاره‌كانی تووشبوون و لادانی نه‌خۆشی ده‌روونیه‌كان ده‌كات. ناوبراو ماوه‌ی 6 ساڵه‌ ماڵپه‌رێكی تایبه‌ت به‌ وه‌رزشی ده‌روونی كردۆته‌وه‌و تیایدا خزمه‌ت به‌و بواره‌ ده‌كات بەناوی www.warzshidaruni.com

١. ئێوه‌ مالپه‌رێكتان هه‌یه‌ به‌ ناوی وه‌رزشی ده‌روونی، ئایا ده‌كرێ به‌ كورتی بۆمان باس بكه‌ن سودگه‌یاندن و خزمه‌تتان له‌م بواره‌دا كاریگه‌ری چه‌ند بووه‌؟

عه‌بدو‌لڵا تۆفیق : ماڵپەڕی وەرزشی دەروونی نزیکەی ٦ ساڵە وەك یەکەمین ماڵپەڕی کوردی سەبارەت بە ڕاهێنانە دەروونیەکان لە لایەن من و هاوسەرم چۆپی مەجید کە هەردووکمان ڕاهێنەری دەروونین لە وڵاتی سوید، هاتە بەرهەم. مەبەست لەم ماڵپەڕەش گەیاندنی زۆرترین زانیاری سەبارەت بە کردنی ڕاهێنانە دەروونیەکان و گرنگی ئەم بوارە لە وڵاتانی دونیادا،وە ئاسانکارکردن و پەێڕەوکردنی ئەم ڕاهێنانە بۆ تاکی کورد هەتا لەو ڕێگەیەوە بتوانێ بە باشترین و ئاسانترین شێوە تەکنیکەکانی بەکاربهێنێ و لە گەڵ خودی خۆیدا کاربکات بۆ ئەوی ببێتە تاکیکی تەندروست لە هەردوو ڕووە فیزیکی و دەرووونیەکەیەوە. کە تاکی کورد هەست بکات ڕێگای ئاسان هەیە و کات بدات بەخۆی هەتا باشتر خۆی بناسێت و بتوانێ ڕووبەڕووی کێشەکان و سترێسی ڕۆژانە ببێتەوە و کاربکات بۆ پێشخستنی کەسایەتی خۆی و تواناو سەرچاوەکانی خۆی باشتر هەست پێبکات. وە مەبەستێکیتریش لەم مالپەڕە بڵاوکردنەوەی ڕاهێنانە دەروونیەکانە لە کوردستانداو گەیاندنی پەیامی مرۆی خۆمانە بۆ گەلی کورد و گەیاندنی کارەکانمان لەڕێگەی کۆرس و سیمینارەوەو لەهەمانکاتیشدا بزانرێت کە کوردیش ڕاهێنەری دەروونی هەیە و کارەکانمان لەڕێگەی بەرنامە سی دیە دەروونیەکانەوە کە لە کوردستاندا دەست ئەکەون و لە مالپەڕەکەماندا یەکێ لەو پڕۆگرامانەمان بەناوی بەهێزبوونی دەروونی داگرتووە هەتا تاکی کورد باشتر ئاشنای ببێت و سودی لێببینێت. تائێستاش لە رێگەی ماڵپەڕەکەمانەوە ڕۆژانە پەیوەندیمان پیوە دەکرێت و پرسیاریان هەیەو ڕینماییان ئەوێت، وە زۆرێکیش بابەتەکانمان ئەبەن لە مالپەڕەکانی خۆیاندا دایدەنێن بۆ ئەوەی زۆرترین کەس سودی لێوەربگرێت. ئەتوانم بڵێم توانیمان لەم ١٢ ساڵەی کارکردنمان ڕاهێنانی دەروونی بەشێوەیەکی باش بەرینەوە کوردستان و تەنانەت زۆرێك لە پزیشکە دەروونیەکانی کوردستان ڕێنمای نه‌خۆشیه‌كانیان ئەکەن کە ڕاهێنانی دەروونی ئەنجام بدەن و گوێ لە سی دیەکانی من بگرن

٢. وه‌رزشی ده‌روونی كه‌ بابه‌تێكی ده‌روونی كۆمه‌لایه‌تیه‌ گاریگه‌ریه‌ سلبی و ئیجابیه‌كانی چه‌نده‌ له‌سه‌ر مرۆڤی كورد به‌تایبه‌ت كه‌ ئاشنای ئه‌و زانسته‌ نییه‌؟

عه‌بدو‌لڵا تۆفیق: وەرزشی دەروونی یان ڕاهێنانی دەروونی بۆ هەموو کەسیك گرنگی تایبەتی هەیە ئیتر لە هەرکوێیەکی دونیادا بێت. تاکی کوردیش دەتوانم بڵێم دەروونی هیلاکەو بەچەندین کارەسات و تراژیدیادا تێپەڕیووە و پێویستیەکی زۆری بە هێورکردنەوەی دەروونی هەیە، هەتا بتوانێ لەبارێکی هێمندا ژیان بەسەر بەرێت و ڕووداوەکانی ڕابردوو وەك مامۆستایەك سەیربکات و زیاتر لە ئایندە بڕوانێت. تاکی کورد ئەگەر نەشزانێ ڕاهێنانی دەروونی چیە، به‌لام ڕۆژانە بێئاگایانە سەدان ڕاهێنان دەکات، ئەویش لەرێگەی بیرکردنەوەکانیەوە. راهینانی دەروونی واتە کارکردن لەگەڵ بیرو هەست و وێنەو ڕەفتارەکاندا کە هەموو تاکێك خاوەنیەتی. جا شێوەی بیرکردنەوە چ هەستێك ئەدا بەو تاکە و لەو کاتەدا چ وێنەیەك دێتە خەیاڵی و پاشان ڕەفتارەکانی چی بەسەر دێ ئەمانە هەمووی ڕاهێنانی دەروونین کە نابینرێن و گرنگیەکی یەکجار زۆریان هەیە ئەگەر بە باش بیکەیت یان بەخراپ. ڕاهێنانکردنی باش ئەوەیە کە تاك بیرکردنەوەکانی گەشبین و ئەرێنیە لەم کاتەدا مرۆڤەکە تەندروستی باش و ئەبی، به‌لام کە بیرکردنەوەکانی تاک نەرێن و ڕەشبینانە بوو ئەوه‌ ڕاهینانێکی خراپی کردووە کە زۆربەی جار نەخۆشی و بیزاری بەدوای خۆیدا ئەهێنێ.

. ٣. ئایا وه‌رزشی ده‌روونی یارمه‌تیده‌رێكی گرنگه‌ له‌چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌ ده‌روونیه‌ درێژ خایه‌نه‌كان یان ته‌نها گرنگی ده‌دات به‌ حه‌سانه‌وه‌ی ده‌روونی تاكه‌كان له‌ كاتێكی دیاریكراو؟

عه‌بدو‌لڵا تۆفیق: لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا شانبەشانی دەرمان وەزشی دەروونی بۆ نەخۆشە درێژخایەنەکان بەکاردێت و زۆرجاریش ئەنجامی باشی بەدەستەوە داو. مرۆڤی نەخۆش زۆرجار لەبەر بیرکردنەوەی لە نەخۆشیەکەی ئەبینی نەخۆشیەکەی زیاترو خراپتر ئەبێت و بگرە پڕۆسەکە خێراتر ئەبێت کە دەبێتە هۆی مردنی تاکەکە. بۆیە ڕاهێنانی دەروونی ئەیەوێ تاکەکان کاربکەن لەگەڵ ناوەوەی خۆیاندا بۆ ئەوەی ئەو سەرچاوانەی کە لە خۆیاندا هەیە بەکاری بهێنن بۆ ئەوەی هیچ نەبێ بەرنامە درێژخایەن بۆ ژیانی خۆیان دابنێن و بیر لەو لایەنە ئەرێنی و ساغانە بکەنەوە کە ئەوان هەیانەا. تەکنیکی زۆر باش هەیە کە ڕەنگە زۆر ئاسان تاک بتوانێ بگاتە ئەو ئاستەی کە زیاتر بروای بەخۆی هەبێ و گەشبینبێت بۆ ژیانی کە ئەمەش یەکێکە لە پرۆسە سەرکەوتوانەی کە تاکی نەخۆش ئەبێ هەیبێ. نەخۆش بە شێوەیەکی گشتی خەوی باش نیەو هەست بە پشیوی و نائارامی ئەکات، بۆیە هێورکردنەوە و هاوکاریکردنی ئەو جۆرە نەخۆشانە بۆ خەوێکی باشتریان سورێکی زۆری هەیە. ڕاهێنانی دەروونی تەنها بۆ نەخۆش نیە، بەڵکو بۆ مرۆڤە بەتوانا و ساغەکانیشە بۆ ئەوەی دەروونیان بەهێزتر بکەن و زیاتر بەرەنگاری کێشەکانی ژیان ببنەوەو بەشێوەیەکی گشتی هەست بە هێمنی دەروونی و هاوسەنگی لە نێوان لەش و دەروونیاندا ڕابگرن و لەش ساغتربن.

٤. ئایا پێتان وایه‌ بوونی چه‌ند ماڵپه‌رێكی له‌و جۆره‌ بتوانی رێنمایی و هۆشیاری ده‌روونی تایبه‌ت بگه‌یه‌نێ به‌ هاولاتیان و ئاگاداریان بكاته‌وه‌ یاخود ئه‌و بابه‌ته‌ زیاتری ده‌وێ؟

عه‌بدو‌لڵا تۆفیق: بێگومان کوردستان زیاتر پێویستی بەم ماڵپەڕ و بابەتە دەروونیانە هەیە کە تا ئەندازەیەك بۆ كورد نوێیه‌. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە کەسانێك ئەم بابەتانە ده‌نوسن یان ئەم ماڵپەڕانەیان هەبێ پێویستە پسپۆڕو شارەزابن لەم بوارەدا، لەبەر ئەوەی ئەمەش وەك دەرمان وایە کە نابێ بەهەڵە بدرێ بە خوێنەران یان ئەوانەی کە پەیڕەوی دەکەن. خۆشبه‌ختانه‌ ئەتوانم بڵێم لە چەند ماڵپەڕێکی کوردیدا بەشی تایبەتیان بۆ ڕاهێنانە دەروونیەکان کردوەتەوەو بابەتەکانی ماڵپەڕەکەمان لەوێ دادەگرن و ئەوان مۆڵەتیان پێدراوە بەمەرجێ ناوی نوسەر و ناوی ماڵپەڕی وەرزشی دەروونی وەك خۆی بنوسن لەهەر بابەتێکدا، وەك خۆی.

٥. له‌ كۆمه‌لگه‌یه‌كی داخراودا كه‌ راده‌ربرین تا راده‌یه‌ك قه‌تیس كراوه‌ مرۆڤ چۆن بتوانێ و بزانێ كێشه‌یه‌كی ده‌روونی هه‌یه‌ ئایا چ ئامرازێك پێویسته‌ بگرێته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هۆشیاری ده‌روونی له‌ نێو تاكی كورد بڵاوبكریته‌وه‌

عه‌بدو‌لڵا تۆفیق: نەك هەر لە کۆمەڵگەی کوردیدا بگرە لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی‌ تریشدا کێشە دەروونیەکان بە شاراوەیی قەتیسماون. بەڵام هەست ئەکەم کە تاکی کورد لەو ڕووەوە باشتر ئەبێ، ئەویش بەهۆی ئەو زانیاریانەی کە وەریدەگرن و ئەو ئارەزووەی کە دروست بووە لەناو تاکی کوردا بۆ ئەوەی زیاتر لەبواری دەروونیدا شارەزاببن. بۆ ئەوەی تاکی کورد زیاتر لەم بوارەدا هەست بەبەرپرسیاریه‌تی بکات کە بە پێویستی بزانێ و هەست بکات دەروونی هیلاکەو جۆریك لە تێکچوون هەیە لە ڕەفتار و بیرکردنەوەکانیداو داوای یارمەتی بکات، ئەم ئاسانکاریە پێویستە لەلایەن پزیشك و دەروونناسەکانەوە بێت و به‌ روونی‌ باسی‌ بکەن و بەرنامەیان هەبێ کە هەموو تێکچوونیکی دەروونی مەترسیدار نیەو چارەسەری هەیە.

ئافره‌تان زیاتر دووچاری كێشه‌ كۆمه‌لایه‌تی و ده‌روونیه‌كان ده‌بنه‌وه‌٦. ئایا هۆكار له‌وه‌دا پیاوسالاریه‌ یان شه‌رم و ناهۆشیاری؟

عه‌بدو‌لڵا تۆفیق : بەداخەوە هەرووکیان هۆکارن بۆ ئەوەی کە خانمانی کورد زیاتر دووجاری ئەم کیشە دەروونیانە ببنەوە. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئافرەتان زیاتر لە پیاوان هیلاکتر ئەبن و فشاری دەروونیان لەسەرە. ئەگەر ئافرەتان کارییش بکەن شانبەشانی پیاوەکانیان ئەبینی هەر ئەوانن ئەبێ زووتر لەخەو هەستن، مناڵ ئامادەی قوتابخانە بکەن، نانیان بدەنێ و جلیان لەبەرکەن. کە لەکاریش هاتنەوە خێرا خواردن دروستکردن و هەندێجار میوان بەرێکردن و دەبی هەمیشە زیاتر لە پیاو ڕازاوەتر و دەم بەخەندەتر بێ و ژنێکی باشیش بێ بۆ پیاوەکەی. بەڵام کەم پیاو هەیە دوای کارکردن خێرا برواتەوە مالەوەو هاوکاری خێزانی بیت لە ماڵ پاكکردنەوەو خواردن درستکردن ، زۆربەی پیاوان تەنانەت ئێوارانیش ماڵەوە جێ ئەهێڵن و هاوڕێکانیان ئەبینن. ئەمانەش هۆکارن کە ژنان کەمتر فریای دەروونی خۆیان ئەکەون هەتا بتوانن خۆیان پڕ لە زانست بکەن، ئیتر لەرێگەی خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەوە بێ یان تەلەفزیۆن و ماڵپەڕەکانەوە.

k.w.u

21/1/2013

گەڕانەوە