لە کۆنفرانسی خوێندنی باڵای سکاندینافیای نێودەوڵەتی لە سوید

چالاکیەکانی عەبدوڵا تۆفیق بە ڕاپۆرتێك پیشاندرا

 

لە ڕۆژانی ١٩،٢٠/٣/٢٠١١ دا لە شاری ئۆرۆبرۆ لە وڵاتی سوید کۆنفرانسی ساڵانەی ڕاهێنانە دەروونیەکان بە سەرۆکایەتی کردنی پڕۆفیسۆر لاش- ئێریك ئونستۆڵ بەڕێوە چوو، ئەمەش بە بەشداری ڕاهێنەری دەروونی م. عەبدوڵا تۆفیق و خوێندکاری ڕاهێنانە دەروونیەکان چۆپی مەجید و ٩٨ بەشداربووی تر.

سەرەتای کۆنفرانسەکە بە پارچەیەك لە مۆسیقای کلاسیکی بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا. پاشان دکتۆر لاش- ئێریك سیمینارێکی لەسەر بڵاوبوونەوەی ڕاهێنانە دەروونیەکان لە جیهاندا پێشکەش کرد و هەر لە باسەکەشیدا باسی ئەو سەردانەی کرد کە لەگەڵ م. عەبدوڵا تۆفیق دا لە مانگی فێبرایەری ٢٠١١ بە پڕۆژەیەك لە کوردستان بوون کە خولێکیان لە سەر ڕاهێنانە دەروونیەکان بۆ ١٢٩ توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی و هەندێ لە مامۆستایانی زانکۆو پەیمانگاکان و کارمەندانی تەندروستی و هەندێ لە چین و توێژەکانیتر کردەوە. هەر لەو میانەیەدا دکتۆر لاش- ئێریك بانگی م. عەبدوڵا تۆفیق کرد کە باسێك لەسەر ئەو پڕۆژانەی کوردستان و ئارەزوومەندانی ڕاهێنانە دەروونیەکان لە کوردستان بە وێنەوە پێشکەش بکات. مامۆستا عەبدوڵا تۆفیق  لەسەرەتادا زۆر سوپاسی دکتۆر لاش- ئێریکی کرد کە دڵسۆزانە بێ ماندووبوون و بەبێ بەرامبەر ئەو چەند ڕۆژە پڕ لە زانیاریەی پێشکەش میللەتی کورد کرد. پاسان م. عەبدوڵا دیاریەکی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێز ئاسۆز گەرمیانی پێشکەش بە دکتۆر لاش- ئێریك کرد. هەروەها ڕاپۆرتەکەی م. عەبدوڵا تۆفیق بەنرخ هەڵسەنگێنراو و بووە مایەی پێزانین و سەرنجی بەشداربووان.

 

                             

 

لە کۆنفرانسەکەدا چەندین پڕۆفیسۆر و دکتۆر و وانەبێژی بە ناوبانگی سویدی لە بوارەکانی فەلسەفەو دەروونی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەدا لیکۆڵینەوە و باسی زۆر سەرنجڕاکێشیان پێشکەش کرد.

 

پڕۆفیسۆر دکتۆر پییاهێلێرتز سیمینارەکەی لەسەر توانا شاراوەکانی مرۆڤ بوو کە چەندین نمونەی هێنایەوە و پاشان بابەتێکی زۆر سەرنجڕاکێش و قورسی باسکرد کە لەسەر (ئوفو) بوو کە بە ژێر پیاڵە ناو ئەبرێت و هەندێ وێنە و دێکۆمێنتی پیشاندا.

 

                                                     

 

ئانەلی پۆمپێ کە وەرزشکارێکی جیهانیە لە بواری چوونە ناو قوڵایی ئاودا یەکەمی جیهانە کە ١٢٦ مەتر بە هۆی خۆ ئامادەکردنی دەروونیەوە و تەکنیکی هەناسەی قوڵەوە توانیویەتی ٣خولەك و ٢٥ چرکە لە مۆوت ئێڤەر دا لە بنی ئاوەکەدا بە پاڵکەوتوی بمێنێتەوە و ئارامی خۆی ڕابگرێ بە بێ ئۆکسجینی دەستکرد. ئانەلی هەندی تەکنیکی هەناسەدانی دروستی بە پڕاکتیکی بە بەشداربوان کرد. هەروەها ئانەلی باسی ئەوەی کرد کە بەسەر سەختترین چیاکانی جیهاندا سەرکەوتووە.

لاسێ گوستافسۆن کە پێش١٥ ساڵ لەمەوبەر لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەدا لە سوید خزمەتی کردووە، بەلام بەهۆی ڕووداوێکەوە غازێکی زۆر ئەتەقێتەوەو لاسێ لەگەڵ هاوڕێکەیدا ئەکەوێتە ناو ئەو ئاگرەوەو تەواوی دەست و دەموو جاوی ئەسوتێ. لە سیمینارەکانیدا باسی بڕوا بەخۆبوون ئەکات و چۆنیەتی چارەسەر و ئەو ئامانج و دونیا بینینە باس ئەکات لە چاوی خۆیەوە. لاسێ کەسێکی زۆر ناودارو بەتوانایە لە بواری دڵخۆشی و بیرکردنەوەی پۆزەتیفدا و زۆر بانگ ئەکرێت بۆ سیمینار تەنانەت لە ئەمریکا و زۆر ولاتانیتردا.

                                            

                                     

میکایل ئاندەرشۆن کە بێ قۆڵ لەدایك بووە باسی ئەوەی کرد کە چۆن مرۆڤ ئەتوانێت بە بێ قۆڵ یاری تێنسی سەر مێز بکات.

هێنریك ماتسۆن سیمینارەکەی لەسەر کۆمۆنیکاشون/ بەریەك کەوتن بوو، هەندێ تەکنیکی پڕاکتیکی کرد بە بەشداربووان و کە زۆر ئاسان بوو کە بەژیانی ڕۆژانەمانیەوە ببەستینەوە.

پاشان هەر یەك لە ئاندەش فریبەری،شێل فاگوس، ئانا گرێتە ئێریكسسۆن، نانێ بێرگستراند، ئێلیسابێت سولین، بیرگیتە ئێكمارك سیمینار و لێکۆڵینەوەکانی خۆیان باسکرد.

 

ئەوەی شایانی باسە لە ٢٢-٨-٢٠١١ هەتا ٢٦-٨-٢٠١١ لە ولاتی کۆسۆڤۆ لە پریستینا کۆنفرانسی جیهانی ڕاهێنانە دەروونیەکان بەڕێوە ئەچێت و م. عەبدولا تۆفیق و چۆپی مەجید بە فەرمی لەلایەن خوێندنی باڵای سکاندینافیای نێودەوڵەتی لە سویدەوە بانگێشکراون بۆ بەشداربوونیان لەو کۆنفرانسەدا کە تایبەتە بە بوارەکانی ( ڕاهێنانی دەروونی، هیپنۆس، پەروەردە، تەندروستی، کۆمەلایەتی، وەرزش، بازرگانی).

 ئەوەی ماوە بیڵیین ئەم کۆنفرانسە بە سەرۆکایەتی پرۆفیسۆر دکتۆر لاش- ئێریك ئونیستۆڵ و بە بەشداربوونی زۆرێك لە نوسەر و پرۆفیسۆرو زاناکانی جیهان لە بواری دەروونیدا بەڕێوە دەچێت. بەشداربووان لە پێشەوە گوێبیستی چەند کەسایەتیەکی ناوداری وڵاتانی چین، هیند، مالیزیا، ئەمەریکا، کەنەدا، بەرازیل، پیرۆ،کۆڵۆمبیا، مەکسیکۆ،  نیوزلەندە، و هەندێ لە وڵاتە ئەوروپیەکان ئەبن.

داواکاریشین هەر کوردێك کە دەیەوێت لە بواری دەرونی، پەروەردە، تەندروستی، وەرزش و بازرگانیدا گەشەبکات و ئەخوازێت بەشداربێت لەم کۆنفرانسەدا، ئەتوانێت پەیوەندی بە ئێمەوە بکات بۆ ئەوەی ئێمە ئاسانکاری بۆبکەین.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەو کۆنفرانسە جیهانیەی کۆسۆڤۆ دەتوانن سەردانی یەکەم ماڵپەڕی کوردی لەسەر وەرزشە دەروونیەکان بکە یان کلیك لێرە بکە 

 

دەروون بەهێزو ئاسودەبن

چۆپی مەجید  

  

www.warzshidaruni.com

گەڕانەوە