بیرکردنەوەی نەرێنی/ نەگەتیڤ

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی- سوید

٢٣/١٠/٢٠١٢



ئەو شتەی کەوا بەتەواوی مرۆڤایەتی سەرقاڵ و ماندو کردووە بیرکردنەوەکانیەتی، کە ئەویش هەر لە سەرەتای قۆناغەکانی گەشەکردنەوە زیاتر کاریگەر ئەبێت. بیرکردنەوەکان بە باش و خراپیانەوە، بە بەئاگایی و نائاگاییەوە ڕوومان تێئەکەن و ئیمەی مرۆڤی کۆنتڕۆڵ کردووە و وازمان لیناهێنێت هەتا ئەوکاتەی خەومان لێ ئەکەوێت و دەچینە ناو دونیای نائاگاییەوە. وەك لەلایەن توێژەرەکانی مێشكەوە باسکراوە مرۆڤ دەیان هەزار بیرکردنەوەی لە شەو ڕۆژێکدا بۆیەت. ئەوەی زۆر سەرنج ڕاکێشە سەبارەت بە بیرکردنەوەکانمان ئەوەیە کە ئێمە زۆربەمان زۆرترین بیرکردنەوەکانمان نەرێنیە واتە خراپە وەك هەستی: تووڕەیی، ترساوی، ڕەشبینی، دوودڵی. ئەو بیرکردنەوە خراپەکانە ئیمە ناچار ئەکات و ڕامان ئەکێشێت هەتا بەدوایدا بڕۆین. دیارە کە هۆکاری زۆر هەیە لە پشت ئەم خۆ بەدەستدانەی مرۆڤ بەرامبەر بە بیرکردنەوە خراپەکانی. یەکێك لەو هۆکارانە ئەوەیە کە وەك ئاشکرایە ئیستا لە سەردەمێکدا ژیان بەسەر ئەبەین کە مێدیاکان و ئینتەرنێت تەواو کۆنترۆڵی مرۆڤایەتیان کردووە و بە ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ هەواڵەکانی جیهانمان بۆ ئەهینن، کە زۆربەیان نەرینین و دڵەڕاوکێ لە ناوماڵی هەمووماندا دروست ئەکەن. ئەگەر ئەمەش بەراورد بکەین لەگەڵ سەدەکانی پێشودا کە ئەو ئاسانکاریانە نەبوون بۆ گواستنەوەی هەواڵ و وێنەو فلیمەکان، ئەو جیاوازی و گۆڕانکاریە لە بیرکردنەوەکانی مرۆڤەکانی ئەو سەردەمانە و ئێستادا هەست پێ ئەکرێت. بەدەر لەو خاڵەش مرۆڤ هەمیشە تێکەڵ بە خەڵك ئەبێت و بەهۆی بەرکەوتنەکان و بۆچوونەکانیەوە لەگەڵ کەسە نزیکەکان و دەوروبەریەوە دیسانەوە گیرۆدەی بیرکردنەوەی خراپ ئەبێت. مرۆڤ هەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوەکان ئەکات و بەپێی ڕۆشنبیری فیکری و ئەو ژینگەیەی کە تیایدا ئەگوزەرێنێت کاری تێئەکرێت. زۆرجاریش ئێمە خۆمان بەهۆی بیرکردنەوەمان لە ئازاری جەستەو و دەروونمان خۆمان بەراورد ئەکەین لەگەڵ کەسانیتردا کە ئەوان چۆن نەیانتوانیوە لەژێر ئەو نەخۆشی و ناڕەحەتیانەی ژیاندا دەربازببن. گرنگترین پرسیاریش ئەوە نیە کە بۆچی بیرکردنەوەی خراپمان بۆیەت لەبەر ئەوەی ئێمە هەرچیەك بکەین ئەو بیرکردنەوانە سەرهەڵئەدەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەگەر بیرکردنەوەی خراپمان بۆهات چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.
لەڕاستیدا ئێمە تەنها دوو ڕێگامان لەبەردەمدایە کە بەرەوڕوی بیرکردنەوە خراپەکانمان ببین، ئەوانیش:
١. مرۆڤ ئەتوانێ بیرکردنەوەکە بۆخۆی شی بکاتەوە،بزانی لەسەرەتاوە چۆن دروست بووە، باش بیری لێ بکاتەوە، پشکنینی بۆ بکات و دیسانەوە کاتی بداتی.
٢. فێرببێت بتوانێ یاری پێبکات و بیان گۆڕێ و خۆی کۆنترۆڵی بکات، دووری بخاتەوە، کەمتر کاتی بۆتەرخان بکات و گرنگی پێ نەدات، بەئاسانی وەریان بگرێ.
کاتێك کە بیرێك ئەکەیتەوە، هەر جۆرە بیرێك بێت- ئەوە تەنها بیرکردنەوەیە! هیچ مەترسیەکی تیانیە ئەگەر نەهێڵیت بیرکردنەوەکە بەردەوامی هەبێت و بیبڕیت. تۆ خۆت ئەتوانی بڕیار بدەیت کە گرنگی بەکام بیرکردنەوە بدەیت. هەمان پڕۆسەی دەروونیە و جیاوازیان نییە کە بیرێکت هەبووبێ سەر لەبەیانی ئەمڕۆ یان پێنچ خولەك لەمەو بەر.
ئەو دەمەقاڵەیەی کە تۆ سەر لەبەیانی ئەمڕۆ توشت بوو پێش ئەوەی بەرەو کارەکەت بڕۆی کە تۆ ئێستا لەسەر کارەکەت بی ئەوە بە دەمەقاڵێ و شەڕ دانانرێ. لەبەر ئەوەی ئەوە تەنها بیرێکە لە مێشکتا. ئەم جۆرە پڕۆسانە بەهەمان شێوە بۆ داهاتووش هەمان جۆرە. تۆ بیر ئەکەیتەوە کە ئەبێ ئەم شەو چۆنی بەسەر بەری، هەفتەیەکیتر یان پێنچ ساڵیتر چی ڕووبدات. ئەگەر بیرکردنەوەکان نەرێنی بن لەم کاتانەدا ئەوا ترس و دوودڵیمان لە زیاد بووندا ئەبیت. ئەگەر توانیشمان ئەو بیرکردنەوە نەرێنیانەی کەوا بێئاگایمان ئەبەن بەبێ گرنگی پێدان بەرەڵایان کەین، لەماوەیەکی کەمدا هەست بە ئازادیەك ئەکەین کە لە ناو خودی خۆماندا سەرچاوەی گرتووە. وە لە بارێکێ ئارام و هەستێکی خۆشدا زیرەکیمان پێمان ئەڵێ کە لەمەودوا ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بیرکدنەوە نەرێنیانەدا بکەیت.
بیرکردنەوەی نەرێنی یەکێكە لە فاکتەرە سەرەکیە مەترسیدارەکان بۆ تووشبوون بە نەخۆشیە جەستەی و دەروونیەکان. وەك باسی لێدەکرێت کە ئێمە بیرکردنەوەکانمان ئێمە نەخۆش ئەخەن. هیندۆکەکان ئەڵێن: ئەگەر ئەتەوێ بزانی تەندروستیت سبەینێ چۆن ئەبێ ئەوا سەیری بیرکردنەوەکانی ئەمڕۆت بکە، وە ئەگەر ئەتەوێ بزانی بۆچی تەندروستیت ئەمڕۆ بەو شێوەیە ئەوا بزانە بیرکردنەوەکانی دوێنێت چۆن بووە.
بیرکرنەوەی نەرینی هۆکاریکە بۆ ئازاری سك و زامی گەدە، سەرئێشە و دڵ تێكهەڵهاتن، پشت ئێشە، هەناسە تونگی، خراپبوونی ڕتمی دڵ و جەڵدە، گرژبوونی دەروونی، کەم خەوی، خەمۆکی، بیزاربوون لە ژیان و پەنابردنە بەر جگەرەو خواردنەوەی ئەلکهول و مادە هۆشبەرەکان، دابڕان لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، هەندێ جار کەم دوویی و هەندێ جاریش زۆر بڵێی، پرسیارکردن و لاوازبوونی بڕوا بەخۆبوون، هەستکردن بە لاوازی دەروونی و کەم تەحەمولی، زوو تووڕەبوون، کاریکی نەرێنیش ئەکاتە سەر دەوورووبەری وحەوسەڵەی کارکردنی نامێنێ و زۆرجار لەسەر کارەکەی کێشەی بۆ دروست ئەبێت.
کەسێك کە بیرکردنەوەی نەرێنی هەیە ئەگەرچی تۆ لەگەڵیدا هەوڵ بدەیت بەقسەکانت کە شتێکی خۆش و سەرنجڕاکێشی بۆ باس بکەیت ئەو لە کۆتایدا هەر بای ئەداتەوە بەو لایادا کە خۆی ئەیەوێت، بۆ نمونە:
تۆ پێی ئەڵێێ: ئەمڕۆ ئاو هەواکەی زۆر خۆشە
ئەو لە وەڵامدا ئەڵی: بەڵێ خۆشە، بەڵام لەوانەیە ببێت بە هەورو باران.


سەرکەوتوبن
www.warzshidaruni.com
 

گەڕانەوە