بێ خودی
عه‌بدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنه‌ری ده‌روونی

مه‌به‌ست له بێ خودی چیه؟
ئایا پێویست ده‌کات که هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ین خودی خۆمان نه‌هێڵین؟ ئه‌ی به‌چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت و بۆچی ئه‌مه بکه‌ین؟
من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم که پێویست بکات ناته‌بابین له‌گه‌ڵ خودی خۆماندا. وه پێویستیش ناکات ئازادبکرێین له خود یان دووری بخه‌ینه‌وه له خۆمان یان به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌کان که‌می بکه‌ینه‌وه. هه‌تا ئێمه خه‌بات بکه‌ین و به‌ره‌نگاری خود ببینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یهێڵین، خود به‌هێزتر ده‌بێت و باشتر خۆی له ناوماندا جێگیر ده‌کات و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر ده‌بێت.
(خود) بیرکردنه‌وه و بۆچونه
خود وجودی هه‌یه له ناوماندا له شێوه‌ی بیرکردنه‌وه. هه‌رجارێك ئێمه کاردانه‌وه‌یه‌کمان ده‌بێت به هۆی بیرکردنه‌وه‌یه‌که‌وه و شیده‌که‌ینه‌وه بۆ خۆمان و لێی ده‌کۆڵینه‌وه، ئه‌و کاته ئێمه خودمان دڵنیا کردوه‌ته‌وه له خۆماندا که وجودی هه‌یه و له ئێستاماندا ده‌ژی. زۆر جار خود له شێوه‌ی ئیره‌ی، دڵپیسی، شانازی‌کردن به خۆوه، توڕه‌ی، ڕق لیبوونهوه، خۆ تاوانبارکردن خۆی پیشان ئه‌دات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه بین که ئێمه له‌شی خۆمان نین، ئێمه مێشکی خۆمان نین، ئێمه خود نین، به‌ڵکو ئێمه له‌مانه زۆر گه‌وره‌ترین.
بۆ هه‌ر بیرکردنه‌وه‌یه‌ك که ئێمه له‌وێدا ده‌چه‌قین، ئه‌گه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی خراپ بێت یان باش، ئێمه ده‌مێنینه‌وه‌و خودمان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه که ئه‌و هه‌یه و ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه به‌سه‌رماندا. زۆرمان به هه‌ڵه هه‌وڵده‌ده‌ین که بیرکردنه‌وه خراپه‌کانمان بگۆڕین به باش، به‌ڵام به هۆی نهزانینمانهوه ده‌که‌وینه ته‌ڵه‌که‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه دیسانه‌وه له‌وێداین و بڕوامان به بیرکردنه‌وه‌کانمان هه‌یه‌و بیریان لێده‌که‌ینه‌وه.
ئێمه به هۆی خودمانه‌وه ده‌ژین به‌ڵام ته‌نها له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ودا له کاتێکدا دڵنیا ده‌کرێینه‌وه که ئێمه خه‌ریکی چین، چیمان هه‌یه و چی پێشکه‌ش ده‌که‌ین. خود وێنه‌کانی ناوه‌وه‌ی خۆمانه، ئه‌و ڕۆڵانه‌یه که ڕۆژانه پیشانی خه‌ڵکی ئه‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی خۆشیان بوێین و ڕازیببن لێمان و بتوانین زاڵبین و ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بێت به‌سه‌ر که‌سێکی تردا. هه‌موو ئه‌مانه له بیرکردنه‌وه‌کانماندا هه‌ن و به‌مانه‌ش هه‌ست ده‌خولقێت.
کاتێك که ماوهماندا به بیرکردنه‌وه‌کانمان که بێن و بڕۆن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گرنگیه‌کیان پێبده‌ین، ئه‌وکاته ئێمه ئاماده‌ین و ده‌توانین بڵێین که ئێمه ئازادین له خود. که ئازادبیت له خود ئه‌وه ناگرێته‌وه که ئێمه بێ خود بین له بیرکردنه‌وه‌کاندا، به‌ڵکو ئێمه ئه‌وکاته ده‌توانین بژین له ئێستادا که له هه‌مان کاتدا بیرکردنه‌وه‌کان و هه‌سته‌کان ده‌نگی خۆیان هه‌یه له ناوماندا که دێن و ده‌ڕۆن به‌بێ هیج کاردانه‌وه‌یه‌کمان.
بزانه خود بۆ چیه
ئێمه ئه‌توانین خۆمان به‌راورد بکه‌ین له‌گه‌ڵ ده‌ریایه‌کدا، که ئێمه دهریاکهین. ئه‌و ده‌ریایه پڕیه‌تی له ماسی گه‌وره‌و بچوك و هه‌مه‌ڕه‌نگ. ئێمه له‌و ده‌ریایه‌دا ده‌بینین ماسیه‌کان به‌ناوماندا دێن و ده‌ڕۆن. ئه‌گه‌ر بهێڵیت ئه‌وان بڕۆن به ئازادی و به‌بێ هیچ لیکۆڵینه‌وه‌و شیکردنه‌وه‌یه‌ك و گه‌ڕان به‌دوای ئه‌وه‌دا که ئه‌و ماسیانه له‌کوێوه هاتوون، ئه‌وان ئازادانه مه‌له‌ده‌که‌ن.
ئه‌و ماسیانه بیرکردنهوهکانمانن. ئه‌وان به تاك یان به کۆمه‌ڵ دێن. کاتێك که ئێمه خود به‌کارده‌هێنین یه‌ك به یه‌کی ئه‌و ماسیانه ده‌گرین و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ین، ده‌یانگرین و سه‌یری پشت و مل و کلك و ڕه‌نگه‌کانیان ده‌که‌ین. پاشان ده‌یان به‌ین له‌گه‌ڵ خۆماندا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ماسیه‌کی جوان بوو، گه‌وره‌بوو، ناشرین بوو یان ده‌یان به‌ین له‌به‌ر یادگاری و به‌ڵگه. له‌م باره‌دا ئێمه هه‌ر وه‌ك ئه‌و ماسیه گیرده‌خۆین.
تۆی به‌ڕێز که ده‌ته‌وێت ده‌روونت به‌هێز بێت و زیاتر له خۆت نزیك ببیته‌وه‌و خۆت باشتر بناسیت، بۆچی سود و خۆشی وه‌رناگریت له‌و کاتانه‌ی که ئه‌و ماسیانه به ئازادی له به‌رده‌متا مه‌له ده‌که‌ن و نزیکن لێته‌وه. بهێڵه با بسوڕینه‌وه به‌بێ هیچ کاردانه‌وه‌یه‌ك، ڕه‌خنه‌یه‌ك، بڕیاردان یان هه‌ر بیرکردنهوهیهکیتر. کاتێك ئێمه وه‌ستاوین و ده‌هێڵین ماسیه‌کان مه‌له‌ی خۆیان بکه‌ن، ئه‌وکاته ئێمه ئازادین له بیرکردنه‌وه‌کان و له خود. هه‌روه‌ها فێر ده‌بین که هه‌رکات بمانه‌وێت بیرکردنه‌وه‌و خود به‌کاربهێنین، که ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆوه‌یه که خود ئێمه به‌کار ده‌هێنێت هه‌رکات ئه‌و بیه‌وێت. له هه‌مان کاتدا ده‌بێت به ئاگابین له‌وه‌ی که خود یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ چاکسازی له ژیانماندا بۆ ئه‌وه‌ی ژیان ئاسانتر بێت و باشتر لێی تێبگه‌ین.
ئێمه به‌هۆی ئه‌و بیرکردنه‌وانه‌وه که ماوه‌یان ئه‌ده‌ینێ وه‌ك ئه‌و ماسیه جۆراو جۆرانه له دهریاکهماندا مه‌له‌بکه‌ن ئازادی و هارمۆنی ده‌روونی هه‌ست پێده‌که‌ین و پێداویستیه‌کانمان که‌م ده‌بێته‌وه. به‌مه‌ش کۆنتڕۆڵی ته‌واومان ده‌بیت به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌و هه‌سته‌کانماندا. ئێمه هێدی هێدی خۆمان له ئێستادا باشتر ده‌بینینه‌وه‌و پڕ ده‌بین له خۆشیه‌کانی ژیان و ئاره‌زو بۆ ژیان.
هه‌رگیز هه‌وڵی دژایه‌تی شتێك مه‌ده که له ناوتا بوونی هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له بیرت نه‌چێ ئه‌وه‌ی تۆ دژایه‌تی ده‌که‌یت زیاتر شوێنی خۆی جێگیر ده‌کات له ناختا، به‌مه تۆ دڵنیای ده‌که‌یته‌وه له وجودی.
بزانه تۆ کێیت/ خود هه‌رگیز کارت تێناکات ئه‌گه‌ر خۆت دژایه‌تی نه‌که‌یت.
سه‌رکه‌وتوبن....