بەرەی شەڕ و بەرەی خێر لە خودی مرۆڤدا

                                                                

ڕاهێنەری دەروونی عەبدوڵا تۆفیق

23/8/2015


لە ناو خودی هەر یەکێکێك لە ئێمەدا دوو بەرە هەیە، کە بە بەرەی شەڕ و خێر یان باش و خراپ یان شەیتان و خوا ناودەبرێت. ئەم دوو بەرەیەش هەندی لە پسپۆران بە گورگە دڕندەکەو گورگە میهرەبانەکەی دەناسێنن.
دەڵێن مرۆڤ بە پاکی دێتە دونیاوەو بەرەی باش و خێر زۆرترین بەشیی مرۆڤەکە پێكدەهێنێت. بەڵام هێدی هێدی خود واتە ئێگۆی مرۆڤ وادەکات کە پیشانی خۆی و دەوروبەری بدات کە ئەمیش هێزو دەسەڵاتی بڕیاردانی هەیە، لەو کاتەدا ئەگەر بزانێ بریارەکەش هەڵەیە هەر بەردەوام دەبێ لەسەری.
بۆ نمونە تۆ شتێکت پێڕاستە بەڵام بەرامبەرەکەت بۆت دەسەلمێنێ کە ئەوەی تۆ دەیڵێیت یان دەیکەیت باش نیە و بگرە بوختانیشە، لەوانەیشە کێشە دروست بکات. تۆ بەرەی باش لەناوتا دەڵێ کە بەرامبەرەکەت ڕاستدەکات، بۆ تۆ باش نیە ئەگەر بەردەوامبیت لەسەر ئەو کارەی کە دەیکەیت و واز بێنە . لەو کاتەدا تۆ بەرەی شەڕ یان گورگە هارەکەت بەئاگا دێنیتەوەو جەنگێك لە ناو خودی خۆتا دروستدەکە یت و تۆ خۆت دەسەپێنیت و خۆت بەڕاست دەزانی کە نابێ داوای لێبووردن بکەیت کە لەوانەیە ئاستت دابەزێنێ. لە کاتێکدا کە گورگە هارەکەت لەپەلامارداندایە بۆ سەر گورگە میهرەبانەکەت ئیتر تۆ بەرەو پشێوی دەروونی و کەم خەوی و بیرکردنەوە جەنجاڵەکان دەچی. ئەمەش لەهەمانکاتدا تۆ دەزانی کە بەرامبەرەکەت ڕاستە نەك بۆچوونەکەو کردەوەکەی تۆ. ئەمە دەبێتە پرۆسەیەكی درێژ و زۆر مەترسیدار و بە کێشە دەبێت، ئەگەرچی کێشەکە گەورەبێت یان بچوك تۆ بەقەدەر کیشەکە نائارامیت بۆ دروست دەبێ.
کێشەو جەنگی خود و تێکشکان و شڵەژان و دەروون تێکچوون لەوێوە دەستپێدەکات کە بەرەی خێر و بەرەی شەڕ لە خودی کەسەکەدا ناتەباییان هەبێ. بەداخەوە مرۆڤی ناڕۆشنبیر هەر زوو وزەو خۆراك دەدات بە لایەنی شەڕ و گورگەکە تاو دەدات هەتا بەسەر بەرەی خێر و چاکەدا سەرکەوێت، کە لە کۆتایشدا تەنگەشەی دەروونی و پەشیمانی بەدواوە دەبێت. ئەمەیە کە زۆر جار مرۆڤەکان دڕندە و تووڕە دەکات و زۆرجار لە هەموو بەهایەکی ڕۆشنبیر و دەروونی و کۆمەڵایەتی ئاینی دووردەکەونەوە.
بەرەی شەڕی ناو خود هەر ئەوەندەی کە مۆڵەتتپێدا کە کاربکات، ئیتر زۆر ئاستەمدەبێ کە بگریتەوەو کۆنتڕۆڵی بکەیتەوە. کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەرەی شەڕ پێویستی بە بیرکردنەوە و کات بەخۆدان هەیە. تۆ دەبێ ئەم خاڵانە بۆ خۆت یەکلای بکەیتەوە:
- دەبێ بەئاگابیت لەوەی کە تۆی بەرەو کوێ بردووە؟
- ئایا تۆ هەستەکانت چۆنن؟
- ئایا ڕازیت بەو بارەی کە دەروونتی پیا تێپەڕ دەبێ؟
- ئایا ئەوەندە بۆ تۆ گرنگە کە ئەو جەنگە بەریتەوە؟ چی دەبیتەوە؟
لە زۆربەی بارەکاندا ئەگەر مرۆڤ هەڵەیەکی ئەنجامدا، یان قسەیەکی کرد کەسی بەرامبەری پێ شکاند، یان خۆی فەرزکرد بەسەر کەسیکدا، دەتوانێ بەتەنها داوای لێبوردنێك زۆربەی کێشەکان جارەسەر بکات و کیشەکان لە تەشەنەکردن بوەستینی. بە لیبوردن دەروونی خۆی و بەرامبەرەکەی ئارامدەکات و ئەو شەڕەی نێوان بەرەی شەڕ و خێرە لە ناو خودی خۆیدا دادەمرکێتەوەو دەزانێ کە بەرەی خێر هەمیشە ئاسودەی دەبەخشێ و ڕیگایەکە بەرەوە ئاسودەیی.

سەرکەوتوبن

www.warzshidaruni.com

https://www.facebook.com/abdula.tofiq

گەڕانەوە