بەم شێوەیە پشویەکی تەندروست بدە

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

25/4/2014

ئایا وشەی پشوو لای تۆ ئەوە دەگەیەنێت کە تۆ ڕۆژێك نەڕۆیتەوە بۆ کارکردن؟ یان دانیشیت و چایەکی گەرم بخۆیتەوە؟ یان جگەرەیەك بکێشی؟ یان کەمێك بۆی ڕاکشێی؟ ئەی بیرت کردووەتەوە کە پشویەکی باش و تەندروست چۆنە؟

لەگەڵ ئەوەشدا کە هەموو میللەتێك ڕۆژێك یان دوو ڕۆژی هەیە بۆ پشودان لە هەفتەیەکدا و هەموو مرۆڤێك چەند کاتژمێرێکی هەیە لە ڕۆژێکدا، کە بتوانێ خۆی بێت و لەسەرقاڵی ژیان کەمێك دوور بکەوێتەوە، کەچی زۆربەمان دەڵێین فریای هیچ ناکەوین و کاتمان نیە بۆ پشودان.

ئێمە هەموومان ٢٤ کاتژمێرمان هەیە لە ڕۆژێکدا کە تیایدا بژین، کە پڕیەتی لە چالاکی جۆراوجۆر. ئەو چالاکیانە بووەتە هۆی کوژانەوەی سنورەکانی نێوان ڕۆژ و شەو، کار و کاتی بەتاڵ، چالاکی و پشو. ناجارکراوین کە هەمیشە بە شەو ڕۆژ بتوانرێ پەیوەندیمان پێوە بکرێت، لەرێگەی ئیمایل، مۆبایل و س م س و فەیسبووكەوە، کە بووەتە هۆی پڕبوونمان لە پەیوەندیە ئەلکترۆنیەکان کە هەمان تام و لەزەتی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی جارانی نەماوە و بوەتە هۆکارێك بۆ نەخۆشیە دەروونی و جەستەیەکان و خەمۆکی.

ئەی چۆن مرۆڤ بتوانێ بەلانسێك بدۆزێتەوە بۆ ژیانی لەکاتێکدا هەست دەکات کە ئەو خۆ هیلاكکردنە بێمانایە؟

لێکۆڵەرەوان پێمان دەڵێن کە ئەوە پشویەکی باش و تەندروستە کە دەبێ کاری لەگەڵدا بکرێ، نەك سەرقاڵی بەردەوام و سترێس بوون. تەنها ئەوەش بەس نیە کە تۆ بتەوێ ساڵی جاری بچیتە گەشتیك، بەڵکو دەبێت فێرببین کە پشویەك بدەین و هەست بکەین کە ئێمە لە ئێستاداین، ئەمەش ڕۆژانە دەتوانین ئەنجامی بدەین. بەمانای ئەوەی کە تۆ کاتێك پشو دەدەیت بتوانی مۆبایل و لاپتۆپەکەت داخەیت یان هیچ نەبێ لەکاتی پشودانتا کاتێکی دیاریکراو دابنێی بۆ وەڵامدانەوەی نامەو پەیوەندیەکانت. ئەوەی کە مرۆڤ لێی کەمە لەم بارەیەوە کاتە بۆ خۆهێنانەوە و وزەی نوێ وەرگرتنە ڕۆژانە. پشویەك دەتوانێ تەنها ئەوە بێت کە دانیشین و ئەو کاتە قبوڵ کەین واتە لە ئێستا بژین.

پشودان لە کەسێکەوە بۆ یەکێکیتر جیاوازی هەیە. لەکاتی پشودا زۆر شت لە مێشکدا ڕوودەدات، لەبەر ئەوەی پشو پەیوەندی بەکەسەکەوە هەیە کە ئەو دەیەوێ چۆن پشو بدات بۆ ئەوەی کە خۆی بهێنێتەوە. زۆر جار پێویستە لەکای پشودا بتوانین بڵێین (نا) بۆ هەندێ چالاکی، وەك چوونە بازار و شت كڕینی زۆر، زۆربەمان لەکاتی پشوەکاندا بە بازار و کاڵا کڕینەوە زیاتر هیلاك دەبین. ئەگەر بکرێ میوانداری کەمتر بکەینەوە لەو کاتەدا کە تۆ دەتەوێ پشوبدەیت لەبەر ئەوەی تۆ پێویستت بەوە هەیە کە کەمێك هەر خۆت بیت، ئەگینا کەی فریای خۆت دەکەوی بەسەر خۆتا بچیتەوەو بزانی چی دەگوزەرێ لە ناوتا، لە جەستەتدا، لە مێشکتا. دەکرێ لەکاتی پشودا پیاسە بکرێ چونکە لەکاتی پیاسەدا بیرکردنەوەی زۆر سەرهەڵدەدات و دەبێ زۆر بوێرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەیت. لە کاتی پشویەکی دروستدا تۆ ڕووداوەکان و بەسەرهاتەکانت وەك فلیمێك دەبینێتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە خۆت لەدەرەوەی فلیمەکەوە ببینیتەوە وابزانە کە تۆ ڕۆڵێکەو بینیوتە.

سەرکەوتوبن

www.warzshidaruni.com

گەڕانەوە