بەم ڕاهێنانە ئاوڕێك لە خۆت لە ساڵی ٢٠١٤دا بدەرەوە

ڕاهێنەری دەروونی عەبدوڵا تۆفیق


25/12/2014

ئێمە ئەوەندەی بیرکردنەوەکانمان و ئاوڕدانەوەکانمان بۆ دەرەوەی خۆمانە ئەوەندە بۆ ناوەوەی خۆمان و خودی خۆمان نیە. ئێمە زۆر ئاسان دەتوانین کە شیکردنەوە بۆ ڕووداوەکان و هەڵسوکەوتی کەسانی دەورەبەرمان بکەین، بەڵام کەمجار زاتی ئەوە دەکەین کە بزانین ئێمە خۆمان بە چیەوە خەریکكردووە؟ بۆچی ئەوە دەکەین کە دەیکەین؟ چیمان دەوێ؟ پەیوەندیەکانمان و کاتەکانمان چۆن بەسەر دەبەین؟ ئەو ڕۆژەمان چۆن بەسەر برد و دەبوایە چیمان بکردایە لەباتی ئەوەی کە کردمان؟ تاد....
ئێستا وا لە ساڵی ٢٠١٥ نزیکبووینەتەوە. ساڵی ٢٠١٤ لەوانیە بۆ زۆربەمان ساڵیکی سەخت و پڕ لە رووداوی ناخۆش بوبێت. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەمان هەستمان کردووە کە ئێمە وەك مرۆڤ هەمیشە دەتوانین بەسەر گرفتەکانماندا سەرکەوین، ئەگەر بیرکردنەوەکنمان بەرەو ڕۆشنایی بێت و پۆزەتیڤ بێت نەك داخراوو تاریك و نیگەتیڤ بێت.
کاتێك بەخۆت بدە. لەوانەیە ئەگەر تەنها پێنچ خولەك بەخۆت بدەیت و لە شوێنیکی ئارامدا بۆخۆت دانیشی یان پاڵکەوی بۆ ئەم مەبەستە، دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ ئەم ڕاهێنانە و ئەم مەبەستە.
بەم شێوەیە بکە:
پێنوسێك و کاغەزێك لە نزیك خۆت دابنێ. پاشان، دانیشە یان پاڵکەوە بەشێوەیەکی خۆش بۆ تەواوی لەشت. بیربکەرەوە لەوەی کە تۆ ئێستا ڕاهێنانێك دەکەیت بۆ ئەوەی ئاوڕێك لە خۆت بدەیتەوە، کە ئەم ساڵەت چۆن تێپەڕاندوە کە ئایا لە خۆت ڕازیت یان نا. کە ئەمەت کرد، پاشان چاوت داخە.هەندێ هەناسەی قوڵ هەڵمژە و پاشان هەناسە بدەرە دەرەوە. هەناسە قوڵەکانت و هەناسەدانە دەرەوەت تۆ بەرەو خاوبوونەوەیەكی قوڵ دەبات. لەسەر خۆ هەناسە بدە و هەناسەت هێمن و یەکسان بکە. کە زانیت وا جەستەت خاو بووەتەوە ئیتر تۆ هێمنی زیاتر هەست پێبکە، هەتا سترێسیشت کەمتر دەبێ.
کەزانیت تۆ خاوبوویتەوە ئیتر بیرکردنەوەکانت بکەرەوە و سەربەستیان کە. دەتوانی هەر لە سەرەتای ساڵەکەوە ئەوەندەی بیرت دەکەوێتەوە وەك فیلمێك ببینی. بزانە کام شتانەت زیاتر بیردەکەویتەوە. گرنگ نیە ئەوەی بیرت دەکەوێتە دڵخۆشانە بێ یان بە پێچەوانەوە دڵت تەنگ بکات. هیچ پەلە مەکە ئەوەندەی دەتوانی و لەبارێکی خۆشدا وەك فیلمێك ببینە. دڵنیابە هەتا تۆ زۆر لەخۆت بکەیت کەمترین وێنەت بیر دەکەویتەوە، بەڵام باشترە بیرکردنەوەکانت زۆر نەگریت هەتا بیرکردنەوەو وێنەیترت بۆ بێت. تۆ سەر بەستی و کەس ناتوانی سنورت بۆ دابنێ کە بیر لە چی بکەیتەوە یان باز بەسەر کام بیرکردنەوەدا بدەیت.( بیر لە پەیوەندیەکانت بکەرەوە، لە ڕەفتارەکانت، لە کارکردنت، لە کەسە نزیکەکانت، دەتویست چی بکەیت و چیتکرد لە جیاتی، زۆرتر بەچیەوە سەرقاڵ بوویت، سەرکەوتنەکانت چۆن بوون، ئایا بە گشتی دڵت خۆش بوو یان نا، چی زیاتر تۆی دڵخۆش کردووە و چی زۆرتر بێزاریکردووی، شانازی بە چ کردارێکتەوە دەکەیت و ......تاد)
پاش پێنچ خولەك کە چاوت کردەوە، هەوڵبدە ئەو شتانەی کە دەزانی بۆت گرنگ بوون لەسەر کاغەزەکە بیاننوسیت. دەتوانی شتەکان بە دوو لیستە بنوسی. لیستێکیان ئەو شتانەی تیا بنوسە کە دڵگرانی کردبوویت، بۆ ئەوەی تۆ ئیتر لەو کارانە نەکەیتەوە و وازیان لێبێنی. لیستەکەیتریان ئەو شتانەی تیا بنوسە کە تۆ دڵخۆش دەکات بۆ ئەوەی تۆ هەوڵ بدەیت لەو کارانە زیاتر بکەیتەوە و بەردەوامبی.


سەرکەوتوبن


www.warzshidaruni.com

گەڕانەوە