ڕاهێنانێك بۆ بەهێزکردنی تەرکیز

چۆپی مەجید

خوێندکاری خوێندنی باڵای سکاندینافیا بۆ ڕاهێنانە دەروونیەکان

تەرکیزکردن و خۆ خاوکردنەوە دوو بناغەی گرنگن بۆ کردنی ڕاهێنانێکی دەروونی دروست و کاریگەر. تەرکیزکردن (سەرنجدان ) واتە دابڕان لە دەوروبەر و تەنها سەرنج خستنە سەر شتێك یان باسێك. بۆیە گرنگە کەتەرکیزمان لە سەر شتێکی ڕاست بێت لە کاتێکی ڕاست دا . هەندێ جار مرۆڤ دوچاری ئەوە دەبێت کاتێك کە لەگەڵ کەسێکی تردا گفتووگۆ دەکات بەجەستە لای کەسەکەیە بەڵام تەرکیزی لەسەر باسەکە نیەو خەیاڵی لە شوێنێکی ترە. بەمەش بارێکی زۆر ناخۆش رووبەڕووی دەبێتەوە بەوەی کە لەوانەیە پرسیارێکی ئاڕاستە بکرێت بەڵام نەتوانیت وەڵام بداتەوە چونکە ئاگای لە کردنی پرسیارەکە نەبووە یان خەیاڵی لەوێ نەبووە. ئەمەش بۆ کەسی بەرامبەر ئەوە پیشاندەدات کە ئەو هیچ ئارەزوویەکی نەبووە بۆ گوێگرتن بۆ باسەکەی بۆیە هەست بە بێ ڕێزی دەکات کە بەرامبەری دەکرێت. یان زۆرجار خوێندکارەکانمان بێزاری دەردەبرن بەرامبەر هەندێ وانەو دەلێن قورسەو هیچ تێناگەین کاتێ مامۆستا بۆمان ڕوون دەکاتەوە، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە ئەگەرێتەوە سەر کەمی تەرکیزکردن بۆ تێگەشتن لەکاتی ڕوونکردنەوەی وانەکەدا. ئەمەش لە دەسەڵاتی خوێندکارەکەدا نیە کە بیرکردنەوەکانی زاڵ دەبن بەسەریداو نا‌هێڵێت تەرکیزی تەواوی هەبێت لەسەر وانەکەو لە ( ئێستا ) دادەبڕێت.

بۆئەوەی کە لەئێستادا بژیت پێوستە بە توانا بیت لە تەرکیز کردندا و بتوانی هەموو هەستەکانت لەو کاتەدا بەکاربهێنیت. بۆ ئەم مەبەستەش کردنی ڕاهێنانی بەهێزکردنی تەرکیز بەهۆی تەکنیکێکی ڕاهێنانی دەروونیەوە ئەتوانیت کۆنترۆڵت هەبێت بەسەر خۆتداو تەرکیزت باشتر بێت.

یەکێك لە تەکنیکە کاریگەرەکانی ئەم ڕاهێنانە بەم شێوەیە دەبێت:

لە شوێنێکی ئارام و بێ دەنگ مۆمێك داگیرسێنە و لە دووری مەترێك یان زیاتر لە مۆمەکەوە دانیشە، هەستەکانت بکەرەوە و بۆ ماوەی پێنج خولەك سەیری مۆمەکە بکە. هەموو نیگاو سەرنجەکانت بخەرە سەر مۆمەکەو هەست بە گەرمی مۆمەکەو جوانی ڕەنگی ئاگری مۆمەکە بکە، با هەموو بیرکردنەوەکانت لەسەر مۆمەکە بێت و مەهێڵە هیچ بیرکردنەوەیەك هەستەکانت بەرێت. بێگومان لەسەرەتای کردنی ئەم ڕاهێنانە بیرکردنەوەت بۆ دێت بەڵام هیچ بێزار مەبەو کۆڵ مەدە ، دەستبەجێ ئەو بیرکردنەوە لاوەکیانە ببڕەو تەرکیز بخەرەوە سەر مۆمەکە. بەم شێوەیە تۆ خۆت فێر ئەکەیت کە کۆنتڕڵت هەبێت بەسەر خۆتداو ئاسانتر ئەتوانیت زاڵ بیت بەسەر ئەو بیرکردنەوانەدا کە لەویستی خۆتدا نیەو باشتر تەرکیز بخەیتە سەر ئەو شتەی کە خۆت مەبەستتە.

هەفتەی یەکەم ڕۆژانە لە کاتێکی دیاری کراودا بۆ ماوەی پێنج خولەك ئەم ڕاهێنانە بکە. هەفتەی دووەم ماوەی ڕاهێنانەکە ڕۆژانە چەند خولەکێ زیاد دەکەیت تا ماوەکەی دەگاتە بیست خولەك.

ئەتوانیت بۆ ماوەی دوو هەفتە یان زیاتر ئەم ڕاهێنانە بکەیت خۆت بڕیار بدە چەندت پێویستە و کەی هەست دەکەیت توانای تەرکیزکردنت بەهێزتر بووە.

مەبەست لەم تەکنیکە لە ڕاهێنانە دەروونیەکاندا تەنها ئەوە نیە کە تۆ هەمیشە پیویستت بە مۆمێك هەبێت بۆ سەرنجدان، بەڵکو تۆ ئەتوانیت ئەم تەکنیکە بگونجێنیت لە زۆربەی بارەکانی ژیاندا کە تۆ لەوێدا زیاترین تەرکیزت پیویستە بۆ نمونە لە کاتی ( خویندنەوەدا، گویگرتن لەکەسێك، سەیرکردنی فیلمێك، نوێژکردن، مێدیتاشون...هتد).

دەروون بەهێز و ئاسودەبن

گەرانەوە