ئایا من کەسێکی گونجاوم؟

 

ڕاهێنەری دەروونی عەبدوڵا تۆفیق

01/12/2014

لەوانەیە تۆ ڕۆژێك کەوتبیتە دۆخێکەوە لەوێدا پرسیارت لەخۆت کردبێ، ئایا من کەسێکی گونجاوم بۆ ئەو کارە؟ ئایا من دەگونجێم لەو شوێنەدا؟ ئایا من وەك مرۆڤێك گونجاوم؟ تاد.

لەوانەیە لەسەردەمێکدا ئەم پرسیارە لە هەندێ شوێن و بواردا جێی خۆی گرتبێ. بۆ نمونە لە بواری جەنگ و بەرەنگاربوونەوەدا. لەوێداهەتا شەڕکەرێکی باش بویتایە تۆ گونجاوتر دەبووی. واتە لە شەڕدا، ئازایەتیەکەت  گونجاندنی تۆی پیشاندەدا. لە بواری کشتوکاڵیشدا هەتا خێراتر دروێنەت بکردایە و کات کۆبکردایەتەوە و شیرت بدۆشیایە، تۆ گونجاو دەبوی  بۆ ئەو کارە.

ئەگەر بیرێك لە خۆ گونجاندنمان بکەینەوە دەزانین کە زۆربەی جار گونجاندنمان پەیوەستە بە کات و سەردەمەکان، کە ڕەنگە ئێستا ئێمە لەگەڵ ئەو کاتەدا نەگونجێین.

ئێستا سەردەمێکی ترە، بەڵام هەمان پرسیار دەکرێ و دەمانەوێ بگونجێین لەگەڵ ئەو شتەدا کە ئارەزووی دەکەین، یان کاری لەگەڵ دەکەین. دەبێ خۆمان بگونجێنین هەتا باوکمان لێمان ڕازی بێ، دەبێ باش کار بکەین هەتا  بەرپرسی کارەکەمان بە گونجاومان دابنێ بۆ کارەکەمان، دەبێ شێوەمان جوانبێ و خۆمان باش بڕازێنینەوە، هەتا سەرنجی دەوروبەرمان بۆ خۆمان ڕابکێشین و لێمان ڕازی بن.

 هەوڵدان بۆ خۆ گونجاندن کاری باشە، بەڵام نەك لەبەر کەسێك یان دەوروبەرمان. لەبەر ئەوەی ئەوشتەی کە تۆ زۆرترین هەوڵی خۆ گونجاندنی بۆ دەدەیت هەتا تەواو گونجاندنەکەت پەسەند بکات، ئەوە زۆر کەم روودەدات  کە ئەوان بەو شێوە تۆ ببینن.

ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئێمە گروپیکی ترمان هەیە، کە ئەوان هیچ خۆیان بە خۆگونجاندن و مانای خۆگونجاندنەوە هیلاك ناکەن. ئەو گروپە خۆیان ئازاد کردووە لە خۆگونجاندن، چونکە ئەوان خۆیانن کە بڕیاردەدەن کە خۆگونجاندن چ مانایەك بەوان دەبەخشێ. ئەو گروپە ئەوانەن کە دەڵێن خۆ گونجاندن پێویستە لە ناو خودی تاکەوە سەرهەڵبدات نەك کەسانێکی تر بڕیاربدەن کە ئەوان لەوێدا دەگونجێن یان نا. خۆ گونجاندن لای ئەوان پەیوەندی نیە بەوەی کە ئەو تاکە خاوەنی چیبێ، یان چەند کەشخەو جوان بێ، یان لە فەیسبوکەکەیدا چەند کەسی هەبێ، یان چ تایتلێکی هەبێ، یان نیشتەجێی چ شار و کۆڵانێك بێ، و سەر بە کام پارتی سیاسی بێ و چەند دەستی بڕوات،  تاد.

من لەو بڕوایەدام ئەوانەی کە وەك ئەو گروپە بیردەکەنەوە کەمن، لەبەر ئەوەی زۆربەمان چاوی خەڵکی کۆنتڕۆڵی کردووین.

لە ڕاستیدا تۆ گونجاوی، ئەگەر خۆت بناسی و خۆت بڕیار بدەیت، ئەگەر بروات بەخۆت هەبێ و ئەو کارە بکەیت یان ئەو هاوڕێیانە هەڵبژێری کە خۆت لەگەڵیاندا ئاسودەیت. بەڵام پێویستت بە بوێری و باشتر متمانە بە  خۆکردن هەیە.

سەرکەوتوبن     

   www.warzshidaruni.com

گەڕانەوە