ئایا بەتەنها هەڵەی بەرپرسەکانە

                                                               


ڕاهێنەری دەروونی عەبدوڵا تۆفیق

24/022015

ئێمە وەك کارمەند یان کەسێکی ئاسای هەمیشە چاوەڕێی شتی گەورەین لە بەرپرس و سەرۆکەکانمان. بەردەوام داواکاری گەورەمان هەیە. ئەوان دەبێ گوێمان لێبگرن و بیرۆکەکانمان بەهەند وەربگرن، کە هەمیشە بە توانابن لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا، کە هاوسەنگی بپارێزن، دادپەروەربن و سەرئەنجامی باشیان هەبێ. دەمانەوێ کە سەرکردەکانمان بتوانن لە کۆبوونەوەکاندا سەرنجڕاکێشانە شتەکان باس بکەن و ئەرێنی بن، ئەگەرچی ڕەخنەی توندیشیان ئاڕاستە بکرێت ئەوان دەبێ هەر دڵ گەورەبن.
لە زۆر شوێنی کاردا فەرمانبەران زۆر باسی دەستەی بەڕێوبەرایەتی کارەکەیان بە خراپی دەکەن. تەنانەت ئەگەر لەگەڵ ئەو کۆمەڵە فەرمانبەرەدا بۆچوونت یەك نەخەیت و گلەییان لێبکەیت بۆ ئەو قسە خراپانەیان بەرامبەر بە سەرۆك کارەکەیان، ئەوا وات ناو دەبەن کە تۆ ماساوچێتی بۆ بەرپرسەکان دەکەیت و دەترسی کە کارەکەت لەدەست بچێ.
زۆر کەس وادەزانێت کە ئەوە هەقی خۆیەتی کە دەبێ بە باش و خراپ ڕەخنە بگرێت لە دەستەی بەڕێوبەرایەتی کار. تەنانەت لە پشت بەرپرسەکانیشەوە خراپ باسکردن بوە بە دیارە. هەتا کارمەندە ڕەخنەگرەکان زۆرتربن ئەوا لە کۆتایدا زیاتر و زیاتر لایان پەسەند دەبێ.
بۆی هەیە لەو بارانەدا بەرپرس یان سەرۆکێك ببێتە تابلۆیەك و کارمەندەکانیش بە فلچەی بۆیەی ڕەنگاو ڕەنگەوە خەتی پێابهێنن. بۆ کارمەندەکان زۆر ئاسانتردەبێ کە هەموو کارە خراپەکان بخەنە ئەستۆی سەرکردەکەیانەوە. بەڵام زۆر ئاسانیش ئەوەیان لەبیر دەچێ کە سەرکردەیەکیش مرۆڤەو لە گۆشت و ئێسقانە و مێشکی وەك مێشکی هەموو مرۆڤێکیتر دەتوانێ هیلاك ببێ.
لێرەدا دەبێ ئەوە بزانین کە هەندێ سەرکردەو بەرپرس هەن کە بەڕاستی خراپن و شایانی سەرکردایەتی نین، وە بۆ کارمەندەکانیش دەڵێم بەڕاستی ئێوە بەختتان نەبووە کە هەمیشە سەرۆك و بەرپرسی خراپتان هەبووە. ئەوەی لێرەدا زۆر جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو ڕەخنانەیان، هەر کارمەندەکان خۆشیانن کە دەستیان هەیە لە خراپبوونی کاروباری فەرمانگەکەدا و زۆرجار چەواشەی خەڵك و بەرپرسەکانی پێدەکەن. ئەی ئەگینا کێیە کارەکان وا بەلاری دەبات و بەئەنجامی دەگەیەنێت. کاتێك کارەکەیان باش بەڕێ دەچێت لەکاتەدا دەڵێن کە ئەوە ئەوانن کە بەتوانان، هەر شتێك بەرەو لاری و خراپی ڕۆی ئەوکاتە بۆیان ئاسانە کە دیسانەوە بەرپرسەکەیان ڕاخنەباران بکەن.
بەڵام ئەوان وەك کارمەند کەمترین کات دەوێرن ڕەخنە لە خۆیان و شێوەی کارکردنی خۆیان بگرن.
هەر بۆیە ئەمەش شتێکە کە بیری لێبکەیتەوە. لە هەموو بارەکاندا هەڵەکان هی سەرکردەکان یان بەرپرسەکان نین.


سەرکەوتوبن


www.warzshidaruni.com
 

گەڕانەوە