ئاوڕێك لە ساڵی ٢٠١٠ بدەرەوە

 

 

لە ڕێنماییەکانی عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

 

وا خەریکە کۆتایی ساڵی ٢٠١٠ یەت. ئایا لەم ساڵەدا فێری چی بوویت کە لە گەڵ خۆتدا بیبەیت بۆ ساڵی ئایندە؟

ئێستا وەختی ئەوە هاتووە کە کاردانەوەیەکمان هەبێت  بەسەر ئەو ساڵەدا کەوا خەریکە ماڵئاوای لێدەکەیت. بەڵێ، تەنها کەمێکمان ماوە، بەڵام ئایا بیرت لێکردووەتەوە کە چۆن تێپەڕی؟ هەر بەو شێوەیە بوو کە خۆت بەرنامەت بۆ دانابوو یان هەر بەرنامەت نەبوو کە چۆن ئەم ساڵە بەڕێ بکەیت؟ فێری هیچ بوویت یان تۆش لەوانەی کە بەگرنگی نازانی کە چۆن تێپەڕێ؟

من بە شبەحاڵی خۆم زۆر بیرم لەو هەموو ڕۆژە پڕ لە ئەرك و کۆششانەی خۆم کردووەتەوە و کە ئەکرا زۆر باشتر جێبەجێیان بکەم.

ئێمە لە ڕاهێنانە دەروونیەکاندا فێری ئەوە بووین کە ڕۆژانە پێش نووستنمان بەسەر ئەو ڕۆژەدا بێینەوە کاردانەوەیەکمان هەبێت، کە کردارە باش و خراپەکانمان ببینینەوە و بە باشەکانمان هەست بە دڵخۆشی و گەشەکردنی کەسایەتی بکەین و لە خراپەکانمان سود وەربگرین. هەموو ئەزانین کە جامی پێشەوەی ئۆتۆمبیلێك بۆ ئەوەی بەردەمی خۆمانی پێببینین زۆر گەورەتر و فراوانترە لەو ئاوێنەیەی کە دواوەی ئۆتۆمبیلەکەمان (خۆمان) ی پێ ئەبینین، ئەمەش پڕۆسەیەکی باشە بۆ داهاتوو بینین و سەرنجدان و کۆششمان بۆ ئایندە، ئەوەی کە ڕۆی ئەبێ تەرکیزێکی کەمتر و وزەیەکی کەمتری بدەینێ. 

بۆ ئەوەی ئێمە بە شێوەیەکی ئاسان بتوانین کاردەنەوەمان هەبێت بەسەر ئەم ساڵەدا، من بەباشی ئەزانم کە بتوانین لەگەڵ خۆماندا ( ٣ شتی ئەرێنی و ٣ شتی نەرێنی) لە زۆر بواری جیا جیادا لەگەڵ خۆماندا ببەین بۆ ساڵی ئایندە.

بەم شێوەیە بکە:

سێ شتە ئەرێنیەکان. لەو بارانەدا تۆ هەستت بە کامڵبوون، هەستت بە دڵخۆشی، بە گەشەکردنی خۆت وەك مرۆڤێك، ئاسودەی، سەرکەوتن کردووە. کە تۆ ئەم سێ شتە لەگەڵ خۆتدا ئەبەیت بۆ ساڵی ٢٠١١ با ببێتە هاندەرێك بۆ کاری باشتر و هێنانی خۆشی. بە هۆی ئەم  شتە باشانەوە تۆ بۆت ئاسانتر ئەبێت کە بڕوا بەخۆت بکەیت کە تۆ خاوەن سەرچاوەیەکی گەورەیت و ئەو شتەی بتەوێ ئەتوانی بنیاتی بنێی هەرەك چۆن ئەو شتانەت بە ئەنجام گەیاندووە. ئەوەی گرنگ و مەبەستە لێرەدا ئەوەیە کە تۆ ئەم شتە باشانە لە مێشکتا لە ناو نائاگایتا پڕۆگرام بکەیت.  پڕۆگرامکردنی ئەم شتانە لەو بوارە جیا جیانەی ژیاندا بۆیە پڕۆگرام ئەکەیت بۆ ئەوەی تۆ لە ژێر خواستی خۆتدا سەرهەڵبداتەوە، تۆ تەنها بەبیرکردنەوەیان وەك فلیمێك هەمووی ئەبینیتەوە و تیایدا ئەژیتەوە. ئەم بارە لە نائاگایدا ئەمێنێتەوە و خۆت کلیلی کردنەوەیت بەدەستە، ئەگەر تۆ خۆت فێری کۆنتڕۆلی هەستەکان و وێنە خەیاڵەکانت بکەیت.

پاشان سێ شتە نەرێنیەکان. تۆ چۆن سێ شتی باش لەگەڵ خۆتدا ئەبەیت بۆ ساڵی ئایندە بەو شێوەیەش پێویستە کە سێ شتی خراپیش کە لە تۆدا ڕوویانداوە لەگەڵ خۆتدا بەریت بۆ ساڵی ئایندە کە نەدەبوو ڕوویان بدایە. سێ شت لە سێ بواری جیاوازدا کە بۆ نمونە لەوێدا هەستت بە شکست کردووە، بە کەمی، وازت لە پڕۆژەیەکی گرنگی ئەو ساڵەت هێنابێت کە دەکرا سەکەوتنی باش بەدەست بهێنی،  هەڵەیەك کە کێشەی دوای خۆی بەجێهێشتبێ، بیرکردنەوەیەکی خراپ کە کاتێكی زۆرو گرنگی بۆتۆ شێواندبێ، سستی لە کارێکدا...تاد. تۆ ئەڕۆیتەوە ناو ئەو بارانەو لێی ئەکۆڵیتەوە کە هۆی چی بوو تۆ نەتتوانی بە ئامانجەکانت بگەیت. تۆ بەم شێوەیە باشتر لە خۆت تێ ئەگەیت و خۆت ئەناسی، ئەمە ئەبێتە ئەزمونێکی باش بۆ تۆ نەك خراپ. وە لە کۆتایشدا ئەوە ئەزانی کە کەس نیە بێ هەڵەبێت، بەڵام دووبارەکردنەوەی هەڵەکان دڵگرانی بەدەواوەیەو هەستکردنە بە سستی لە گەشەکردندا.

 

ئومێدەوارم لە هەڵەکانمان سود وەربگرین و ساڵی ئایندە ساڵێکی پڕ لە گەشەکردنی باش بێت بۆ تەواوی مرۆڤایەتی.

 

سەرکەوتوبن

 

www.warzshidaruni.com  

 

گەڕانەوە