ئەوەی کە هەتە هی خۆت نیە


ڕاهێنەری دەروونی عەبدوڵا تۆفیق

22/3/2015


ئایا تۆ ڕۆژێك دانیشتویت پرسیار لە خۆت بکەیت کە تۆ چیت هەیە و خاوەنی چیت؟ لەوانەیە ئەگەر کاتێك بدەیت بەخۆت، ئەوکاتە تۆ ناوی زۆر شت بهێنی کە خۆت بە خاوەنیان بزانی. بەڵام ئەوەت بیر نەچێ کە ئێستا شتەکان هی تۆن لەوانەیە سبەنێ یان کاتژمێرێکیتر هەموو شتەکان و ژیانت گۆڕانکاری زۆری بەسەردا بێت، چیتر ئەوانە هی تۆ نەبن، بۆیە هەوڵبدە سود لە ئێستا وەربگرەو لە ئێستادا بژی.
کەمێك بیربکەرەوە: ئەو دەسەڵاتەی کە ئەمڕۆ هەتە، ئەو کورسیەی کە لەسەری دانیشتوی، ئەو هەناسەی کە ئێستا دەیدەیت، ئەو دڵەی کە بە جوانی لێدەدات، ئەو مێشکەی بیرکردنەوەت ئەداتێ،ئەو قاچانەی کە پێی دەڕۆیت و پێی دەوەستی، ئەو دەستانەی کە کاریان پێدەکەیت، ئەو چاوەی کە پێی دەبینی، ئەو لەش ساغیەت، ئەو ماڵەی کە تیایدا دەژیت، ئەو پارەیەی کە هەتە، ئەو کەسە نزیکانەی کە هەتن، ئەو مناڵ و خێزانەی کەهەتە، ئەو بردەرانەی کە هەتن، ئەو تەلەفونانەی کە لە دۆستەکانتەوە بۆت دەکرێت، تەنانەت ئەو ڕۆحەی کە هەتە و تاد، هەموویان لەوانەیە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا گۆڕانکاریان بەسەردابێت و لەدەستیان بدەیت.
ئێمەی هەڵەبچەی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا زۆر لە دۆست و کەسی نزیك و ماڵ و سامانمان لەدەستدا، دەیان ساڵی ویست هەتا ماڵ و سامان دروست بوویەوە، بەڵام دۆست و خۆشەویتسانمان کە لەدەست چوو دروست نابنەوە.
هەزاران نمونە هەن لەوێدا مرۆڤەکان لەچرکە ساتێکدا ئەندامی لەشیان لەدەست داوە بۆ هەتاهەتایی و پێویست بووە کە ئەوان لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەدا خۆیان بگونجێنن.
مرۆڤ پێویستە هەندێجار سەیرێکی خۆی بکات و هەست بەوە بکات کە ئەو هەیەتی، لەبەر ئەوەی ئێستا هی ئەوەو ئەتوانێ هەستیان پێبکات، بەڵام هیچ گەرەنتیەك نیە کە ئەو بتوانێ سبەینێ هەستیان پێبکات.
هەست بەو بەخششە خواییانە بکە و سوپاس گوزاربە، لەوانەیە سبەینێ بەهۆی نەخۆپشیەکەوە گۆڕانکاری بسەردابێت و فریا نەکەوی و نەتوانی پاشگەزببیتەوە. هەوڵبدە هەتا دەتوانی میهرەبانبە لەگەڵ جەستەو ڕۆحی خۆتدا، لەگەڵ کەسە نزیکەکانت و هاوڕێکانتدا، ڕیزی ئەوە بگرە کە ئەمڕۆ پێویستی بەتۆیە لەوانەیە سبەینێ تۆ پێویستت بەوبێت، ئەو دەستەلاتەی کە هەتە وابزانە تەنها بۆ تاقیکردنەوە دایانناویت و هەرکاتێك بێ لێتی دەسەننەوە بۆیە هەوڵبدە بە ویژدانبی،ئەو سامانەی کە هەتە بزانە چۆنی بەکار دەهێنی ڕەنگە لەبەر نەزانیت هەموویت لەدەست بچێ، ئەو کارەی کەدەیکەیت وابزانە کامێرات بەسەرەوەیەو دەبینرێیت بۆیە تا دەتوانی با کارەکەت پاك بێ.
 

سەرکەوتوبن


  www.warzshidaruni.com
    

گەڕانەوە