ئەوەی دەیڵێی با ئەرێنی بێ

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

30/05/2014

دەگێڕنەوە، ڕۆژێك قەشەیەكی کاتۆلیکی بانگدەکرێت کە سەردانی نەخۆشخانەیەك بکات بۆ کلینیکی دڵ، بۆ ئەوەی هەندێ شتی دینی بخوێنێت بەسەر یەکێك لە نەخۆشەکاندا کە لە سەرەمەرگدایە. قەشەکە بە هەڵە دەچێتە لای نەخۆشێکیتر کە لە نزیك ئەو نەخۆشەیە کە ئەو دەبێ سەردانی بکات. قەشەکە هەندی شتی دینی بۆ ئەو نەخۆشە دەخوێنێت و پاش ١٥ خولەك نەخۆشەکە دەمرێ. بەڵام ئەو نەخۆشەی کە قەشەکە بۆ لای ئەو بانگکرابوو چوار ڕۆژیتریش ژیا. ئایا ئەمە بۆچی ڕوویدا؟ لەوانەیە زۆر بۆچوونی جیاوازمان هەبێ، بەلام ئەم بەسەرهاتە بەڕاستی ڕوویداوەو لە کتێبی گێرانەوەی (تەندروستی دەروونناسیدا لە لایەن ڕیدێن/ ستێن سترئۆم) نوسراوە.

ئەم بەسەرهاتە زۆرێك لەو ڕەفتار و وتانەی بیرخستمەوە کە زۆرجار گوێمان لێدەبێت. ئەو وتانەی کە زۆرجار مرۆڤەکان تێكدەشکینێت و نەخۆشی دەخات. یەکێك لەو وتانەی کە ئێمە بەیەکتری دەڵێین یان بەخۆمانی دەڵێین ئەو وتە نەرێنیانەن کە لەکاتێکدا کەسێك بەهۆی هەر بارودۆخێکەوە بێت، ماندوبوونی پێوە دیاربێ. کەچی ئێمە دەیخەینە بەر پرسیارەوە و بێ بیرکردنەوە لە دەرەنجامی وتەکەمان، پێی دەڵێین: تۆ زۆر ماندو نەخۆش دیاری. نەخۆشی یان کێشەت هەیە؟

هەموو تاکێکمان ڕۆژێك لە ڕۆژان لەم وتانەی بەرەو ڕوو بووەتەوە، کەتێك کە کەمێك ماندووبوون بە ڕوخسارمانەوە دیاربووە. لە ڕووی دەروونیەوە کاریگەریەکی نەرێنی بەهێز دەکەوێتە سەر کەسەکەو زۆرجاریش ئەوەی کە بەو شێوەیە وتەکە دەردەکات بەداخەوە ئەو براوە دەبێت و کەسەکە ماندووەکە لەش و دەروونی دەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی وتەبیژەکەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە کەسەکە بڕوا بەو وتەیە بێنێت، کە بەڵێ ئەوە ڕاستە و ئیتر ئەم وا ماندوو نەخۆش دیارە.

با لە ئەمڕۆوە بیر لەم بەسەرهاتانە بکەینەوە، کە ئەگەر چی بەشێوەیەکی دۆستانەو شیرینانەش ئەو جۆرە وتانە بە کەسێك بڵێین. ئێمە نازانین کە چ کاردانەوەیەکی نەرێنی لای کەسەکە ڕوودەدات و چۆن کار لەگەڵ ئەو وتەیەماندا دەکات، لەبەر ئەوەی ئێمە جیاوازین لە وەرگرتنی وتەدا. هەر لە ئەمرۆوە ئەگەر کەسێکت بینی کە کەمێك هیلاك و ناساغ دیاربوو، بیرت بکەوێتەوە کە چی پێدەڵێیت، لەبەر ئەوەی زۆرکەس ئەوە وەردەگرێ کە تۆ پێی دەڵێیت. ئەوەی تۆ دەیڵییت دەتوانێ ببێتە ڕزگارکەر یان داڕمانی دەروونی و لاوازکردنی جەستەی کەسێك. ئەوەی تۆ دەیڵێی یان وزە بەخشە یان وزە دزە. کەوابوو ئەوە بڵێ کە دەبێتە هۆی دروستکردن و گەشەسەندنی کەسێك نەك شکاندنی. شتێك بڵێ کەسێکی پێ هەڵسێنیتەوە.

هەروەها بیر لەوەش بکەرەوە کە کاتێك هەست بە ناڕەحەتیەك دەکەیت، کە دەچیتە بەر ئاوێنە لە دڵەوە چ جۆرە وتەیەك بەخۆت دەڵێی؟ ئەگەر وتەکانت نەرێنیە، ئەوا با بەس بێ! ئێمە دەبێ لە گەڵ خۆشماندا میهرەبانبین، ئەگینا لەگەڵ خەڵکیشدا زمانمان زبر و شکێنەر دەبێ.

www.warzshidaruni.com

سەرکەوتوبن

گەڕانەوە