ئاگرو مێدیتاشون

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

٣٠/١١/٢٠١٣

زۆرجار مرۆڤ دەکەوێتە ناو سەرنج و تێبینیەکانیەوە کە بۆچی هەندێجار بەرامبەر مرۆڤەکان لەکاتی مێدیتاشونکردنیاندا مۆمێکی داگیرساو یان ئاگرێك دەبینرێت. ئەگەر بەوردی و کەمێك کات بدەین بەخۆمان بۆ بیرکردنەوە ئەوا دەزانین کە ئاگر مانایەکی گرنگتری هەیە لەوەی کە بەو سادەییە تێیبڕوانین.

لە کۆندا کاتێك کە ئێواران خۆر دیارنەدەماو ئاوا دەبوو، تەنها سەرچاوەیەکیان بۆ ڕۆشنای بریتیبوو لە ڕووناکی مانگ و ئاسمان و ئەستێرەکان، هەروەها لەگەڵ داگیرسانی ئاگردا. مرۆڤ بە ملیۆنەها ساڵ لەبەر ئاگردا دانیشتووەو شەوان و تاریکی بەو شێوەیە بەسەربردووە، بەهۆی گەرمیەکەیەوە لەسەرما خۆی پاراستووە. لەوانەیە ئەمە هۆکاریك بێت بۆ بەکارهێنانی ئاگر لەکاتی میدیتاشونکردندا.

هەمیشە ئاگر دڵخۆشیەك بووە بۆ مرۆڤ، سەرچاوەی گەرمی، ڕۆشنایی، توانیومانە بەهۆیەوە پارێزگاری خۆمانی پێبکەین. بێگومان ئاگر مەترسیدارە، بەڵام دەتوانین خۆمانی لێبپارێزین، ئەگەر بەڕاستی و هۆشیارانە بەکاری بهێنین. دانیشتن لە نزیك ئاگردا شەوانە و لەتاریکیدا جۆرێك لە ئارامبوونەوەی بەخشیووە بە مرۆڤ. هەر لەو دانیشتنانەدا مرۆڤەکان چیرۆکیان گێڕاوەتەوە و باسی بەسەرهاتی ئەو ڕۆژەیانکردووە کە ئەوان بەسەریان بردووە. توانیویانە ئازادانە بیربکەنەوە یان هەر لە بێدەگیدا دابنیشن و لەتەماشای ئاگرەکەیاندا نوقمی ئارامی ببن و لەگەڵ لەرینەوەی ئاگرەکەدا هەست بە دەروونیان بکەن، هەتا هێدی هێدی خەوێکی قوڵ دەچووە چاویان و دوونیایان لەئارامی و دڵنیایدا بەجێدەهێشت. ئاگر ئارامکەرەوە بووە، بیرهێنەر بووە هەروەها بەتەواوی گرنگ بووە بۆ بەردەوامبوونی ژیانمان.

بەداخەوە لەم سەردەمەی ئێستاماندا ئەو گرنگیەی ئێواران و ئاگر وەك خۆی نەماوە و وونبووە، هەروەك چۆن دانیشتنێکی بێدەنگیش نەماوە کە تەنها بیت لەوێداو هیچ نەکەیت. هەروەك دەبینی کە ئەگەر لە ژووری میوانێکدا ئاگردانێك هەبێت، ئەوا وەك خۆشگوزەرانی و سەرمایەداری و کارێکی دەگمەن تەماشا دەکرێت، لەبەر ئەوەی وا باسدەکرێت کە ئەو ماڵە کاتیان هەیە بۆ ساتێك ئارامی. لەم سەردەمەی ئیستاماندا کاتێك کە تاریکی دایەت بەتەنها بە سەری پەنجەیەك تەواوی ماڵەکەت پڕ لە ڕۆشنای دەکەیت. ئێمە دەتوانین چەند گڵۆپمان بوێت دایگرسێنین، بۆئەوەی دیسانەوە دەسبکەینەوە بەکار و سەرقاڵی و جوڵە. ئەمەش وایلێکردووین کە ناتوانین تەنانەت بە ئێوارانیشدا خۆمان بین و پشوو بدەین.

لە ڕاستیدا ئێمە ئەو ساتانەمان دۆڕاندووە کە کاتی خۆی مرۆڤەکان ئۆتۆماتیکی بە ئیواراندا ڕۆدەچوونە ناو دەروونی خۆیانەوەو لە پشوودابوون و وازیان لە هەموو چالاکیەکانیتر دەهێنا، بەتەنها بە چواردەوری ئاگرەکەوە بوون و وزەی نوێیان وەردەگرتەوە. ئەگەر چی مانای ئیواران و شەوان ئەوەیە کە مرۆڤەکان هەروەك هەموو زیندەوەرانیتر بچنەوە ماڵی خۆیان، کە خوای خالقمان بۆ حەوانەوە و ئارامبوونەوەی داناوە ئەگینا هەمیشە دوونیا ڕووناك و خۆر ئاوا نەدەبوو.

ئێمە لەبری ئەو ڕەفتارانەی ئەوان ئیستا بەدیار تەلەفزیۆن و ئینتەرنیتەوە دادەنیشین و ئەگەر چی مۆمێکیش یان ئاگرێکمان داگیرساندبێ بە تەنیشتمانەوە، بەڵام ئەو مانایە سەر لەنوێ ووندەکاتەوە کە تەنها خۆتبی ئەگەر تەواوی جالاکیەکانت ڕانەگرتبێ و نەتکوژانبێتەوە. ئێمە بەسەیرکردن و سەرنجمان لە تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت زۆربەی جار فریوو دەدرێین، کە کاتمان نەبێ بیر لەخۆمان بکەینەوە، بەڵکو خەلکی تر هەمیشە سەرنجراکێشتر ئەبن لەلامان، بیر لە ژیانی کەسانی ناو تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت دەکەینەوە. ئەم ڕەفتارانەشمان دەبێتە هۆی ئەوەی کە هیچ دەرفەتمان نەبێ کە بزانین چی دەگوزرێ لە ناو خۆماندا لە جەستەو دەروونماندا یان لە ماڵەکەماندا. هەمیشە بە وێنەو ڕۆشنایی و کاڵا ئەلەکترۆنیەکان خۆمان بۆردومان دەکەین. پێویستە کە ئێوارانمان بۆ دانیشتن و کەمێ بێدەنگی و کەمکردنەوەی جوڵە تەرخان بکەین، بەڵام مەخابن ئەو هۆکارانە تەندروستی دەروونی مرۆڤی ئەم سەردەمەی ئێستای سترێس و نائارام، نادڵنیا و کەم خەو کردووە.

گەڕانەوەیەك بۆ ئەو سەردەمانە لە ڕێگەی بیرکردنەوەکانمان و خۆخستنە ناو ئەو کاتانە و بە لاسایکردنەوەی ئەوان دەتوانین دیسانەوە ئارامیەکی باش بدۆزینەوە، کە دووربکەینەوە لە سترێسی ئێواران هەتا خەوێکی باشمان هەبێ. هەر بۆیە زۆر لەو مرۆڤەکان کەدەیانەوێ مێدیتاشون بکەن لەبەرامبەر ئاگردا، ئەوان گەرمیەکی خۆش هەست پێدەکەن، سەرنجیان بۆ شەپۆلی هەواو بەرکەوتنی بۆ ئاگرەکە تەماشا دەکەن کە دەبێت بەجوڵەیەکی باشی دەروون و هەستکردن بە پشوو، خاڵی کردنەوەی مێشكیان لەبیرکردنەوە جەنجالیەکانیان، وزەی نوێ وەرگرتن، تەرکیزیان بەهیز دەکەن، ئارامگر دەبن، خۆشی وەرگرتن لەو دیسپلینەی کە هەیانە، بەلانس کردن و هارمۆنی بوون لە دەروون و جەستەیاندا، ڕۆچوونە ناو خود، ڕاهێنانی هەناسە و هەست بەخۆکردنە، وە هەستی لە ئێستا ژیانیان زیاتر دەکات.

سەرکەوتوبن

 www.warzshidaruni.com

گەڕانەوە